قەرەیلان: ئێمە بە ڕۆحی زیلانەوە تێکۆشان دەکەین

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری پەکەکە، یادی زەینەب کناجی (زیلان) کە لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦دا چالاکی فیدایی ئەنجامدا، بەڕێزەوە بە بیر هێنایەوە و وتی: "ئەمڕۆ لە ڕیزەکانماندا هێڵێ زیلان بوون بەهێزترە. ئەمڕۆ بەم ڕۆحیەتەوە تێدەکۆشین."

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری پەکەکە ، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ڕادیۆی دەنگ گەل (دەنگی گەل) دا، سەبارەت بە چالاکییەکەی زەینەب کناجی (زیلان) هەڵسەنگاندنەکانی خۆی خستەڕوو، کە خاڵی وەرچەرخانە لە تێکۆشانی ئازادی کوردستان دا.

موراد قەرەیلان بە ئاماژە بەوەی کە چالاکییە مێژووییەکی زیلان ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەهێزکردن و ئیرادەی ژناندا هەبووە، وتی: "جارێکی دیکە بەڕێزەوە ئەم چالاکییە مێژووییە بەبیر دێنینەوە و سڵاوی خۆمانی ئاراستە دەکەین. ئەمڕۆ زیلان بوون لە ڕیزەکانماندا بەهێزتر بووەتەوە. ئەمڕۆ بەم ڕۆحیەتەوە تێکۆشان دەکەین. گەریلای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ڕۆحی فیدایی بوون و ئاپۆییەوە تێدەکۆشن و بەم شێوەیە وەڵامی بەرپرسیاریەتە سەردەمیەکەیان دەدەنەوە. بەم مانایە جێگەی شانازییە بۆ ئێمە وەکوو هەڤاڵانی فیدایی زیلان کە بە رۆحیەتی زیلانەوە بەردەوام بین لە تێکۆشان."

بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەی قەرەیلان بەم شێوەیەیە:

٤٠ مانگە کە گۆشەگیریی سەپێنراو بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا بەردەوامە. لەبەرامبەردا زیندانیانی ئازادیی و گەلیش لە ئاستێکی دیاریکراودا لە تێکۆشاندان. لەسەر ئەم بابەتە چی ئەڵێن؟

وەک دەزانرێت لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە زۆرێک لە هەرێمەکانی باکوری کوردستان پێکدادان ڕوویداوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان لە هەرێمی گۆڵی داخ، ماوا و پیرۆسا شەهیدمان هەیە. هێشتا ئەنجامی هەندێکیان دیار نین، بەڵام هەندێکیان دیارن. بەڕێزدارییەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانەی هەفتەی ڕابردوو، لە کەسایەتی هەڤاڵان شێخموس، ئاخین و شەرڤاندا بەرز ڕادەگرم و بە حورمەتەوە لە بەرانبەر یادی بەرزیان سەر دادەنوێنم. جارێکی تر بەڵێنێکە کە بە هەڤاڵانمان دابوو دووبارە دەکەمەوە. ئێمە وەفادار دەبین بە بەڵێنەکانمان. ئێمە تۆڵەیان دەکەینەوە و خەونەکانیان بەدی دێنین، هەموو شەهیدانمان لە تێکۆشانی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستاندا بە زیندوویی ڕادەگرین.

لە ڕاستیدا ئەم جۆرە شەهیدانە یەک لە دوای یەک لەم ماوەیەدا بۆ ئێمە قورس بوون. هەڤاڵان کە چاوەڕوانییەکی تایبەتیان هەبوو، شەهید بوون ئەوان خزمەتێکی گەورەیان پێشکەش بە گەلی کوردستان کردووە و دەیانتوانی لە داهاتووشدا درێژە بەو خزمەتانەیان بدەن.

شێخمۆس یەکێک بوو لەو هەڤاڵانەمان کە لە سەختترین بوارەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا، ماوەی ٣٣ ساڵ بە سەرکەوتوویی لە دژوارترین شوێنەکان کارو تێکۆشانی ئەنجامدا. بێ هیچ چاوەڕوانییەک خزمەتی حیزب، شۆڕش و گەلەکەی کرد. هەڤاڵ شێخموس هەڤاڵێک نەبوو کە لەو کارانەی لەم ساڵە دوور و درێژانەدا  بەڕێوەی بردووە و دەتوانین تەمەنێک وەسفی بکەین، کەموکوڕییەکی ڕوون و ڕەخنەی جدیی لەسەر هەبووبێت. لە زۆر ڕووەوە هەڤاڵێکی نموونە و زۆر بەنرخ بوو، بەتایبەتی بەهۆی فەداکاریی، ئازایەتی و گرێدراوبوونی بە هێڵی ڕێبەر ئاپۆ و وڵاتپارێزی قووڵ و ڕۆحی هەڤاڵیەتی، یەکێک بوو لە گەورە زەحمەتکێشانی ئەم شۆڕشە. ساڵانێکی زۆر لە شاخەکانی کوردستان مایەوە. لەوانەیە ماوەیەکی کورت لە دەشتایەکاندا مابێتەوە، بەڵام بەردەوام لە شاخەکانی کوردستان تێکۆشانی بۆ گەلەکەی دەکرد. بە ڕاستگۆیی، پاکی و دڵسۆزییەوە، هەڤاڵێکی بەنرخی ڕێبەر ئاپو بوو. فەرماندەی ناوچەی سەرحەد بوو. پێشتر ماوەیەکی زۆر لە سەرحەد و ئەرزروم مابووەوە و بست بە بستی ئەو شوێنانەی باش دەناسی. بە هەموو ئەو ناوچەیەی کوردستاندا گەشتی کردبوو.جگە لەوەش ڕەنج و تێکۆشانێکی زۆری کێشا بوو. یەکێک بوو لە هەڤاڵانی پێشەنگمان. تا هەڤاڵانی ڕاستگۆ و فەداکار وەک هەڤاڵ شێخموس لەم بزووتنەوەیەدا هەبن، ئەم بزووتنەوەیە هەمیشە سەردەکەوێت. چونکە ئەو هەڤاڵیەتیەی کە لە کەسایەتی هەڤاڵ شێخموسدا نیشان دەدرێت، ئەو هەڤاڵیەتیەیە کە سەرۆک ئاپۆ دەیەوێت لە ڕیزەکانماندا دروستی بکات. بە واتایەکی تر فەداکاریی یەکلایەنە بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک، پێشکەشکردنی خزمەت و هەمیشە هەست بە قەرزار بوون. هەموو ئەمانە ئاماژەیە بە ئاستی بەرزی گەشەی بەها مرۆییەکان.

