مەجلیسی سەربازیی دەیرەزۆر: ٢٠ کەس کوژران

مەجلیسی سەربازیی دەیرەزۆر ڕایگەیاند دژی کۆمەڵکوژییەکان لە دەحلە و جدید بەگارە چالاکی وەڵامدانەوەیان دژی هێزەکانی حکومەتی شام ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا ٢٠ کەس کوژراون.

فەرماندەیی گشتیی مەجلیسی سەربازیی دەیرەزۆر ڕایگەیاند، بۆ شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکانی دەحلە و جەدید بەگارە کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی شام و چەکدارانی دیفاع وەتەنی ئەنجامدران، چالاکی تۆڵەسەندنەوەیان ئەنجامداوە.

ڕاگەیاندراوەکەی فەرماندەیی گشتیی مەجلیسی سەربازیی دەیرەزۆر دەربارەی چالاکییەکە بەم جۆرەیە:

"بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکانی دەحلە و جەدید بەگارە کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی شام و چەکدارانی دیفاع وەتەنی ئەنجامدران، وە تەواوی شەهیدانی مەدەنی و سەربازی. هێزەکانی مەجلیسی سەربازیی دەیرەزۆر چالاکی تۆڵەسەندنەوەی بەرفراوانیان ئەنجامدا.

چالاکییەکە دژی ٣ بنکەی هێزەکانی ڕژێم و چەتەکانی لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات ئەنجام درا. لە ئەنجامدا ١٨ ئەندامی ڕژێم کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لە چالاکی نیشانەشکێنی هێزەکانماندا، ٢ ئەندامی تریان کوژران. لە چالاکییەکەدا ١١ چەکی کڵاشینکۆف و چەندین کەرەستەی سەربازی کۆکرانەوە.

لەو چالاکییەدا، بنکەکانی ڕژێم لە گوندەکانی کەشما، بولەیل و تۆب لە لای ڕۆژئاوای ڕووباری فورات (ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر) کە لێیەوە هێرشیان دەکردە سەر هەرێمەکانمان، کۆنتڕۆڵکران. ئامانجەکانی چالاکییەکە هاتنەدی و هێزەکانمان بە سەلامەتی گەڕانەوە بۆ بنکەکانیان.

هێزەکانی ڕژێم بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە لە هەڵوێستی گەل کە سیاسەت و هێرشەکانی ڕەتدەکەنەوە، ئەم هێرشانە ئەنجام دەدەن. ئێمە وەک هێزەکانی مەجلیسی سەربازی دەیرەزۆر جەخت دەکەینەوە، کە ئەم چالاکییە هۆشدارییەکە بۆ هێزەکانی ڕژێم و میلیشیاکانی کە ئەگەر بەردەوام بن لە تاوانەکانیان دژ بە گەلەکەمان و هەرێمی دەیرەزۆر، مافی پاراستنی ڕەوای خۆمان بەکاردەهێنین.

سڵاو لە شەڕڤانەکانمان دەکەین کە بەشداری چالاکی تۆڵەسەندنەوەکە بوون. باوەڕمان بە هێزی شەڕڤانەکانمان هەیە، کە ئەگەر هێرش بکرێت، ئەوان دەتوانن خۆیان بگەیەننە بنکە سەربازییەکانی ڕژێم و میلیشیاکانی".