خەڵکی دەیرەزۆر ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر هێرشەکان

خەڵکی دەیرەزۆر ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر هێرشەکانی حکومەتی شام و گوتیان "ئامانجی ئەم تاوانانەی چەکدارانی گرووپی دیفاع وەتەنی و گرووپەکانی تری حکومەتی شام، نانەوەی فیتنە و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمەکەیە".

ڕێپێوان لە دەیرەزۆر

مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیای کانتۆنی دەیرەزۆر بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی چەکدارانی حکومەتی شام بۆ سەر گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر ، ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ڕێپێوانەکە لەبەردەم بینای مەجلیسی بەڕێوەبەری بە بەشداری خەڵکی دەیرەزۆر و شێخ و ڕیشسپیان، نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هێزە ئەمنییەکان دەستی پێ کرد، لە چوارڕیانی سەبع کیلۆ وەستا.

لەوێ ئەندامی بەڕێوەبەری مەجلیسی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، سەنا محەمەد گوتی: "لەکاتێکدا گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت گەلی سوریا دژی ڕژێمی دیکتاتۆر و نەتەوەپەرست تێکۆشانێکی مێژوویی دەکەن لەپێناو ئازادی خۆیان. ئاستی تاوانی دڕندانە و بەربەری دژی ژنان و مناڵان و گەلی دەیرەزۆر زیاتر دەبن".

سەنا ڕایگەیاند ئامانج لە تاوانەکانی دیفاع وەتەنی و گرووپەکانی تر، نانەوەی فیتنە و تێکدانی سەقامگیری هەرێمەکەیە.

سەنا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و تاوانە نامرۆڤانەکانی شەرمەزار کرد.

 هەروەها بانگەوازی لە خەڵکی هەرێمەکە کرد نەکەونە داوی فیتنەکانەوە و دەسکەوتەکانی شۆڕش بپارێزن.