لە قامشلۆ چالاکیەکانی ٨ی ئازار بەردەوامن

لە کانتۆنی قامشلۆ بەبۆنەی ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژنان چالاکی هونەری ئەنجامدران و سەمینار سازکران و پارکێک بۆ منداڵان کرایەوە.

لە کانتۆنی قامشلۆ چالاکیەکانی ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژنان بەردەوامن. ڕێکخستنی نودەمی خاوەن پێداویستی تایبەت چالاکیەکی هونەری بە ئامادەبوونی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەوادەکانیان لە پارکی خوێندن لە گەڕەکی چەلەبی شاری قامشلۆ ئەنجامدا. لە چالاکیەکەدا جیهاد سادۆ ئەندامی ڕێکخستنەکە قسەی کرد و ٨ی ئازاری لە هەموو ژنان پیرۆز کرد.

شاعیر روکەن سلۆ شیعرێکی لەبارەی ژنان پێشکەش کرد و دواتر گۆرانی و هەڵپەڕکێ پێشکەشکران.

چالاکی بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.

تربەسپی

لە ناوچەی تربەسپی ئاهەنگێک بە بەشداری دانیشتوانی شاروچکەکانی ماشوق و ئەبۆ فیرار لە بەنداوی مزگەوتێ ئەنجامدرا.

مۆنتەها خەلیل هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شاری ماشوق قسەی کرد و رایگەیاند کە ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تیرۆریان تێکشکاند و هەموو ژنیان ڕێکخست.

مورادی محەمەد ئەندامی بەڕێوەبەری پەیەدەش گوتی،  پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە یەکگرتن دەتوانن دەستکەوتەکانی شۆڕش بپارێزن و ئاماژەی بە ڕۆڵی ژنان لە پێکهێنانی مۆدێلی ژیانی هاوبەش و ئاشتتی ناوخۆیی کرد.

لەلایەکی دیکەوە نوسینگەی ژنانی شارەوانی گەلی شاروچکەی تەل مەعروفی تربەسپی باخچەیەکی منداڵانی بە ناوی ' شەهید زۆزان جوودی' کردەوە.  بەدەیان کەس لە دانیشتوانی شاروچکەکە بەشداریان کرد.

باخچەکە لەلایەن دایکی شەهیدان زۆزان جوودی و تۆڵهەڵدان رامانەوە کرایەوە.

دواتر ئەڤین تەمیر خوشکی شەهیدان زۆزان و تۆڵهەڵدان قسەی کرد و ٨ی ئازاری لە هەموو ژنان پیرۆز کرد.

بەشیر تەمیر مامی زۆزان و تۆڵهەڵدان تێکۆشانی ژنانی کوردستان بەرز لەقەڵەمدا و رایگەیاند کە تێکۆشانی ژنانی کوردستان لە سایەی هزر و فەلسەفەی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەل کورد بووەتە سمبوڵی ئازادی بۆ هەموو جیهان.

چلئاغا

کۆنگرەی ستار لە ناوچەی چلئاغا سیمینارێکی بۆ پیاوان ئەنجامدا. سیمینار لە نوسینگەی پەیەدە پێشکەش کرا. سیمینارەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. خەلیل مەجید ئەندامی پەیەدە قسەی کرد و وتی، " چەندین ساڵە تێکۆشانی ژنان لەبەرانبەر سیاسەت و کردەوەکان بۆ ئازادی بەردەوامە."

گرکێ لەگێ

کۆمیتەی ژنانی ئەنجومەنی گەلی شاروچکەی مستەفاویەی گرکێ لەگێ پێشانگایەتی وێنە و کاری دەستی  و جلوبەرگی فلکلوری کردەوە. لە مەراسیمەکەدا فاتیمە شێخۆ ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمیتەی ژنانی ئەنجومەی گەلی شاروچکەکە قسەی کرد و وتی، " ٨ی ئازار لە ژنان و خانەوادەی شەهیدان پیرۆز بێت."

دەرگای پێشانگاکە لەلایەن ئەمینە فەرهۆ هاوسەری شەهیدی قەسەدە و زەلفا بەدرۆ دایکی شەهید بەسێی هەپەگەیی بە دروشمی 'سڵاو لە بەرخۆدانی ژنان' کرایەوە.

دێرک

لە دێرک بەڕێوەبەری قۆتابخانەی شەهید عومەر سەرخوەبوونی ئامادەیی شاروچکەی خانا سەری ئاهەنگێکی سازکرد. لە ئاهەنگەکەدا گۆرانی، شانۆ و هەڵپەڕکی پێشکەشکران. هەروەها گروپی شەهید عومەر لە پێکهاتەی عەرەب گۆرانی فلکلوریان چڕی.

هەروەها کۆنگرەی سترای دێرک پلاکەتیان پێشکەش بە یەپەژە و ئاسایشی ژن کرد.

ف.ق