خەڵکی مەنبەج دژی هێرشەکان ڕێپێوانیان کرد: خاکەکەمان دەپارێزین

دانیشتووانی کانتۆنی مەنبەج هێرشەکانی حکومەتی شامیان بۆ سەر دەیرەزۆر شەرمەزار کرد و گوتیان: "هێرشەکان بێ وەڵام ناهێڵین، لە هەموو هەلومەرجێکدا خاکی ئەم وڵاتە دەپارێزین".

بنەماڵەی شەهیدان و ئەندامانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی مەنبەج و مەجلیسی سەربازی و شێخ و ڕیش‌سپیانی عەشیرەتەکان و سەدان دانیشتووی کانتۆنەکە بە ڕێپێوانێک هێرشەکانی حکومەتی شام و چەتەکانی دیفاع وەتەنیان بۆ سەر گوندەواری دەیرەزۆر شەرمەزار کرد.

ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی جەزیرە تا چواڕیانی ژنان بەردەوام بوو. ئەندامی فەرماندەیی مەجلیسی سەربازیی مەنبەج قەیس ئەلعەجلانی ڕایگەیاند هێرشی سەر خاکەکەمان قبووڵ ناکەین، گوتی: "هێرش بکرێتە سەر هەرێمێکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئێمە وەڵام دەدەینەوە. ئامادەین خاکی ئەم وڵاتە بپارێزین".

لە ڕیش‌سپیانی هۆزی ئەلبوبەنا، خالد ئەلعەجوز ڕایگەیاند وەک پێکهاتەکان داگیرکاری و دەستوەردانی حکومەتی شام ڕەتدەکەنەوە، گوتی: "هۆز و پێکهاتەکانی هەرێمەکە بۆ ئەوەی بازرگانی لەسەر خوێنی سورییەکان نەکرێت، ڕێپێوانیان کرد".

هەروەها گوتی: "ڕووداوەکانی ئەم دواییە دەریخست، حکومەتی شام و هاوبەشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکە، هەردووکیان لەسەر خوێنی گەلی سوریا ڕێککەوتوون".

ڕێپێوانکەران درووشمیان بەرزکردەوە و جەختیان لەیەکێتی گەلانی هەرێمەکە کردەوە.