هێمای ئازایەتی و ئیرادە : ئاڵژین

ئاڵژین لە باخەکانی زەیتوونەوە بەشداری تێکۆشانی ئازادی کرد. بە ئازایەتی و ئیرادە ناسراو بوو، بە ئیرادەی بەرزێک کە هەیبووی بەشداری کاروانی هەمیشە زیندووانی ڕێگەی ئازادی کرد.

ئاڵژین گیڤارا لە ساڵی ١٩٩٧ لە حەڵەب لەدایک بووە، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە ناوی خواوەندی زەنوبیا ناونراوە. زەنوبیا یەکێکە لە خواوەندەکانی میزۆپۆتامیا و هێمای هێز، پیرۆزی و ئازایەتی ژنە. لەبەر ئەوەی لە شارێکی کولتووری و مێژوویی وەک حەڵەب لەدایک بووە، لەدایک بوون و ژیانی کاریگەری زۆری لەسەر دەبێت، هێمای زەنوبیا کاریگەری لەسەر کەسایەتی و ژیانی ئاڵژین گیڤارا دادەنێت. زەنوبیا بە جەنگاوەرێکی ئازا و نوێنەری بەهاکانی ژن ناسراوە. هەروەها کەسایەتی ئاڵژین بە ئازایەتی، سەربەخۆیی و ڕۆحی تێکۆشان دەناسرا.

ساڵی ٢٠١١ کە ئاڵۆزییەکانی سوریا دەستی پێکرد، سەرەتای خەبات و گۆڕانکاری لەناو زۆربەی پێکهاتەکانیش دەستی پێکرد. لەو ماوەیەدا ژنان و گەنجان چالاکانە دەستیان بە خەباتکرد. ئەوکاتە ئاڵژین گیڤارا چالاکانە پەیوەندی بە یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە دەکات.

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٣، ئاڵژین گیڤارا پێشەنگی بەرخۆدان بوو لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەڵەب. ئەم دوو گەڕەکە، ناوەندی بزووتنەوەکانی بەرخۆدان بوون. ئاڵژین بە هەڵوێستە ئازایانەکانی لەم سەردەمەدا سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا. بەشداریی بەرخۆدانی جەماوەری و کۆمەڵایەتیەکان دەکرد.

ئاڵژین لە ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە بۆ عەفرین، لە کاتێکدا کە تێکۆشان بۆ ڕزگاری ژنان و یەکسانی جێندەری زیاتر پێشکەوتبوو، ئەرکی نوێی گرتە ئەستۆ. عەفرین بوو بە ڕەمزی بەرخۆدان و ئاڵژین هەوڵیدا ڕۆڵی خۆی لەم ناوچەیەدا لە ئاستێکی بەرزدا بگێڕێت. بە پەروەردەی لە تێکۆشانی سابۆتاژدا، ئەنجامێکی سەرنجڕاکێشی بەدەستهێنا. لە هەموو ئۆپەراسیۆنەکاندا ڕەوڵێکی کارای هەبوو لە جەوهەری بەرخۆدانی عەفرین دا، ئاڵژین لە ١ی ئەیلولی ٢٠١٦ شەهید بوو.

ئامینە ڕەشید یوسف، دایکی شەهید ئاڵژین، باسی کچەکەی (زەنوبیا ئەحمەد خلۆ) کرد.

کەسێکی باش و بەرپرسیار بوو

ئامینە ڕەشید یوسف سەبارەت بە کچەکەی ئاڵژین گیڤارا وتی: "ئاڵژین چالاک و زیندوو بوو؛ بەڵام ئەو منداڵێک نەبوو کە خەڵکی بێزار یان ماندوو بکات. ئاڵژین خوشکێکی هەبوو کە ساڵێک لە خۆی گەورەتر بوو. ساڵێک دوای یەکتر بەشداری یەپەژە بوون. ئەوان وەک دوانە بوون. قەد لە یەکتر جیا نەدەبوونەوە، ئاڵژین بە بەرپرسیارانە سەیری دەوروبەرەکەی کرد. هەستیار بوو و دەوروبەرەکەی خۆشدەویست. نەیدەویست ساتێکی ژیانی بەفیڕۆ بدات. حەزی لە پرسیارکردن فێربوونی شتی نوێ بوو.

ئاڵژین زۆر دڵسۆزی بنەماڵەکەی بوو. من و باوکی زۆرمان خۆشدەویست. لە منداڵیدا زۆر کۆمەڵایەتی بوو. تەنانەت لای دراوسێکان خۆشەویست بوو، زۆر حەزی لە پرسیار بوو پرسیارەکانی زۆر جیاواز بوون.

دایە ئامینە سەبارەت بە خوێندنی کچەکەی دەڵێت: "ئەو خوێندکارێکی سەرکەوتوو بوو، مامۆستاکانی خۆشیان دەویست. ئەگەر ڕۆژێک نەچووبایە بۆ قوتابخانە، هاوڕێ و مامۆستاکانی بەخێرایی پرسیاریان دەکرد. مامۆستاکانی دەیانگوت زەنوبیا داهاتوویەکی جوانی دەبێت. وابوو ئەو بە ڕێگای حەقیقەتدا ڕۆیشت و لە کۆتاییدا لە ڕێگای ئازادیدا شەهید بوو."

دایە ئامینە دەڵێت بەردەوام گۆرانی سەبارەت بە سەرۆکایەتیدا دەوتەوە، لەو تەمەنە گەنجەدا زۆر دڵسۆزی بۆ سەرۆکایەتی هەبوو. ئاوازەکانی بوون بە سەرچاوەی ژیان بۆخۆی.

'وتمان رێگات رۆشن و کراوە بێت و بە دەستی خۆمان بەڕێمان کرد'

دایە ئامینە باسی لەوەشکرد، ئاڵژین لە ساڵی ٢٠١١ بۆ ماوەی مانگێک چووە پەروەردەی خۆپاراستن و دواتر بڕیاریدا پەیوەندی بە تێۆکۆشانی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە بکات، بە من و باوکی گوت دەیەوێت بچێیتە خۆلی پەروەردە و ڕاهێنان. ئێمە ڕێگامان لێ نەگرت. بە دەستی خۆم ئامادەکارییم بۆ کرد و ناردم. دوای مانگێک پەروەردە و ڕاهێنان گەڕایەوە. بەردەوام باسی هاوڕێکانی دەکرد. دوای ماوەیەک بڕیاریدا بەشداری تێکۆشانی ئازادی کوردستان بێت. دیسان من و باوکی ڕێگریمان لێ نەکرد."ئێمە بە دەستی خۆمان بەڕێمان کرد."

دایە ئامینە دەڵێت بۆ یەکەمجار لە ٨ی ئاداری ٢٠١١ بینیم، کاتێک بینیم زۆر پەرۆش بووم و گریام.  پێکەنی و وتی مەگری و فرمێسکەکانمی سڕییەوە. ئاڵژین زۆر گۆڕابوو، ببوو بە خاوەن کەسایەتیەکی جیاواز زیاتر لە جاران هەستی بەبەرپرسیارێتی دەکرد، ئاڵژین لە ١ی تەمموزی ٢٠١٦ شەهید بوو بەڵام هەمیشە لەدڵی ئێمە و هەموو هەڤاڵان و گەلەکەیدا ماوەتەوە و بەردەوام یاد و خەونەکانی بەرز ڕادەگرین."