دیسان هەمان شت لەسەر هەڤاڵان ئاخین گابار و شەڕڤان بوتان دەڵێم. ئەم هەڤاڵانەمان کە زیاتر لە ١٠ ساڵە لە بزووتنەوەکەیاندان، بە دڵسۆزی، ڕاستگۆیی و نوێنەرایەتی کردنەوە و ڕۆحی فیدایی بوونەوە پێشەنگایەتی هەڤاڵانیان دەکرد. بۆ نموونە هەڤاڵ شەڕڤان خۆی خەڵکی بوتان-سێرتە، بەڵام لە شارە گەورەکان لەدایک بووە. سۆز و گرێدراوبوونێکی ڕاستەقینەی بە بوتان بوو. هەر بۆیە ناوی کۆتایی خۆی کردە بوتان. هەڤاڵێک بوو ساڵانێکی زۆر لە هەرێمی بۆتان مایەوە. مرۆڤ نەیدەتوانی بیر لەوە بکاتەوە کە لە هەرێمی بۆتان دابڕاوە. کەسێک بوو وڵاتەکەی زۆر خۆشدەویست. کەسێکی ئازا بوو کە هەموو فەداکاری و خزمەتەکانی بۆ ئەم مەبەستە بەخشی. هەروەها هەڤاڵ ئاخین-یش کچێکی بوتانی بوو. بە وڵاتپارێزی گوندی بانا و جەزیرە بۆتانەوە گەورە بووە. لە سۆز و عەشقی ئەودا خەباتێکی شۆڕشگێڕانە هەبوو؛ بۆ ئەو شەڕکردن وەکوو عەشق بوو. ئەمە شتێک بوو کە لە پەروەردە، ڕاهێنان و کارەکانیدا لە هەرێمی حەفتانین بە ڕوونی دیار بوو. هەڤاڵ ئاخین فەرماندەیەکی بەنرخ و متمانەپێکراو بوو کە بە ئازایەتی، ڕەنج، پاکوخاوێنی و ڕاستگۆیی ڕێگەی بۆ خۆی کردەوە. کەسێکی زۆر بەڕێز بوو. هەردوو هەڤاڵمان هەڤاڵێکی نموونە بە ڕۆحی پاک و هەڵوێستی دڵسۆزانە، ڕاستگۆیی و هەڤاڵیەتی قووڵ و گرێدراو بوون بە خاکی پیرۆز و جۆشی ئازادی و گرێدراو بوون بە ڕێبەر ئاپۆ. لە ڕاستیدا هەموو ئەو هەڤاڵانەی لە باکوری کوردستانن، فیدایی، دڵسۆز و گرێدراون بە ئارمانجی پارتی و گەلەکەیانەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستمان کەوتووە هەڤاڵ بروسک کاتۆ و هەڤاڵانی لەگەڵی شەهید بوون. هەروەها شەڕی هەرێمی ماوا درێژخایەن بوو و دوای چەند ڕۆژ، هەواڵی شەهیدبوونی هەڤاڵمان بریتان کاربۆران و برینداربوونی هاوڕێەکەی پێمان گەیشتووە. هەڤاڵانێکیش لەلایەن دوژمنەوه بە برینداری دیل گیراون. بەکورتی ئەو بەرخۆدانەی کە لە ١٨ی حوزەیرانەوە بەردەوامە، بەرخۆدانێکی گەورەیە. لە هەر شوێنێک شەڕ هەبووە، بەرخۆدانێکی بەرچاو و ئازایانە بەڕێوە چووە. هەموو ئەم هەڤاڵانە بە ڕێزدارییەوە بە بیر دێنینەوە و بەڵێن دەدەین هەمیشە یادیان بە زیندوویی بەرز ڕابگرین.

