کۆنگرەی ستار لە دژی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازێکی بۆ گەلان بڵاوکردەوە

دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی ستار-ڕۆژئاوا ئەو کۆمەڵکوژییە ئیدانەی کرد، کە دەوڵەتی تورک لە شاری قامیشلۆ ئەنجامیدا.

دەستەى بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار-ڕۆژئاوا دەربارەی ئەو کۆمەڵکوژییە، کە دەوڵەتی تورک لە گەڕەکی هلێلی لە شاری قامیشلو ئەنجامیدا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"وەک هەموو رۆژێک لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشێلکاری و تاوانی دژ بە هاووڵاتییانی مەدەنی، کە خاک، شکۆ و دانیشتوانی خۆیان دەپارێزن، ئەمڕۆ دیسانەوە جارێکی تر هاووڵاتییانی مەدەنی کرانەوە ئامانج. ئەمە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە  مرۆڤایەتییە. ئێمە وەک گەل لەسەر خاکەکەمانین و کار بۆ ژیانێکی هاوبەش لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا دەکەین و وەک گەلی کورد خاوەنی هێڵ و پرۆژەیەکین، کە داوای دامەزراندن و چەسپاندنی بنەماکانی نەتەوەیی دیموکراتیک دەکات.

ئێوارەی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گەڕەکی هلێلی لە شاری قامیشلو ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی بۆردومان کرد. ٣ کەس لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، کە ئەندامانی یەک خێزان بوون و سەرقاڵی جێبەجیکردن و دابینکردنی ئەرکی رۆژانەى خێزانەکەی خۆیان بوون لە شارەکەدا. لەو بۆردومانەدا باوکی ڕۆحی بنەماڵەکە و باپیری بنەماڵەى گولۆ، یوسف گولۆ، مەزڵوم گولۆ و محەمەد گولۆ شەهید بوون. ئێمە لە دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەى ستار بە توندی ئەو هێرشە ئیدانە دەکەین.

ئەو کردارە نیشانەی مایەپووچبوونی دەوڵەتی تورکە. ئەمڕۆ هاوڵاتیانی مەدەنیی کردە ئامانج بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامیی هەرێمەکە لاواز بکات و بارودۆخێکی شڵەژاو و ئاڵۆز دروست بکات، کردنە ئامانجی ئەو خێزانە وڵاتپارێزە، کە لە پێناو ژیانێکی شکۆمەندانەدا قوربانیی زۆر گرانبەهایان داوە، هەوڵێکە بۆ ئەوەی پرۆژەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر لە جەوهەر و سروشتی خۆی دوور بخەنەوە.

ئێمە داوا لە هەموو لایەنەکانی سەر خاکەکەمان دەکەین، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاک و دانیشتوانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوەستێنن، هەروەها داوا لە ڕێکخراوەکانی بواری مافەکان و یاساکان و رێکخراوە مرۆییەکان دەکەین کە بە خێرایی دەستوەردان بکەن بۆ راوەستاندنی ئەو تاوانە دڕندانانە".

ژ.ت