بە دیمەن

جەژنی زمانی کوردی لە کانتۆنی فورات بەجۆشەوە پیرۆزکرا

دەستەی پەروەردە و فێرکردنی کانتۆنی فورات، زانکۆی کۆبانێ و سەزەکە جەژنی زمانی کوردیان بە جۆشەوە پیرۆز کرد.

جەژنی زمانی کوردی

لە ١٥ ی ئایاری ١٩٣٢ بە پێشەنگایەتی جەلادەت عەلی بەدرخان لە پایتەختی سوریا، لە شام گۆڤاری هاوار بڵاوکرایەوە. ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێک لەلایەن دەستەی پەروەردە و فێرکردن و زانکۆی کۆبانێ و سەزەکە وەک جەژنی زمانی کوردی پیرۆز دەکرێت. لە کۆبانێ بۆ پیرۆزکردنی جەژنی زمانی کوردی گەل لە گۆڕەپانی شەهید عەگید بە جلوبەرگی کوردی کۆبوونەوە و بە درووشمی "زمانی گەلێک، هەبوون و شكۆی گەلەکەیە" ئاهەنگێک ئەنجامدرا.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی کانتۆنی فورات بەکر جەراد ڕایگەیاند سەدەیەکە کاری نامرۆڤانە بۆ لەناوبردن و قڕکردنی ناسنامەی کوردی و بەتایبەت زمانی کوردی ئەنجامدراوە، هاوکات بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردی چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین ئەنجامدراوە، گوتی: "بەڵام لە قەسری شیرین و سایکس بیکۆ کوردستانیان دابەش کرد، ویستیان ئەم زمانە بە زمانێکی بیانی بگۆڕن. بەڵام لەڕێگەی شۆڕشەوە زمانەکەمان گۆڕا بۆ قۆناغێکی نوێ و بەمەش زمانەکەمان گەیشتە ئاستێکی هەرە بەرز". 

جێگری ئەنجوومەنی جێبەجێکار مزگین خەلیل ڕایگەیاند گەلی کورد گەلێکی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و لە میزۆپۆتامیا پێشەنگایەتی مرۆڤایەتی کردووە، گوتی: "لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەت نەتەوەکان، زمانەکەمان ڕووبەڕووی قڕکردن و پەراوێزخستن بووییەوە، بەرامبەر سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردن، دەیان ڕۆشنبیر و ئەدیب تێکۆشان و لەسایەی ئەوانەوە ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەین".

هەروەها لەلایەن سەزەکەوە خوێندکارە یەکەمەکانی پەروەردەی زمانی کوردی خەڵاتکران.

پاشان چالاکییەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.