تەرمی ٢ شەهیدی قەسەدە لە شەدادی بەخاکسپێردرا

تەرمی ٢ شەهیدی قەسەدە، عەلی ئەلعلێوی و محەمەد ئەلڕەجەب کە ١٠ ی ئایار لە دەیرەزۆر لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعش شەهیدبوون، لە شەدادی بەخاکسپێردران.

دانیشتووانی شەدادی کانتۆنی جەزیرە بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی هەردوو شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) عەلی ئەلعلێوی و محەمەد ئەلڕەجەب کە ١٠ ی ئایار لە دەیرەزۆر لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعش بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر خاڵێکی هێزەکانی قەسەدە لە شاری شحێلی ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر کە بەهۆیەوە ٣ شەڕڤان شەهیدبوون و ٧ شەڕڤان برینداربوون، گەیشتنە کاروانی شەهیدان.

لە مەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، عەودە حوسێن ڕایگەیاند هێزەکانمان بەرامبەر پیلانگێڕییەکان دژی گەل و سەقامگیری دەوەستنەوە و بۆ ژیانێکی پڕ لە خۆشەویستی و دڵسۆزی شەهیدی زیاتر دەبەخشن.

ئەندامی نووسینگەی پەیوەندییە سەربازییەکانی شەدادی محەمەد عوزیب سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و بەڵێنیدا بە درێژەدان بە تێکۆشان دژی زەحمەتی و پیلانگێڕییەکانی سەر هەرێمەکە.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا ناسنامەی هەردوو شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا. تەرمی هەردوو شەهید بە هەلهەلەی دایکان و درووشمی "بە گیان و بە خوێن لەگەڵتین ئەی شەهید" بەخاکسپێردران.