ئەگەر بێمە سەر پرسیارەکەی ئێوە؛ بنەمای سیستەمی ئیمپریالیزم، پرسی کورد و سیاسەتی داگیرکاری تورک بەرامبەر بە گەلی کوردە. بە واتایەکی تر سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن و کۆمەڵکوژییە. لە ئێستادا حکومەتی تورک بەو سیاسەتەی لە ئیمرالی پەیڕەوی دەکات، هەوڵی کۆمەڵکوژکردنی کۆمەڵگا دەدات. ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی گەلی کورد و دۆزی ئازادی کورد دەکات. ئەو نوێنەرایەتی ژنانی ئازادیخواز دەکات. نوێنەرایەتی بەها دیموکراتیکەکان دەکات. بە هەڵوێستێکی شکۆمەندانە و بەرخۆدانێکی مەزنەوە ئەم ئەرکە بەڕێوە دەبات. بۆیە بە ڕێبازی نامرۆڤانە و ئەشکەنجەی دەروونی لە سەرۆک ئاپۆ نزیک دەبنەوە. سەیرکەن؛ ٤٠ مانگی تەواوە هیچ هەواڵێکی لێ نەبیستراوە. واتە ٣ ساڵ و ٤ مانگە هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی سەرۆک ئاپۆ لە ئیمرالی نەهاتووتە دەرەوە و ڕێگە نادەن. ئەمە باسی کەسێک نییە بەڵکو پەیوەندی بە گەلێکەوە هەیە. ئەم هێرشانە لەدژی ئەو ئەنجام دەدرێن بەو پێیە ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی کورد دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە گەلەکەمان و چین و توێژە دیموکراتیکەکانی تورکیا و هەموو لایەنە چەپە شۆڕشگێڕەکان ئەم کردەوانەی حکوومەتی تورکیا بە هێرش بۆ سەر خۆیان بزانن و قبووڵی نەکەن.

لە لایەکی ترەوە؛ ئەوان لە بیرۆکەکانی سەرۆک ئاپۆ دەترسن. دەزانن سەرۆک ئاپۆ ڕاستی دەڵێت و ڕاستییەکان سەرنجڕاکێشن. بیرۆکە و ڕوانگەکانی ڕێبەر ئاپۆ و ڕێنمایەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕووناکییەکی نوێی دەبەخشێ، هێڵێکی نوێی و بەدیلێکی نوێیە. سەرۆک ئاپۆ بە پارادایمەکانی نوێنەرایەتی مۆدێرنیتی دیموکراتیک دەکات لە بەرامبەر کۆلۆنیالیزم و مۆدێرنیتی سەرمایەداری. لەبەر ئەم هۆکارە هەم نوێنەری مۆدێرنیتە سەرمایەداری جیهانی و هەم حکومەتی تورکیا لێی دەترسن. لەبەر ئەم هۆکارانە ​​CPT ڕاست نییە و شەرعیەت بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک دەدات لە ئیمرالی. چونکە ئەوان لەم بیرۆکە نوێیە دەترسن و نیگەرانن. بۆیە ئەو سیاسەتەی کە لە ئیمرالی لە کەسایەتیی ڕێبەر ئاپۆ دا لە دژی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت، سیاسەتێکی جیهانییە. پێویستە لەم ڕوانگەیەوە بە دروستی بخوێنرێتەوە.

جگە لەوە ئەمڕۆ لە ئیمرالی بەهۆی ئەم سیاسەتە کۆمەڵکوژییەوە شەڕ بەڕێوە دەبرێت. ئەمڕۆ شەڕ دژی گەلی کورد بەردەوامە. حکومەتی تورکیا هەموو شتێکی لەم شەڕەدا تەواو کرد. هەموو داهاتی تورکیای بەکارهێنا. ئەمڕۆ گەل و کرێکارانی تورکیه و باکووری کوردستان برسین . هەژاری هەیە. بنەمای ئەم سیستەمە شەڕ و کۆمەڵکوژییە، بەڕێوەبردنی سیستەمی ئیمرالیە.

ئێستا دەبینین ئەگەرچی هێدی هێدی ئەم سیاسەتە لەلایەن کرێکارانی تورکیا و زۆربەی چینە سیاسییەکانەوە دەبینرێت، بەڵام ئەمە شتێکی باشە. چونکە ئێستا خەڵک دەبینن هەتا ئەم شەڕە ڕانەگیرێت هیچ پێشکەوتنێکی ئابووری و سیاسی لە تورکیادا دروست نابێت. هەر بەم هۆیەوە لە تورکیا دەچنە ڕیزەکانی تێکۆشانەوە. بەکورتی ئەم گۆشەگیرییە و ئەو سیستەمەی کە لە ئیمرالی جێبەجێ دەکرێت، تەنها کێشەی کورد نییە، بەڵکوو کێشەی تورکیاشە بەگشتی. چونکە ئەم سیاسەتە شەڕی لێ دەکەوێتەوە. هەتا ئەم سیاسەتە کۆتایی پێ نەهێندرێت، کێشەکانی تورکیا چارەسەر ناکرێت. ئەم ڕاستییە لەمڕۆدا لەلایەن زۆر کەسەوە هەستی پێ دەکرێت. تەنانەت ئەگەر دواش بکەوێت.

