لە دەیرەزۆر ٨ سەرباز کوژران و ١٦ برینداربوون

سەرچاوەکانی لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕایانگەیاند، لەو شەڕەی لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە دەیرەزۆر ڕوویدا، ٨ سەرباز کوژراون و ١٦ برینداربوون.

هێزەکانی حکومەتی سوریا و چەتەکانی دیفاع وەتەنی سەر بە حکومەت، لە ٧ ی ئاب لە کاتژمێر ٢:٠٠ لە بەرەکانی هەرێمی مەیادین و بو کەمال و ئەشعەریەوە، هەرێمەکانی زیبان و شحێل و تیان و دەرنیج و ئەبو حەردوب و ئەبو حەمام و ئەل لاتوا و خرانیجی ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆریان بۆردوومان کرد.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزەکان بە فەرمانی سەرۆکی "هەواڵگریی گشتی" دیمەشق، حوسام لۆقا ویستویانە لە شارۆچکەکانی بەقریسی سەروو و بەقریسی خواروو و و قوریە و سیبێ خانی ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆرەوە بچنە نێو هەرێمەکە.  

بەپێی ڕاگەیاندراوی ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە، لە هێرشەکان بۆ سەر گوندەکانی دەیرەزۆر ٢ مەدەنی شەهیدبوون و ٧ مەدەنی برینداربوون کە ٢ مناڵی تێدایە.

لە نزیک گوندەکانی بەسیرە زیبان و شحێل و دەرنیج و ئەبو حەردوب و ئەبو حەمام و ئەل لاتوا و خرانیج، لەنێوان هێزەکانی مەجلیسی سەربازی دەیرەزۆر و گرووپە هێرشکەرەکان شەڕێکی سەخت ڕوویدا.

فەرماندەی هەرێمەکە ڕایگەیاند پاش شەڕێکی ٤ کاتژمێری قەسەدە توانی هێرشەکە تێکبشکێنێت.

لە شەڕەکەدا ٨ سەرباز کوژراون و تەرمی ٣ هێرشکەر کەوتنە دەستی قەسەدە و ١٦ هێرشکەر برینداربوون.

هێزەکانی مەجلیسی سەربازی لە شارۆچکەی ئەبو حەمام ڕێکاری ئەمنیان گرتەبەر و لە شارۆچکەکانی تر قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیاندرا، بازگەکان زیاتر کران.

گوندنشینان بەهۆی بۆردوومانی چەتەکانەوە ناچاربوون ماڵەکانیان  جێبهێڵن و بچنە دەوروبەری عەزبە و سۆر لە باکووری دەیرەزۆر.