لەماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس گەیشتوونە هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەریی
سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری کۆچبەران شێخموس ئەحمەد رایگەیاند، کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردودا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس پەڕیونەتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی.
سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری کۆچبەران شێخموس ئەحمەد رایگەیاند، کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردودا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس پەڕیونەتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری کۆچبەران لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شێخموس ئەحمەد رایگەیاندووە، لە ماوەی دوو رۆژدا ژمارەیەکی زۆر خێزان ناچار بوون لە حەلەب و کانتونی عەفرین-شەهبا کۆچ بکەن و پێشوازییان لەو خێزانانە کردووە.
شێخموس ئەحمەد هێمای بۆ ئەوەشکرد، کە ژمارەی ئەو خێزانانەی کۆچبەربوون و لە ناوەندەکانی حەواندنەوەی ئاوارەکان لە رەقا و تەبقا نیشتەجێکراون، ٢٠ هەزاری تێپەڕاندووە.
ئەحمەد دۆخی کۆچبەرانی بە کارەساتبار ناودێر کرد و جەختی کردەوە کە سەرباری هەموو هەوڵەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ نیشتەجێکردنەوەیان، تائێستاش سەدان بنەماڵە لە بیابانەکاندان. ئەوەشی بەبیرهێنایەوە، کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دژواری و لەمپەری زۆری لەبەردەمدایە.
شێخموس ئەحمەد سەبارەت بە نیشتەجێکردن و حەواندنەوەی کۆچبەرانیش وتی، "سەرەتا لە تەبقا و رەقا پێشوازیمان لە کۆچبەران کرد و بەشێوەی کاتی ئەوانمان لە خوێندنگەکانی شار و گوندەکان حەواندەوە. بەهۆی ژمارەی زۆریانەوە بەشێکیانمان رەوانەی کانتۆنەکانی فورات و جزیرە کرد. ژووری قەیرانەکان لە کانتۆنی تەبقا ٢٣٥ شوێن کە زۆرینەیان خوێندنگەن و لە شاری رەقاش ٦٠ شوێن کراونەوە. لە هەر ناوەندێک نزیکەی ٦٠ خێزان نیشتەجێکراون".
ئەحمەد لە درێژەدا باسی لەوەکرد، کە بەردەوامی شەڕ دەبێتە مایەی کۆچبەری زیاتر و وتی، "دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکاندا بکرێت بۆ ئەوە کەمپی تایبەت دروست بکرێت". هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد، کە تائێستا هیچ پلانێکی تایبەت بۆ دروستکردنی کەمپێکی تایبەت بۆ کۆچبەرانی حەڵەب و کانتۆنی عەفرین- شەهبا لە ئارادا نییە.
شێخموس ئەحمەد سپاسی گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریای کرد کە پێشوازیان لە کۆجبەران کردووە و هاوکارییان پێشکەش کردوون.
سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری کۆچبەران شێخموس ئەحمەد داوای لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە دەرگای سنووری تل کۆچەر بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بکەنەوە و لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەڵوێستێکی جددییان هەبێت.
دوابەدوای پەلامارەکانی چەتەکانی سەربە تورکیا بۆ سەر حەلەب و کانتۆنی عەفرین شەهبا، لە پێناو پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە کۆمەڵکوژی، ئەنجومەنی گەلی عەفرین- شەهبا بریاریدا هاووڵاتیانی مەدەنی بگوازرێنەوە بۆ ناوچە پارێزراوەکان. هەربۆیەش هەزاران کەس لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەرەو هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کۆچیان کرد.