جارێکی تر بڵاو بوونەوەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی سەرۆک ئاپۆ لە بەرامبەر مۆدێرنیتی سەرمایەداری لە سەرانسەری جیهان هیوای بە گەلانی جیهان و چەوساوەکان بەخشیوە. لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانیی سەرۆک ئاپۆ لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر دەبێت و بەو پێیە هەڵمەتی ئازادیی بۆ سەرۆک ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد بەهێزتر و بەهێزتر دەبێت. بەڵام ئەم پێشهاتانە هێشتا بەس نین. لەم بوارەدا کەموکوڕی زۆرمان هەیە. پێویستە هەمووان کەموکوڕیەکانی خۆیان ببینن. لە شیکاری کۆتاییدا، ئێمە وەک پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ئازادی، گەلی وڵاتپارێز و چینە دێموکراتیکەکان دەبێ بزانین لە بەرامبەر کردەوەکانی دژ بە ئیمرالی کەموکورتیمان لە تێکۆشاندا هەیە. بێ گومان پێویستە ئەم کەموکورتیانە تێپەڕێنین و تێکۆشانمان بەرفراوانتر بکەین. دەبێ بزانین تا سیستمی سەپێنراوی ئیمرالیی نەشکێنین، ڕێگای ئازادی هەموار نابێت و پێکەوە ژیانی دیموکراتیک قەد گەشە ناکات. بۆیە دەبێت وەک بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان، ئامانجی سەرەکیمان ئازادیی ڕێبەری ئاپۆ و چارەسەری کێشەی کورد بێت.

بزووتنەوەکەتان مانگی حوزەیران بە مانگی فیداییان پێناسە کرد. هاوکات لە ٣٠ی حوزەیران دەچینە ٢٨ـەمین ساڵی چالاکییەکەی شەهید زیلان. لە بارەی ڕاستی خۆنەویستی و فیدایی بوون لە بزووتنەوەکەدا چی ئەڵێن؟

بەڵێ؛ مانگی حوزەیران مانگی شەهیدانی فیداییە. یادی سەرجەم شەهیدانی مانگی حوزەیران  بە ڕێز و پێزانینەوە لە ئاست فیداییە مەزنەکان هەڤاڵان زیلان، سەما و گۆڵان بەرز ڕادەگرم. بە ڕێزەوە یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە و جارێکی تر ئەو بەڵێنەی بە هەڤاڵانمان داوە دووبارەی دەکەمەوە. لە مانگی حوزەیراندا شەهیدی زۆرمان داوە، بەڵام شەهیدبوونی هەڤاڵانی فیدایی بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ زیلان زۆر زیاتر سەر هەڵدەدەن.

لە هەمان کاتدا ٢٥ی حوزەیران ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی کۆبانییە. وەک دەزانرێت لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ٢٥٠ وڵاتپارێزی کورد لە هێرشی داعش کە بە هاوکاری دەوڵەتی  تورک بەرنامەی بۆ داڕێژرا بوو شەهید بوون،. یادی هەموو ئەو وڵاتپارێزە بەنرخانەمان بە ڕێزەوە بە بیر دێنمەوە.

دیسان ٢٩ی حوزەیران ڕۆژی لە سێدارەدانی شێخ سەعید و ٤٨ کەس لە هاوەڵانی بەنرخیە و شەهید بوون. لە کەسایەتی شەهید شێخ سەعیددا یادی هەموو شەهیدانی مێژووی بەرخۆدانی کوردستان بەڕێزدارییەوە بە بیر دێنمەوە و سەری ڕێزیان لەبەرمبەردا دادەنوێنم.

هەروەها لەم مانگەدا لە باکوری کوردستان شەهیدی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی هەیە. لە ساڵی ٢٠٠٨ هەڤاڵان حوسنو ئالبای و جیهان دەنیز لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا شەهید بوون. ئەوان پێشەنگەکانی ئازادی کۆمەڵایەتی و تێکۆشانی دیموکراتیک بوون لە باکوری کوردستان. ئەم شۆڕشگێڕە بەنرخانە بە ڕێز و حورمەتەوە بە بیر دێنمەوە.

بەکورتی لە کەسایەتی فەدایی هەڤاڵ زیلاندا یادی هەموو شەهیدانی مانگی حوزەیران بە ڕێزدارییەوە بەبیر دێنمەوە.

