رۆیتەرز: تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشی چەتەکان بۆ سەر حەڵەب داگیرساندووە

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە پشتی بە چەند سەرچاوەیەک لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەستووە، دەوڵەتی تورک گڵۆپی سەوزی بۆ چەتەکان هەڵکردووە تا پەلاماری حەڵەب بدەن.

بە پێی هەواڵێکی رۆیتەرز کە لە زاری سێ سەرچاوەی سەربازییەوە بڵاوکراوەتەوە، "بەهۆی ئەوەی چەتە و بەرهەڵستکارەکانی دەوڵەتی سوریا، هەواڵی گەیشتنیان بە سەنتەری حەڵەب بڵاوکردووەتەوە، بەرپرسانی سوری رۆژی شەممە فرۆکەخانەی شارەکە و رێگەکانی ئەو شارەیان داخستووە.

چەکدارانی بەرهەڵستکاری سەر بە بەرەی تەحریر شام، لەم هەفتەیەدا هێرشێکی کتوپڕ و چاوەڕێنەکراویان بۆ سەر حەڵەب ئەنجامدا کە بەشێکی زۆری لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی سوریادایە".

لەبەشێکی دیکەی راپەرتەکەدا هاتووە، "دوو سەرچاوەی سەربازی وتیان رووسیا، یەک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەسەد، بەڵێنی هاوکاری زیاتری سەربازییان بۆ پوچەڵکردنی ئەو هێرشەداوە و ئەوەشیان خستەڕوو، کە ناردنی کەلوپەل و کەرستە جەنگییەکان لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا دەستپێدەکات".

لە درێژەدا هاتووە، "بە وتەی ئەو سەرچاوانە بە سوپای سوریا راگەیەندراوە کە رێنماییەکانی "چوونە دەرەوەی پارێزراو" لە ناوچە سەرەکییەکانی شارەکە، کە چەتەکان چوونە ناویانەوە، جێبەجێ بکەن.

رۆژی هەینی کەناڵی فەرمی سوریا هەواڵی گەیشتنی هێزە یاخیبووەکانی بە حەڵەب بەدرۆخستەوە و بڵاویکردەوە، رووسیا لە رێگەی ئاسمانییەوە پشتیوانی لە سوپای سوریا دەکات.

هاوکات دیمویتری پێسکۆف، وتەبێژی کرملین رۆژی هەینی رایگەیاند، مۆسکۆ هێرشی یاخیبووان و چەتەکان بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی سوریا دەزانێت.

وتیشی: لەگەڵ ئەوەداین حکومەتی سوریا بە زووترین کات ئارامی و سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە.

چەتەکان رۆژی چوارشەممە دەستیان بە پەلامارەکەیان کرد و تا ئێوارەی رۆژی هەینی رایانگەیاند، کە سەرقاڵی پاککردنەوەی گەڕەکە جیاجیاکانی حەڵەبن".

لە درێژەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە هاتووە، چەتە "بەرهەڵستکارەکان رایانگەیاندووە، ئەم هێرشەیان بەرپەرچدانەوەی هێرشە چڕەکانی ماوەکانی رابردووی سوپای روسیا و سوریایە بۆ سەر مەدەنییەکان و بۆ رێگری لە هێرشەکانی سوپای سوریا ئەو هەنگاوەیان ناوە.

سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆنیش کە پەیوەندییان بە هەواڵگریی تورکەوە هەیە رایانگەیاندووە،، چەتەکان بە پشتیوانی و گڵۆپی سەوزی دەوڵەتی تورک دەستیان بەو پەلامارە کردووە.

ژمارەیەکی زۆر مەدەنی لە پێکدادانەکاندا کوژراون

هێرشەکە بە بەرفراوانترین و گەورەترین هێرش ە ئاداری ٢٠٢٠ەوە دادەنرێت و بە وتەی دەیڤید کاردن یاریدەدەری رێکخەری هاریکاری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سوریا رایەگیاند، "زۆر نیگەرانین لەو دۆخەی لە باکوری رۆژئاوای سوریا لە ئارادایە".

باسی لەوەشکرد: هێرشە کان لە ماوەی سێ رۆژدا لانیکەم کوژرانی ٢٧ مەدەنییان لێکەوتووەتەوە کە ٨ کەسیان منداڵبوون.

لەلایەکی دیکەوە ئاژنسی هەواڵی حکومەتی سوریا –سانا بڵاویکردەوە رۆژی هەینی چوار هاووڵاتی مەدەنی کە دوانیان خوێندکار بوو لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلە لە بەشە ناخۆیی زانکۆی حەڵەب کوژراون.

روون نییە کە ئایا ئامارەکەی نەتەوەیەکگرتووە لەبارەی کوژرانی ٢٧ مەدەنی ئەو چوار کەسەش دەگرێتەوە یاخود نا.