مەسەدە: داعش سوود لە ناکۆکیەکانی نێوان هێزە هەرێمی و جیهانیەکان وەردەگرێت

ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) رایگەیاند، چەتەکانی داعش سوود لە ناکۆکی نێوان هێزە هەرێمی و جیهانیەکان وەردەگرن و بۆیەش هێرش ئەنجام دەدەن.

ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) ئەمڕۆ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لە هێرشی دەوڵەتی تورک لەدژی خەڵکی مەدەنی کرد و هێرشی سەر وێستگەی کارەبای گوندی گر کەندالی دێرکی شەرمەزار کرد.

مەسەدە لە راگەیەنراوەکەیدا، باسی هێرشی چەتەکانی داعشی بۆ سەر زیندانی سەناعەی حەسەکەی کرد و رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەری خۆسەر هێرشەکەیان تێکشکاند و جارێکی دیکە زیندانەکەیان کۆنتڕۆڵ کردەوە و ژمارەیەکی زۆر چەتەیان دەستگیر کرد.

هێرشی داعش گۆڕانکاریەکی مەترسیدارە

مەسەدە هێرشی داعشی وەک گۆڕانکاریەکی مەترسیدار لەقەڵەمدا و باسی ئەوەشی کرد کە داعش بەم هێرشە دەریخست کە ناتوانێت لە هەرێمەکە سەرلەنوێ خۆی ڕێکبخاتەوە و هەوڵ بدات جۆگرافیایەک بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی و ئایدۆلۆژی خۆی بڵاوبکاتەوە.

مەسەدە وتیشی، " داعش سوود لە ناکۆکیەکانی نێوان زلهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا  و ئەفریقا وەردەگرێت. بە تایبەتی ناکۆکی نێوان لایەنەکان کە دەستوەردان لە سوریا دەکەن کە تاوەکو ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی سیاسیان بەدەستنەهێناوە. هەروەها سوود لە لەناوبردنی ئاسۆی چارەسەری لە سوریا و کۆبونەوە نێودەوڵەتیەکان وەردەگرێت کە بێئەنجام ماون لە جنێف و ئاستانا. داعش دوژمنایەتیکردنی بەرێوەبەری خۆسەری لەلایەن دەوڵەتی تورک، هێرشی بەردەوامی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەسەدە و دۆخی نائارامی عێراق لەدوای هەڵبژاردنەکان وەک دەرفەت بینی و خۆی رێکخستەوە. لە کاتێکدا کە ویستی لە حەسەکە چەتەکانی داعش رزگار بکات، هەروەها لە هەمانکاتدا هێرشی کردە سەر هێزە عێراقیەکانیش."

مەسەدە باسی ئەوەی کرد کە پرۆژەی رێککەوتن، سەری نەگرت، حکومەتی دیمەشقیش هەوڵیدا سوود لەوە وەربگرێت و بە پلانێک بە فیتنەی دروست کرد هەوڵیدا لەنێوان پێکهاتەکانی باکوری و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ناکۆکی دروست بکات.

مەسەدە هێرشی ئەم دواییەی بۆ سەر گوندەکانی دێرک و بەئامانجگرتنی وێستگەی کارەبای گر گەندالیشی شەرمەزار کرد.

مەسەدە داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریکا و ڕووسیا کرد کە بەپێی ئاگربەستی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بجووڵێنەوە. هەروەها داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرد کە دەستوەردان بکات و ڕێگری لە سیاسەتی دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورک لە دژی هەرێمەکە بگرێت.

مەسەدە هەروەها بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بە شێوەیەکی هەستیار لەگەڵ دۆسیەی داعش بجووڵێتەوە و لە بەرانبەر ئەو مەترسیە هاوکاری پێویست پێشکەش بکات.

مەسەدە لە کۆتاییدا باسی لە پێویستی هەنگاوی جددی بەرەو چارەسەری سیاسی کرد و وتی، " پێویستە ئەو چارەسەریە بەپێی مەرجەعە نێودەوڵەتیەکان بێت، بە تایبەتی بریاری ٢٢٥٤. جگە لە چارەسەری سیاسی و گۆڕانکاریە دیموکراتیەکان، هیچ رێگەیەک بۆ چارەسەری ئاڵۆزی سوریا و لەناوبردنی داعش نییە."

ف.ق