فیدایی بوون لە بنەڕەتدا لە بزووتنەوەکەماندا بوونی هەبووە. وڵاتی ئێمە وڵاتێک بوو کە ناو هێنانی تەنانەت قەدەغە بوو. کەس نەیدەتوانی باسی کورد و کوردستان بکات. لە قۆناغێکی وادا سەرهەڵدانی سەرۆک ئاپۆ سەرهەڵدانێکی مێژووییە کە لەسەر بنەمای فیدایی بوون دامەزراوە. لەو کاتەدا تێکۆشان بەم شێوەیە بە مانای بە ئامانج بوون بوو. بۆیە کەسێک کە هەڵوێستی فیداییانەی نەبوو، نەیدەتوانی هەنگاوێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات. لەسەر بنەمای ئەمەش سەرۆک ئاپۆ لە پلەی یەکەمدا بە فیدایی بوونەوە دەستی پێکرد ئایدۆلۆژیاکەی لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراند. ئەگەر لە پێناو بەها پیرۆزەکانی وەک ئازادی و حەقیقەتدا فیدایی بوون نەبێت، ئەگەر ئامادەی فیدایی بوون نەبی، ناتوانیت درێژە بەم تێکۆشانە بدەیت. ئەگەر عیسا بە شوێنکەوتووانی وت: "ئەوانەی ژن و دایکی خۆیان خۆشدەوێت، شوێنم نەکەون. ئەوانەی خاچ هەڵدەگرن شوێنم بکەون"، واتە وتویەتی ئەوانەی مەترسی مردنیان تێپەڕاندووە دەبێت شوێنی بکەون، ڕەنگە لەگەڵ قسەکانی سەرۆک ئاپۆ وەک یەک نەبن، بەڵام بناماکەی ئەوەیە کە شۆڕشگێڕانی کوردستانیش دەبێت مەترسی شەهیدبوون تێپەڕێنن و ئامادی هەر جۆرە فەداکاریەک بن. ئەم ئایدۆلۆژیایە لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بزووتنەوەکەمان لە سەرەتاوە هەڵوێستێکی فیداییانەی هەبوو. کاتێک دەیانویست پەکەکە لە زیندانەکاندا تەسفیە بکەن، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی دیل کراو، سەرەتا مەزلوم دۆغان، پاشان فەرهاد کۆرتای و هەڤاڵانی، پاشان هەڤاڵان محەممەد خەیری دورموش، کەماڵ پیر، عەلی چیچەک و عاکیف یڵماز، کە لە چالاکوانانی ١٤ی تەمموز بوون، درێژەیان بە بەرخۆدان دا و پەکەکەیان سەرکەوتوو کرد و خۆیان فیدا کرد. ئەوان بە سووتاندنی جەستەیان و بە مانگرتنیان تا مردن بۆ زیندوو ڕاگرتنی بزووتنەوەکەیان شەهید بوون. لە ڕاستیدا بەم شێوەیە دوژمنیان تێکشکاند. دیسان هەر هەمان ڕۆح لە شاخەکاندا لە کەسایەتی هەڤاڵ عەگید (مەعسووم کۆرکماز) درێژەی بە تێکۆشان دا. 

بەڵام ئەو چالاکییەی کە هەڤاڵ زیلان لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦ ئەنجامی دا، جێگایەکی زۆر تایبەتی هەیە لە بزووتنەوەکەماندا.

یه‌که‌م؛ چالاکی هەڤاڵ زیلان کە لە کاتێکدا کە بزووتنەوەکەمان ڕووبەڕووی ئاستەنگی و هێڕشێکی بەرفراوان بوو ئامادە و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا، بوو بە سەرهەڵدانێکی تاکتیکی و ڕێبازێکی نوێ. دواتر لەسەر بنەمای ئەو ڕێبازە یەکینەی تایبەت پێکهێنرا و بوو بە هێڵی تێکۆشان.

دووەم: لە ٦ی ئایاری ١٩٩٦ هێرش کرایە سەر سەرۆک ئاپۆ. دوژمن ویستی ڕێبەرایەتیمان تیرۆر بکات. چالاکی هەڤاڵ زیلانیش سەرهەڵدان و هەڵوێستێکی جدیی بوو بەرامبەر ئەم پیلانە. بە واتایەکی تر ئەم چالاکییە ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کرد کە مرۆڤ دەبێت خۆی فیدا بکات و هەر کارێک بکات بۆ پاراستنی ڕێبەر ئاپۆ. لە ڕاستیدا هەڤاڵ زیلان لە نامەکەیدا دەڵێت: ئەگەر شتێکی بەنرختر لە ژیانم هەبوایە دەمبەخشی. بەم چالاکییە ئەم ڕاستییەی ئاشکرا کرد. بەکورتی لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە، هەڤاڵ زیلان نوێنەرایەتی ڕۆحی فیدایی بوون دەکات، هەڤاڵ زیلان بەو تێگەیشتنەوە کە، "پێویستە مرۆڤ بۆ پاراستنی ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکە، هەموو شتێک فەدا بکات". هەڤاڵ زیلان هەروەک چۆن هەڤاڵانی زیندان لە پێناو ئازادیی و سەرکەوتنی پەکەکەدا خۆیان فیدا کرد، ئەویش لە پێناو ڕێبەرایەتی و پەکەکەدا وەک دەستکەوتی گەلی کورد خۆی فیدا کرد.

