هه‌واڵی به‌په‌له‌: بانگەوازی مێژوویی لە ڕێبەر ئاپۆوە

لە هێڵی حەڵەب و عەفرین-شەهباوە بە سەدان کۆچبەر گەیشتنە رەقا

دوای هێرشەکانی سەر رۆژئاوا و باکور-رۆژهەڵاتی سوریا، لە هێڵی حەڵەب و عەفرین- شەهباوە بەسەدان کۆچبەر گەیشتنە ئەو ناوەندانەی لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە ئامادەکراون.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە سەدان کۆچبەر لە شاری حەڵەب و کانتۆنی عەفرین – شەهباوە گەیشتنە کانتۆنی رەقا.

کۆچبەران لەو ناوەندانەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئامادەی کردبوون، نیشتەجێ دەکرێن.

ژووری قەیرانەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە کانتۆنی رەقا دوێنێ (٢ی کانوونی یەکەم) رایگەیاندبوو کە ئامادەن بۆ پێشوازی لە کۆچبەرانی حەڵەب و کانتۆنی عەفرین-شەهبا.

لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا ١٠ خوێندنگە ئامادەکراون و لە یاریگای بەلەدیش لە ناو شاری رەقا خێمە هەڵدراون. لەو شوێنانە پێداویستییەکانی خۆگەرمکردنەوە، خواردن و خواردنەوە تەندروستی دابینکراون.

جێگری هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کاری کانتۆنی رەقا منەوەر ئەلمەجید باسی لەوەکرد کە ژووری قەیران سەرجەم پێداویستییەکانی دانیشتوانی حەڵەب و شەهبا دابین دەکات و سەرجەم دامەزراوەکانیش لە ئامادەباشیدان.

 

روونیشیکردەوە، ١٠ چادرگەی گەورە، هۆڵێک و ١٠ خوێندنگە بە خواردن و خواردنەوە و جێگە و رێگەی پێویست ئامادەکراون.

 

دانیشتوانی رەقاش بەهانای کۆچبەرانەوە دەچن و لەو بارەوە منەوەر ئەلمەجی وتی، "یەکەم جار نییە کە دانیشتوانی رەقا هاریکاری پێشکەش بە کۆچبەران دەکەن، پێشتریش چەندین جار بە هانای ئەو کەسانەوە چوون کە ئاوارەی کانتۆنەکەیان بوون".