لە شەداد تەرمی ٦ و لە حەلەبیش تەرمی شەهیدێک بەخاکسپێردران

تەرمی ئەو شەڕڤانانەی کە لە هەنگاوی گورزی گەلاندا شەهید بوون لە شەداد و حەلەب بەخاکسپێردران.

تەرمی شەڕڤانەکانی قەسەدە (خالید سەمیر ئەلحەمود، ئیسماعیل خلێف ئەلحەمەد، سوفیان ئەلئەحمەد، خدر عەلی حەلمحێمێد، ئەحمەد خالید ئەلخدر و عەبدولقادر رافع ئەلرزج کە لە هەنگاوی گورزی گەلاندا لەدژی چەتەکانی داعش لە زیندانی سەناعەدا شەهیدبوون لە شەداد و تەرمی عیسا هۆرۆش لە حەلەب بە مەراسیم و بە بەشداری سەدان کەس و شەڕڤان بەخاکسپێردران.

شەداد

بە سەدان دانیشووانی شەداد و گوند و شاروچکەکانی شاری حەسەکە بەشداریان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەڕڤانەکانی قەسەدە (خالید سەمیر ئەلحەمود، ئیسماعیل خلێف ئەلحەمەد، سوفیان ئەلئەحمەد، خدر عەلی حەلمحێمێد، ئەحمەد خالید ئەلخدر و عەبدولقادر رافع ئەلرزج کرد کە لە هەنگاوی گورزی گەلاندا لەدژی چەتەکانی داعش لە زیندانی سەناعەدا شەهیدبوون. تەرمی شەڕڤانان لە گۆڕستانی شەهیدانی شەداد بەخاکسپێردران.

مەراسیم بە ڕێزگرتن دەستیپێکرد و مەراسیمێکی سەربازی لەلایەن شەڕڤانانی قەسەدە ئەنجامدرا.

لە مەراسیمەکەدا ساییل ئەلزۆبا وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی شەداد قسەی کرد و وتی، " شەهید بەها و شکۆی گەلانیان پاراست. زوڵمی سەر گەل و خاکەکەمانیان قبوڵ نەکرد و لە رێگەی پاراستنی وڵاتەکەیاندا گیانیان بەخت کرد."

سایل ئەلزۆبا بەڵێنی پاراستنی دەستکەوتەکانیدا کە لە سایەی خوێنی شەهیدانەوە بەدەستهێنراون.

ئەلزۆبا وتیشی، " تاوەکو دەوڵەتی تورک هەبێت، شانە شاراوەکانی داعشیش چالاک دەبن. بەو هۆیەشەوە پێویستە ئێمە بە رۆژ و شەو تێبکۆشین بۆ ئەوەی ئەو تاریکیەی کە هەڕەشە لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکە دەکات لەناو ببەین."

هەروەها ئەحمەد ئەسعەد سەرۆکی نوسینگەی کار و باری ئایینی شەدادیش ئاماژەی بە رۆڵی قەسەدە و ئەو باجەی کە بۆ ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکە دەدات کرد و وتی، " ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە قاڕەمانەکانمان بکەین کە بۆ ئازادی و شکۆی ئێمە گیانیان بەخت کردووە. شەهیدان رەققە، دێرەزۆر و منبجیان رزگار کرد و لەبارانبەر شانە شاراوەکانی داعش لە حەسەکە و لە هەموو جێگەیەک بۆ گەل، وڵات و شکۆی ئێمە بەرخۆدانیان کرد."

دوای ئەوەی ناسنامەی هەر ٦ شەهیدەکە لەلایەن ئایات ئیبراهیم ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانەوە خوێندرایەوە، تەرمی شەهیدان رادەستی خانەوادەکانیان کرانەوە. خانەوادەکانیش بەڵێنی بەردەوامیدانیان بە ڕێبازی شەهیداندا.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا تەرمی شەهیدان بە دروشم و هەلهەلەلێدان بەخاکسپێردران.

حەلەب

بە سەدان دانیشووانی گەڕەکی شێخمەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب تەرمی عیسا هرۆ (ماحسوم دۆغان) شەڕڤانی قەسەدەیان بە مەراسیمێک بەخاکسپارد کە ٢٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ لە هەنگاوی گورزی گەلاندا لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش لە زیندانی سەناعەی شاری حەسەکە شەهید ببوو.

دانیشووان تەرمی شەهدیان لە نەخۆشخانەی خالی فەجر لە گەڕەکی شێخمەقسود وەرگرتەوە و بە کاروانێکی سەربازی بەرەو گۆڕستانی بەرخۆدانی شێخمەقسود و ئەشرەفیە لە گەڕەکی شقێف برد. جەماوەرەکە لەو نێوەندەدا دروشمی دڵسۆزی بۆ شەهیدان و پشتگیری لە بەرخۆدانی حەسەکەیان وتەوە.

لە گۆڕستانەکە مەراسیمێکی سەربازی لەلایەن یەپەگە و یەپەژەوە ئەنجامدرا. شەڕڤان عەفرین یەکێک لە فەرماندەکانی یەپەگە قسەی کرد و وتی، دانیشوانی عەفرین بەشداریان لە شۆڕش کرد، بەشداریان لە هەموو هەنگاوەکانی دژی داعش و دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرد و لەم رێگەیەدا و بۆ پاراستنی هەرێمەکە شەهید بوون.

شەڕڤان عەفرین رایگەیاند، لە سەرەتای ئاڵۆزیەکەدا کورد، عەرەب، سوریان و چەرکەز و پێکهاتەکانی دیکە بەرخۆدانیان کرد و دەستکەوتی مێژووییان بەدەستهێنا و لە رێگەی پاراستنی دەستکەوتەکاندا گیانیان بەخت کرد.

رۆشان محەمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی حەلەبیش سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان کرد و وتی، " شەهید خوێنیان دەبەخشن بۆ ئەوەی ئێمە بە شکۆمەندانە بژین. شەهید ماحسوم لەدژی ‌هێرشی چەتەکانی داعش بەرخۆدانی کرد و شەهید بوو، بە رەنجی شەهیدان چەتەکانی داعش لە حەسەکە تارومارکران."

دوای قسەکردنەکان، ناسنامەی شەهید دۆغان لەلایەن بێریتان جەدان ئەنجامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان خوێندرایەوە و تەرمەکەی رادەستی خانەوادەکەی کرایەوە.

تەرمی شەهید ماحسوم دۆغان بە دروشم و هەلهەلەلێدان بەخاکسپێردرا.

ف.ق