سێهەم لایەنی گرنگ ئەوەیە؛ ئەم چالاکییە سوپای ژنانی بەهێزتر کرد. بە تایبەتی ئەو چالاکییەی هەڤاڵ زیلان وەک ژنێکی ئازادیخوازی کورد ئەنجامی دا، هێزی بە هەموو هەڤاڵانمان بەخشی. پاشان وردە وردە تەشەنەی کرد و بوو بە هێزێک بۆ هەموو کۆمەڵگاد بڵاو بووەو. ئەم چالاکییە ئەوەی ڕوون کردەوە کە ژن چەندە دەتوانێت بە ئیرادە و بەهێز بێت و چەندە ئازا بێت لە هەمان کاتدا دەتوانێت لە بەرزترین ئاستدا، پێشەنگێکی گەورە بێت. هەڤاڵ زیلان ئیلهامبەخش، پاڵنەر و ڕێگەی  هەموار کرد بۆ ئەوەی ژنان بچنە ناو سوپاوە. پێش ئەو بەرخۆدان لە لایەن هەڤاڵانی ژنەوە کرابوو. بۆ نمونە بەرخۆدانی هەڤاڵ ساکینە جانسز لە زیندان و چالاکیی هەڤاڵ بریتان و بەرخۆدانی زۆرێک لە هەڤاڵانی دیکە هەبوو، بەڵام چالاکییەکەی هەڤاڵ زیلان وەک چالاکییەکی ڕێکوپێک لە کاتێکی زۆر گرنگدا بەڕێوە چوو و ئەمەش ڕێگەی لەبەردەم ژنانی کورددا کردەوە.

 لەم مانگەدا ڕووداوی زۆر لە کوردستان ڕوویان دا. سەرەتا لە ٣ی حوزەیران، قەیوم بۆ شارەوانی جۆلەمێرگ دانرا، کە لە بەرامبەریدا بەرخۆدانی گشتی بەڕێوە چوو و ئەم بەرخۆدانەش تا ئێستاش بەردەوامە. پاشان لە ٢٠ی حوزەیران ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بەو هۆیەوە چەندین هاووڵاتی مردن. حکومەت هیچ دەستێوەردانێکی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەکرد، گەل بە ئیمکاناتی خۆیانەوە ئاگرەکەیان کوژاندەوە، ڕێبازی حکومەت لەم ڕووداوانەدا چۆن بخوێنرێتەوە؟

سەرەتا بەڕێزەوە یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەمەوە کە لە ڕووداوی چنار و شەمڕەخدا گیانیان لەدەستدا و ڕەحمەتی خوایان لێ بێت. هەروەها پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکار و گەلی کوردستان دەکەین. جگە لەوەش هێشتا باری برینداران ناجێگیرە. هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازم.

لە هەر ڕووداوێکدا کە لە کوردستان ڕوودەدات، هەموو جارێ تەنیا یەک شت بۆ گەل دەردەکەوێت. ئەویش سیاسەتی ئینکار و لەناوبردن، واتە سیاسەتی کۆمەڵکوژی حکومەتی تورک. مرۆڤ بەڕاستی لە هەموو ڕووداوەکاندا ئەم ڕاستیە دەبینێت. بۆ نموونە سەبارەت بە قەیومەکان هەمان شتە. گەلەکەمان دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دەنگ دەدات، نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت، پاشان بە ناوی قەیومەوە دەستی بەسەردا دەگرن. بۆیە قەیوم دان بە ئیرادەی گەلی کورددا نانێت. ئەمەش پێشێلکردنی ئیرادەی گەلەکەمانە. لێرەدا بینیمان؛ بەم شێوەیە لە ٣ی حوزەیران لە شاری جۆلەمێرگ بەڕێوەیان برد. پێویستە کاردانەوەکان بەهێزتر بێت. بە واتایەکی تر لە بەرامبەر پێشێلکردنی ئیرادەمان بێدەنگ نەبین. هەر کەسێک کە کەرامەت و خاوەن کەسایەتی بێت، دەبێت بڵێت منیش مرۆڤی ئەم خاکەم، نابێ لەبەردەم ئەو سیاسەتەی کە ئیرادەم دەچەوسێنێتەوە بێدەنگ بم. مرۆڤ بوون لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر بێدەنگ بیت و چاوت لێی دابخەی، ئەوا مرۆڤایەتیت لە کوێیە؟ بە کورتی پێویستە هەموو دیموکرات و وڵاتپارێزانی تورکیا لە کوردستانەوە دژی ئەم سیاسەتە بوەستنەوە. ئەم سیاسەتە لە بنەڕەتدا سیاسەتێکی بەڕبەڕییە. لەم ئێوارەیەدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدەیت و دوای هەڵبژاردن قەیومێک دادەنیت. هۆکاری ئەمە چییە؟ هۆکاری ئەمە سیاسەتی کۆمەڵکوژیە لە کوردستان. ئەم حکومەتە نایەوێت گەلی کورد لە هیچ شوێنێک خاوەن ئیرادە بێت. سەیرکەن؛ له ڕۆژئاوای کوردستان هەڵبژاردنی خۆجێیی بەڕێوه دەچێت. لەوێ گەل دەیانەوێت سەرۆک شارەوانی هاوبەش هەڵبژێرن، بەڵام حکومەتی تورک دژایەتی دەکات؛بۆچی؟ چونکە نایانەوێت کورد خاوەن ئیرادەی خۆی بێت. تەنانەت لە سەر مافی فێربوونی زمانی کوردی لە ژاپۆن ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە ژاپۆن دەربڕی! ئەمانە حکومەتێکی لەو شێوەن. ئەوان تەنها سیاسەتی ئینکاری و لەناوبردن بەڕێوە نابەن. بەڵکوو دەیانەوێت کۆمەڵکوژیەکی تەواو بەسەر گەلی کورددا بسەپێنن.

