سوپای داگیرکەری تورک بە پشتیوانی پەدەکە درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لە باشووری کوردستان دەدات. بنەماڵەی شەهیدانی ڕۆژئاوا لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانەوە هێرش و خیانەتی دەوڵەتی تورک و پەدەکە ڕەتدەکەنەوە و هاوکات ڕایدەگەیەنن ئەوان لە بەرەی گەریلاکانی ئازادیین.
بەرواری ٢٨-٢٩ی ئابی ٢٠٢١، گروپێکی گەریلا کە لە ٧ کەس پێکهاتبوون لە خلیفان لە ڕووباری زاپ لەلایەن پەدەکەوە هێرشیان کرایە سەریان و لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ٥ گەریلا شەهید بوون. یەکێک لەو شەهیدانە گەریلا تۆڵهڵدان ڕامان بوو. دایە عایشان تەمیر و ئەڤین تەمیر خوشکی شەهید تۆڵهڵدان کە تا ئێستا نازانن تەرمەکەی لە چ شوێنێکە، سەرنجیان بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و خیانەتی هاوبەشی پەدەکە ڕاکێشا و پشتیوانی خۆیان بۆ گەریلاکانی ئازادیی دەربڕی.
"ئێمە لە پاڵ گەریلاکانمان وەستاوین"
دایە عایشان ناڕەزایی خۆی لە سەر هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا دەربڕی و وتی: "دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر گەریلا وەکوو ئەوە وایە هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا". لە ڕۆژئاوا تا ئێستا لانیکەم ١٢ هەزار کەس لە گەلەکەمان شەهید بوون. با چیتر دڵی دایکان نەسوتێنین و کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنین. لە لایەک هێرش دەکاتە سەر گەل، لە لایەکی ترەوە هێرش دەکاتە سەر گەریلا لە چیاکانی کوردستان. گەریلا ڕۆڵەی ئێمەن. ئەو دەستانە بشکێن کە هێرش دەکەنە سەر گەریلا. دەوڵەتی تورکیا نایەوێت گەلی کورد پارچە خاکێکی هەبێت. ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ ئەوەی لە وڵاتێکی ئازاددا بە ئارامی نەژین. ئەم دەوڵەتە مانەوەی خۆی بە لە ناوبردنی گەریلا دەبینێتەوە. بەڵام ئەگەر پێی وابێت کۆتایی بە گەریلا دەهێنێت، ئەوا لە هەڵەیەکی گەورەدایە."
"با پەدەکە تەرمی توڵهڵدانی من بداتەوە"
دایە عایشان بۆ وەرگرتنەوە ی تەرمی کچەکەی تۆڵهڵدان ڕامان کە بەدەستی پەدەکە شەهید کرا و تەرمەکەی لەدەستی ئەواندایە، بەشداری چالاکیی ١١١ ڕۆژەی دەروازەی سنووری سێماڵکا بوو. دایە عایشان داوای تەرمی کچەکەی کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "تۆڵهڵدانی کچم لە بۆسەی پەدەکەدا شەهید بوو. پەدەکە یارمەتی دەوڵەتی تورک دەدا. سەرەتا بۆسەی دادەنا و دواتر رێگەی دا بە بۆردومانکردنی دەوڵەتی تورک. دواتر خۆی بە کورد ناو دەبات، بەڵام دەستی لە خوێنی کچەکەمدایە. دەوڵەتی تورک و پەدەکە یەکێکن. تۆڵهڵدانی من دوای ئەوەی ڕێبەرایەتی بە دیل گیرا، بڕیاریدا بەشداری گەریلاکان بێت و لە پێناو بەرگریکردن لە دۆزی گەلی کورد تێکۆشان بکات. باشە پەدەکە بۆچی یارمەتی دەوڵەتی تورک دەدات؟ پارتی بەم کارانەی هێڵی خیانەت قووڵتر دەکاتەوە..."
هەروەها خوشکی شەهید تۆڵهڵدان، ئەڤین تەمیر دەڵێت، تەنانەت پێش دەستپێکردنی تێکۆشانی ئازادیخوازی کورد، دەوڵەتی تورک هێرشی جینۆسایدی دژی گەلی کورد ئەنجامداوە و وتی: "لەپێناو بەدیهێنانی خەونەکانی عوسمانیدا، تێکۆشانی ئازادی کورد وەک هەڕەشە لەسەر خۆی دەبینێ. پەکەکە نوێنەر، پێشەنگ و بنیاتنەری دۆزی ڕەوای گەلی کوردە. بەڵام بەداخەوە پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات. ئەگەر بەڕاستی پارتی دیموکراتی کوردستان کوردە، چ پەیوەندییەکی بە دەوڵەتی تورکەوە هەیە؟ خوشکەکەم لە لایەن پەدەکەوە شەهید کرا بەڕاستی جێگای شەرمەزارییەکی گەورەیە. ئەگەر خۆی بە کورد ناو دەبات دەتوانێ بە ڕادەستکردنی تەرمی تۆڵهڵدان و هەڤاڵەکانی سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکات."