تەڤ-دەم بانگەوازی کرد بۆ مەزنکردنی تێکۆشان لەپێناو ڕێبەری گەلی کورد

ئەندامانی مەجلیسی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤ-دەم)ـی کانتۆنی فورات لە کۆبانێ، بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزار کرد.

ئەندامانی مەجلیسی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤ-دەم)ـی کانتۆنی فورات لە گۆڕەپانی شەهید عەگید لە کۆبانێ، دەربارەی گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. هاوسەرۆکی یەکێتی یەکێتی مامۆستایان نارین خەلیل موسلیم ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە گۆشەگیری ئیمراڵی پێشێلکردنی ماددەی ٣ هەمینی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و تەواوی یاساکانی مافی مرۆڤە لە جیهاندا.

نارین گوتی: "ڕژێمی فاشیست لە ڕێگەی شەڕی تایبەتەوە لە کەسێتی ڕێبەرێتیدا هەوڵی شکاندنی ئیرادەی گەلان دەدات. ئەم کردارانە دوورن لە بەها و پێوەرە ئەخلاقییەکان. فاشیزمی تورک ئێستە مەترسی لەسەر ئایندەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو جیهان دروست دەکات، بەڵام فەلسەفە و ڕامانەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان سنووری کوردستانی تێپەڕاندووە و دەکرێت وەک چارەسەرێک بۆ ئاڵۆزییەکانی هەرێمەکە جێبەجێ بکرێت".

هەروەها تیشکی خستەسەر بێدەنگی دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سی پی تی، گوتی: "ئەم بێدەنگییە دووڕوویی پێوەرە نێونەتەوەییەکان پیشان دەدات و هاوکارییە بۆ تورکیا کە گۆشەگیری و شەڕی قڕکردن لەسەر گەلی کورد درێژە پێ دەدات، بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەی لێ بکرێت".

بانگەوازی لە ئازادیخوازانی جیهان و ڕێکخراوە مرۆیی و یاساییەکان کرد فشار لە تورکیا بکەن، گوتی: "بۆ بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هەر ئەرکێک بکەوێتە ئەستۆمان جێبەجێی دەکەین. بانگەواز دەکەین بۆ مەزنکردنی تێکۆشان".