سەیرکەن ڕۆڵەی کورد بە زرێپۆش لە شەقامەکاندا دەکرێنە ژێرەوە. سەیرکەن دایکی مەقبولە ئۆزەری تەمەن ٨٣ ساڵ و زۆر دایکی تر دەستگیر دەکەن. لە ڕاستیدا ئەو دایکانە نەخۆش و پیرن، بەڵام دەستگیریان دەکەن و دەیانخاتە زیندانەوە. هەروەها لە کوێی جیهاندا سیستەمێکی وەک سیستەمی ئیمرالی هەیە کە باسمان کرد؟ چۆن دەتوانرێت ڕوانگەیەکی لەو شێوەیە بەرامبەر بە ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوە ببرێت؟ بەڵام به هۆی سیاسەتی کۆمەڵکوژییەوه، حکومەتی تورک ئەم ڕێبازەی گرتووتەبەر. ئەمە بەڕبەڕییەتە. پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. پێشێلکردنی یاسایە. بەڵام ئەمڕۆ حکومەتی تورکیا ئەم کارانە لە دژی گەلی کورد پەیڕەو دەکات.

ئەگەر ئەم ڕووداوە ئاگرکەوتنەوەیە لە سپارتا یان قۆنیا ڕوویدابا، حکومەتی تورکیا چی دەکرد؟ ئایا لە یەک کاتدا هەموو ئۆتۆمبێل و هێلیکۆپتەر و فڕۆکەکانی بۆ ئەوێ نەدەنارد؟ ئایا ئەو شەوە وەزیرەکانی نەچوونە شوێنی ڕووداوەکە؟ کەواتە بۆ نەچوون بۆ چنار و شەمڕەخ؟ چونکە کوردن؟ لە ڕوانگەی ئەوانەوە کورد بەهایەکی ئەوتۆی نییە. ئایا لە ڕاستیدا خۆیان ئاگر لە دارستانەکانی کوردستان بەرنادەن؟ بەڵام لە تورکیا هەمیشە فڕۆکە و هەلیکۆپتەر و هەزاران کەرەستە لە ئەرکدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان. بەکورتی ئەوان دوولایەنە مامەڵە لە گەڵ گەلی کورددا دەکەن. ئەم دوو پێوەرە نەک هەر لە دژی گەلی کورد، بەڵکو لە دژی خاکی کوردستان، لە دژی دارستانەکانی کوردستان، لە دژی باخ و دەشتەکانی گەلی کورد، لە دژی هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە جێبەجێ دەکەن.

بابەتێکی تر ئەوەیە کە ئەم ڕووداوە بوو بە کۆمەڵکوژی. کۆمپانیایەک هەیە بە ناوی DEDAŞ. حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە ئەم کۆمپانیایەی کردۆتە کێشە بۆ گەلی کورد و ئەم کۆمپانیایە بە واتایەکی ڕاست تر یاری بە گەلی کورد دەکات. ئەمڕۆ کارەبا شتێکی ئاسایی نییە. مرۆڤەکان ژیانی خۆیان بە کارەباوە بەسەر ئەبەن. ئەگەر کارەبا نەبێت ئاو نییە. ئەگەر ئاو نەبێت نە بەروبووم دەبێت و نە باخچە. لەم سەردەمەدا کە پیشەسازیی زۆر پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤ تا ڕادەیەک وابەستەی کارەبایە. بەڵام کارەبایان لەسەر دەبڕن و دواتر دەیدەنەوە، دەڵێن "پارەت نەداوە" و دەیبڕن. بەم شێوەیە یاری بە کۆمەڵگای ئێمەوە دەکەن. دوای ئەوە ڕوون بووەوە کە هیچ وەبەرهێنانێکی نەکردووە و تەنها بە بەکارهێنانی خەڵک پارەی دەستکەوتووە. ئەوان ٤٠ ساڵ لەمەوبەر ئەو سیستەمی ستوون کارەبایەیان داناوە.ستوونەکان دارن. بەکورتی ئاگرەکەیان هەڵگیرساند. ئەمەش کۆمەڵکوژییە.

هەروەها پارێزگار بۆ بەرگریکردن لێیان، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئاگرەکە بەهۆی سووتانی کا و پەڵاشەوە بووە...

هەموو ئەم پارێزگارانە، پارێزگارانی داگیرکاریین. ئەرکی ئەوان بەرگریکردنە لە حکومەت بەرامبەر گەل. ئایا تەنها بۆ ئاگرەکە ئەوە دەڵێن؟ لە هەر شوێنێک گوندنشینێک بکوژرێت، دەڵێن ئێمە لەوێ ئۆپەراسیۆنمان کرد، ئەندامێکی پەکەکە کوژرا، ئایا ئەوە ڕاستە؟ ڕۆڵەکانمان لە شەقامەکاندا بە زرێپۆش دەکەنە ژێرەوە و دواتر دەڵێن "ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویداوە، بە واتایەکی تر ئەم پارێزگارانە بە نەرمکردنەوەی هەموو شتێک بە قازانجی حکومەت کار دەکەن. بەتایبەتی هەموو پارێزگارەکانی کوردستان کەسانی هەڵبژێردراوی تایبەتن. بۆیە ئەو جۆرە لێدوانانە بە زانا بوون و بە هەماهەنگیەوە دەدەن. بەڵام چیتر ناتوانن ئەم ڕووداوە ئینکار بکەن. زۆرێک لە ڕێکخستنەکان لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە کردووە و ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە ئاگرەکە بەهۆی ستوونی کارەباوە بووە. خەڵکی ناوچەکە لە ڕاستیدا بە چاوی خۆیان ئەمەیان بینیوە. بەکورتی سیستمی داگیرکاری لە کوردستان ئەمە ڕووداوەی خوڵقاند.

