فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە، سەبارەت بە جموجوڵی چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ تێکدەری و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکانی سەرێکانی، گرێ سپی و عەین عیسا ڕایگەیاند، هێزەکانیان هێشتا بەپێی رێککەوتنی کەمکردنەوەی شەڕ دەجوڵێنەوە و لە هەمان کاتدا لە بەرامبەر دۆخی نائاسایدا ئامادەکارییان هەیە.
شامی داوای لە گەل کرد، سەبارەت بە دۆخی سەربازی گوێ لەو درۆانە نەگرن، کە هەندێک لایەن بڵاوی دەکەنەوە و تەنها متمانە بە سەرچاوە فەرمییەکان بکەن.
لە راگەیاندراوەکەی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی قەسەدەدا هاتووە:
"لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ئێوارەی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ جموجوڵی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەى چەتە داگیرکەرەکانی تورک لە بەرەکانی شەڕ لە ناوچەکانی سەرێکانی، گرێ سپی و شارۆچکەی عەین عیسا هەبوو. هەر ئەو جموجوڵە نائاساییەش لە ناوچەکانی دەورووبەری منبج دا هەبووە. لەو چوارچێوەیەدا سەدان چەتە و سەربازی داگیرکەری تورک و زرێپۆشەکانیان لە خاڵەکانی شەڕی ناوچە ناوبراوەکاندا جێگیرکران و چەندین جار هەوڵیاندا هێزەکانمان بوروژێنن، بە تایبەتی لە ناوچەکانی رۆژئاوای شارۆچکەی عەین عیسا دا. تاوەکو ئێستاش هێزەکانمان خۆیان راگرتووە و بەپێی ڕێکەوتنی کەمکردنەوەی شەڕ هەڵسوکەوت دەکەن و لەلایەکی دیکەشەوە ئامادەن بۆ هەر دۆخێکی نائاسایی.
لەلایەکی ترەوە هێزەکانمان لە قۆناغی ئازادکردنی چەندین ناوچە و گەلان لە دەستی ڕێکخستنی تیرۆریستیی داعش، هەزاران شەهید و برینداریان دا. پاراستنی ئەو ناوچانە ئەرکێکی سەرەکی و مێژووییە بۆ هێزەکانمان. هێزەکانمان هیچ دوودڵییەکیان لە پاراستنی ئەو ناوچانە و قوربانیدان بۆیان نییە. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە هەڵوێست و پشتیوانیی دانیشتوان و هاووڵاتییانی خۆمان لە تەبقا، ڕەقە، منبج، دێرەزۆر و هەموو باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە نرخ دەزانین، کە لەلایەن هێزەکانمانەوە رزگارکراون و لە چوارچێوەی قەسەدەدا پشتگیری لە رۆڵەکانیان دەکەین. هەروەها داواشیان لێدەکەین گوێ لەو دەنگۆ و درۆیانە نەگرن، کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە بڵاودەکرێنەوە و تەنها بڕوا بە سەرچاوە فەرمییەکان بکەن".
ژ.ت