لە هێرشی چەتەکانی داعش ١٧ سەربازی دیمەشق کوژران

ڕاگەیاندرا لە هێرشی چەتەکانی داعش لە هەرێمی ڕەسم ئەلکوم لە دەشتاییەکانی سوریادا، ١٧ سەربازی حکومەتی دیمەشق کوژراون.

بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر)، چەتەکانی داعش لە هەرێمی حومس هێرشیان کردۆتە سەر ٣ بنکەی سەربازی حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سەر بەو حکومەتە.

ڕاگەیاندراوە، لە هێرشەکاندا لانی کەم ١٧ سەربازی حکومەتی دیمەشق کوژراون، حکومەتی دیمەشقیش هیچ ڕاگەیاندراوێکی بڵاونەکردۆتەوە.

هێرشە گەورەکەی چەتەکانی داعش لە سوریا لە ١٩ ی نیسان پێکهات، لە دوو هێرشەدا لە ناوچەکانی حکومەت بەتایبەت لە شاری حومس، ٢٨ سەربازی حکومەتی شام و ملیشیاکانی لایەنگری حکومەت کوژران. بەگوێرەی سۆهر زۆربەی کوژراوەکان سەر بە گرووپێکی چەکداری فەڵەستینین بە ناوی سەرایا ئەلقدس.

بەگوێرەی سۆهر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە هێرش و بۆسە و تەقینەوەکانی داعش، بەتایبەت لە هەرێمی دەیرەزۆر و حومس و ڕەقە، لانی کەم ٢٩٩ سەربازی دیمەشق و هێزە لایەنگرەکانی کوژراون.