عەشیرەتی عگێدات: پشتیوانی قەسەدەین، ئەوانەی بەناوی ئێمەوە دەدوێن نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن

شێخ و ڕیش‌سپیانی عەشیرەتی عگێدات گوتیان:"ئێمە پشتیوانی قەسەدەین، ئەوانەی بەناوی ئێمەوە دەدوێن، نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن. دژی هەموو جۆرە هەڕەشەیەک خاکەکەمان دەپارێزین".

هێرش بۆ سەر دەیرەزۆر

شێخ و ڕیش‌سپیان و خەڵکی عەشیرەتی عگێدات بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی چەتەکانی دیفاع وەتەنی و گرووپەکانی تری سەر بە حکومەتی شام بۆ سەر گوندەواری دەیرەزۆر، ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێن: " ئێمە وەک ڕیش‌سپی و شێخەکانی عەشیرەتی عگێدات و بە ناوی خەڵکی عەشیرەتەکانمانەوە پشتیوانی خۆمان بۆ هێزەکانی قەسەدە نیشان دەدەین لە بەرامبەر هێرشەکانی گرووپی دیفاع وەتەنی و گرووپەکانی تری سەر بە هێزەکانی حکومەتی شام بۆ سەر هەرێمەکانمان. ئەوان ماڵە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج. چەندین کەسیان لە خەڵکی هەرێمەکە کوشت، دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکانیان تاڵانکرد بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەرێمەکە".

هەروەها دەڵێن: "ناهێڵین هیچ لایەنێک یەکێتی نیشتیمانی تێک بدات".

لە درێژەدا دەڵێن: "کەسانێک بانگەشەی ئەوە دەکەن نوێنەرایەتی خەڵکی عگێدات دەکەن و لەژێر ئەم ناوەدا دژی خەڵکی عەشیرەتەکە دەدوێن، هۆشداری دەدەین لەم یار و فرتوفێڵانە، ئەوانە نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن".

ئاماژە بەوە دەکەن عەشیرەتەکەیان دەیان شەهیدی لە ڕیزی قەسەدە بەخشیووە و دەڵێن: "بەردەوام دەبین لە پاراستنی هەرێمەکەمان لەبەرامبەر هەموو هەڕەشەکان".