لە شەهبا و شەدادی هێرشە داگیرکارییەکان شەرمەزارکران
لە شەهبا و شەدادی بە ڕێپێوان و ڕاگەیاندراو هێرشی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە شەرمەزارکرا و سڵاو لە بەرخۆدانی گەریلا کرا.
لە شەهبا و شەدادی بە ڕێپێوان و ڕاگەیاندراو هێرشی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە شەرمەزارکرا و سڵاو لە بەرخۆدانی گەریلا کرا.
خەڵکی هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە چالاکی جیاواز هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەرمەزار کرد، دووپاتیان کردەوە گەریلاکان لە چیاکانی کوردستان داستانی قارەمانی دەنووسنەوە.
سوپای داگیرکەری تورک بە هاوکاری پەدەکە لە ١٦ ی نیسان دەستی بە هێرشی دژوار کرد بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، دژی ئەم هێرشانە ناڕەزایەتی گەل و بانگەوازی بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشانە زیاتر دەبن.
حەسەکە
خەڵکی ناوچەی شەدادی بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕێپێوانیان ئەنجامدا.
ئەندامی کۆنگرەی ستاری ناوچەی عەریشە، هەنا ئەلسەهال هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی شەرمەزار کرد و بانگەوازی کرد بۆ کۆتایی هێنان بەو هێرشانەی دژی عورف و یاسا نێونەتەوەییەکان ئەنجام دەدرێن.
ئەندامی بەڕێوەبەری مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شەدادی عەودە حوسێن گوتی: "هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هێزەکانی گەریلا کە داستانی قارەمانێتی لە چیاکانی کوردستان دەنووسنەوە، شەرمەزار دەکەین".
حوسێن گوتی: "ئامانجی ئەم هێرشانە تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکە و گەڕاندنەوەی حکومی عوسمانییە".
ڕێپێوانەکە بە درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بەگیان بە خوێن لەگەڵتین ئەی شەهید" کۆتایی هات.
شەهبا
پارتە سیاسییەکان لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا لە ناوچەی ئەحداس بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکان ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هێرشەکان شەرمەزارکران و دووپاتکرایەوە، ڕژێمی تورکیا بەردەوامە لە دوژمنایەتی دەوڵەتانی درواسێ بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و ئارامی، هێرشەکانی ئەم دواییەش بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا تۆڵەی شکستێتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، هەروەها دەرخەری ڕووی ڕاستەقینەی پەدەکە و هاوکارییەتی لەگەڵ داگیرکەران.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکرایەوە، پێویستە هەمووان بەرەنگاری هێرشەکان ببنەوە و بانگەواز لە گەلی عێراق کرا دژی پەدەکە بوەستنەوە.