لە ساڵی ١٩٣٤ وەزیرێک بە ناوی مەحموود ئەسەد بۆزکورت هەندێ ڕەستەی وەک، "تورک لەم وڵاتەدا ئاغایە و گەلانی دیکە دەبێ خزمەتی تورک بکەن" بەکار هێناوە. ساڵانێک تێپەڕیوە، بەڵام حکومەت هێشتا ئەم سیاسەتەی نەگۆڕیوە. ڕەنگە ناوبەناو زمانی نەرم بەکاربهێنن. دەڵێن "کورد خوشک و برای ئێمەیە" و هتد، بەڵام ئەمانە هەمووی راست نییە. ئەوان دەیانەوێت کورد لەناوببەن. هەوڵ دەدەن کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا خاوەن هێز، پێگە و ئیرادەی خۆی نەبێت. سیاسەتی ئەوان لەسەر ئەم بنامەیە دامەزراوە. تا ئەو سیاسەتانە نەگۆڕدرێن، ئەم سیاسەتە دوولایەنەیە بەردەوام دەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەموو ناوەندەکانی ئازادیخوازی و هەرکەسێک دژی سیاسەتی کۆمەڵکوژی بێت، چ کورد بێت، تورک بێت، عەرەب بێت، فارس بێت یان ئاشووری، نابێت لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەی دەوڵەتی تورک دا بێدەنگ بێت، بەڵکو دەبێت دەست بە تێکۆشان بکات.

ئێمە وەک گەلی کورد پێویستە تێبکۆشین. دەبێ بزانین ئەگەر لە چوارچێوەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕدا تێکۆشان نەکەین، ئەم سیاسەتە ناگۆڕێت. بەڵام دەبینیت هەندێک کەس هەن کە دەیانەوێت خۆیان وەک ڕۆشنبیر و ئاکادیمیست و کەسانی شارەزا پیشان بدەن و بێ ئەوەی ئەم ڕاستیانە لەبەرچاو بگرن دەڵێن دەبێ چەک دابنرێت و هتد. لێدوان دەدەن. ئەوانە یان نوێنەری ئایدیۆلۆژی و کۆمەڵایەتین. یان کەسانێکن هیچ لە راستی دەوڵەتی تورک نازانن. سیاسەتی دەوڵەتی تورک ئەوەیە گەلی کورد لەناو ببات. ئایا بە دەستی بەتاڵ لە دژی کۆمەڵکوژی دەکرێت بوەستیتەوە؟ ئایا قەد ئەو سیاسەتەکانی دەگۆڕێت؟ نا بەڵکوو ئەو ڕێگە نادات. ئێمە تەنیا کاتێ دەتوانین پاشەکشە بە سیاسەتەکانی بکەین کە بە هەموو مانایەک شەڕ بکەین. سەیرکەن؛ ناڵێم هەمووی شتێک چەک و شەڕە. بەڵام پێویستە هێڵێکی تێکۆشان دابڕێژرێت کە مەودای بەرفراوانی لە تێکۆشانی چەکدارییەوە بگرە تا تێکۆشان لە هەموو بوارەکان لەخۆ بگرێت. ئێمە ئەوە بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی ناوی دەبەین، دەبێت بە دروستی لە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی تێبگەین. تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئەمڕۆی گەلەکەمان لە چوارچێوەی ئەم شەڕەشدایە.

دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ دەتوانێت بە دوو قۆناغ دەستبەرداری سیاسەتی ئێستای بێت. یەکەم: ئەگەر ئێمە شکستیان پێ بهێنین، ئەوکات دەستبەرداری سیاسەتی کۆمەڵکوژیی دەبن. دووەم: ئەگەر تێبگەن کە ناتوانن شکستمان پێ بێنن، واتە ئەگەر تێبگەن کە ئێمە وەک گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادی نەدۆڕاوین و بەردەوام ڕووبەڕووی دەبینەوە، ئەوە مومکینە دەستبەرداری سیاسەتەکانیان بن. تەنها لەسەر ئەم بنەمایە، وەک هەموو جار کە باسمان کردووە، دەتوانین لەسەر بنەمای یەکسانی بژین. ئەگەرنا کەس ناتوانێت لەگەڵ ئەم  عەقڵیەتەدا بژیت. ئەمە لە ئێستاوە شتێکی روونە. بۆیە پێویستە هەمووان، هەر جۆرە هەوڵێک بەکار بێنن بۆ لابردن یان راگرتنی ئەم سیاسەتە. ئێمە بە تێکشکاندنیان و سەلماندنی نەدۆڕانی خۆمان لەسەر بنەمای بەهێزکردنی تێکۆشان لە چوارچێوەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕدا، کۆتایی بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی دێنین.