بە دیمەن

سۆسن بیرهات، ئەو فەرماندەیەی کە ئازادی پەرەستگای ئەو بوو

شۆڕشگێڕ و تێکۆشەری پێشەنگ سۆسن بیرهات دڵی وەک دەریایەک پڕ بوو لە ئازادی. وەک گوڵی بەهار لە خاکی کوردستاندا سەوز بوو، بۆ ئەوەی بتوانێت ئایندەیەکی ئەمن و ئاسایش بۆ ئەم خاکە مسۆگەر بکات، تا دوا هەناسەی تێکۆشان و شەڕی کرد.

لەم وڵاتەدا، گەشت بەدوای ئازادییدا واتە لەبەرکردنی جلوبەرگێک لە ئاگر و لە کۆتایی ئەم ڕێگایەدا خۆبەختکردن بە مانای گەیشتن بە لوتکەی شکۆ و حەقیقەتە.

لە وڵاتی ئێمەی کوردستاندا، ڕاستیەکان لەلایەن دوژمنانەوە شاردراوەتەوە، بۆیە ئەو کەسانەی لەسەر ئەم خاکە چاویان بەڕووی ژیاندا دەکردەوە، لە حەقیقەت و ڕاستی و ناسنامەی خۆیان بێبەش بوون. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕۆژی ئازاد لەلایەن ڕێبەر ئاپۆەو، ئەو ڕاستیانەی که چەندین سەدەیه شارابوونەوە هەموو ئاشکرا کران. بێگومان ئەوانەی دڵیان بۆ حەقیقەت و ئازادی لێدەدا، بە شوێن ئەو ڕێگەدا کەوتن.

مێژووی کوردستان ئێستا بۆتە مێژووی قارەمانان. سۆسن بیرهات یەکێک لەو قارەمانانەیە کە بە سۆز و خولیای دۆزی ئازادی وڵاتەکەی لەسەر ڕێگای حەقیقەت ڕۆیشت و هەنگاوی هەڵێنا و گەیشتە لوتکە.

سۆسن محەممەد ناسراو بە سۆسن بیرهات، بۆ ئەوەی شوێنکەوتووی قارەمانانی وڵاتەکەی بێت، خۆی لەگەڵ ئاگری ئازادیدا تێکەڵ کرد. سۆسن لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٦ لە شاری دێرێنی عەفرین لە بنەماڵەیەکی  ٦خوشکی لەدایک بووە و بە بەها پیرۆزەکانی وڵاتپارێزی گەورە بووە. عەفرین، ئەو شارەی کە بە کولتوور و سروشتی خۆی ناسراوە، هەر کەسێکی لە لانەکەی خۆیدا گەورە دەکرد، دەبوونە عاشقی جوانییەکانی وڵاتەکەیان. بۆیە سۆسن هەر لە منداڵییەوە عاشقی خاکەکەی بوو. بنەماڵەی سۆسن خاوەن چەندین شەهیدی گەلەکەیانن. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی سۆسن لە منداڵییەوە تەڤگەری ئازادی بناسێت. لە ساڵی ١٩٩٦ لە کاری ڕێکخستنی دا بەشدار دەبێت. فەرماندە سۆسن بە ئامانجی ڕێکخستنی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی، خاوەن ڕەنج و تێکۆشانێکی بێ وێنە بوو و بە دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، لە ئەرکە قورسەکاند بەشدار دەبێت. لە پرۆسەی ڕێکخستنی گەلدا ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو. لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگایەتی دەکرد، بەتایبەت لە دژی هێزە تاریک پەرەستەکانی داعشدا تێکۆشانێکی بەرچاوی ئەنجامداوە. هەروەها لە شەڕی ڕزگاریی حەڵەب دا، فەرماندە سۆسن وەک پێشەنگێکی بوێر ڕەوڵی بینیوە.

ئەو فەرماندەیەی ڕۆحی خۆی بە فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خاوێن کردەوە

ئەو شەڕەی کە دەکرێت، شەڕی ڕووناکی دژ بە تاریکییە، شەڕی چاکیە لە دژی خراپی، شەڕی کەرامەتە لە دژی خیانەت و گەندەڵی. یەکێک لە فەرماندەکانی ئەم شەڕ و تێکۆشانە سۆسن بیرهاتە. بە هەموو هێز و توانایەوە ژیانی بۆ تێکۆشان تەرخان کرد. بۆیە شایەنی ئەوە بوو ناوی فەرماندەیی سەردەمی لێ بنرێت. ئەو بە تێکۆشانەکانی ناوی خۆی لە لاپەڕەکانی مێژووی تێکۆشانی گەلەکەیدا نووسیوەوە. پێناسەیەکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەیەکە دەڵێت: "ئەوەی شەڕ دەکات ئازاد دەبێت، ئەوەی ئازاد دەبێت جوان دەبێت، ئەوەی جوان دەبێت، دەبێتە خۆشەویستی گەلەکەی". بۆ سۆسن ئەم پێناسەیە وەک خۆی دێتەوە. هەڤاڵ سۆسن تا کۆتایی ژیانی بەردەوام تێکۆشانی کردووە و بە عەشق و خۆشەویستییەوە ببووە سەرچاوەی ژیان بۆ هەموو هەڤاڵانی و شەڕڤانانی ئازادیی.