لە دێرک گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد بە رێپێوانێک شەرمەزارکرا

گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزار کرد.

دەوڵەتی تورک ٧ی ئایار بە پاساوی 'سزای دیسپلین' دیداری بنەماڵە و پارێزەرانی لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدووڵا ئۆجالان بۆ ماوەی ٣ مانگی دیکە قەدەغەکردەوە. دانیشتوانی شاری دێرک، گرکێ لەگێ، چلئاغا و تلکۆچەر بە رێپێوانێک بریارەکەیان شەرمەزار کرد.

رێپێوانەکە لەبەردەم گەراجی شاری دێرک دەستیپێکرد. بەشداربووان وێنەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پلاکارد بە نوسراوی "ئازادی جەستەیی و دادپەروەری بۆ رێبەر ئاپۆ"یان بەرزکردبووەوە.

رێپێوانەکە لە ناوەندی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا وەستا و گۆڕدرا بۆ گردبوونەوە. لەوێ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) لقی گرکێ لەگێ ئیدریس ئەحمەد وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە گرنگی فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ گەلانی هەرێمەکە و گەلانی بندەست کرد.

ئەحمەد وتی، "دەسەڵآتداران هەژمونخواز ئازادی، یەکسانی و نەتەوەی دیموکراتیک قەبوڵ ناکەن، هەربۆیە رێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیان بە دیل وەرگرتووە و گۆشەگیرییان لەسەر توندتر کردووەتەوە، بۆ ئەوەی نەهێڵن ئەندێشەکانی ئەو لە جیهان بڵاوببێتەوە. بە بڕیارەکانی خۆیان درێژە بە پێشێلکاری دەدەن".

ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ هێنانەدی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، دەبێت تێکۆشان بەهێز بکرێت.

ئەندامی ئەنجومەنی شارۆچکەی تل کۆچەر عەلی عوبەید، بێدەنگی هێز، رێکخراوەکانی بواری یاسا و مافەکانی مرۆڤی لە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی زیندانیانی سیاسی و پێشێلکردنی بنەما نێونەتەوەییەکان شەرمەزار کرد.

عوبەید دەستنیشانی کرد کە گەلی هەرێمەکە بێدەنگ نابن و لە گۆڕەپانەکان دەبن تا ئەو کاتەی ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر دەکرێت.

چالاکیەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" کۆتاییهات.

هـ . ب