سەرۆک عەشیرەتەکانی عەین عیسا: پشتیوانی قەسەدەین
سەرۆک عەشیرەتەکانی عەین عیسا رایانگەیاند، لە دژی دەوڵەتی تورک پشتیوانی لە قەسەدە دەکەن.
سەرۆک عەشیرەتەکانی عەین عیسا رایانگەیاند، لە دژی دەوڵەتی تورک پشتیوانی لە قەسەدە دەکەن.
شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکانی گرێ سپی و عەین عیسا لە ناوەندی سەربازیی عەین عیسا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی گرێ سپی کۆبوونەوە.
فەرماندە سەربازییەکان باسیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و رێککەوتنەکەی دوێنێ بۆ دروستکردنی خاڵی چاودێریی هاوبەشی قەسەدە و حکومەتی سوریا بە چاودێریی رووسیا کرد.
فەرماندە سەربازییەکان وەڵامی پرسیارەکانی شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەکەیان دایەوە و باسیان لە گرنگیی خاڵە چاودێرییەکانی ئەمدواییە و ئەو بانگەشانە کرد، کە لەبارەی چارەنووسی عەین عیساوە لە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندندا بڵاوکرایەوە و رایانگەیاند، ئەو بانگەشانە دوورن لە راستییەوە و قەسەدە هەموو کات ئامادەیە بۆ پاراستنی خاکی سوریا و دەستکەوتەکانی گەلان.
فەرماندە سەربازییەکانی ئەنجومەنی سەربازیی گرێ سپی لەبارەی بانگەشەى هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن، کە بڵاویانکردبووە، گوایە رووسیا و حکومەتی سوریا دەیانەوێت چوارگۆشەی ئەمنی لە ناوچەکەدا دروست بکەن، رایانگەیاند، ئەو بانگەشانە دوورن لە راستییەوە و جەختیان لەوە کردەوە، کە هەموو کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکانیان لە چوارچێوەی هەماهەنگی و کاروباری سەربازیدان.
شێخ و عەشیرەتەکانی ناوچەکە جەختیان لەوە کردەوە، کە شەڕڤانانی قەسەدە هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی ناوچەکەیان تێکشکاندووە و ئەوەشیان وت، لە دژی داگیرکەری پشتوانی قەسەدەن.
ژ.ت