بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) بە ڕاگەیەندراوێک ١ی ئایاری لە کرێکارانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز کرد.
لە بەیاننامەکەدا ١ی ئایار لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆز کرا و ئاماژە بەوەکراوە: "با پێکەوە ئەم ڕۆژە پیرۆز بکەین و لەم ڕۆژە مێژووییەدا پێکەوە بەهێزەوە داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەری ڕەنجدەر و خۆڕاگر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەرز بکەینەوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بنەمای هەڵمەتەکانی پشتیوانی بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی کێشەی کورد، میراتی تێکۆشان و بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، کە ڕۆحی هێزی کرێکارانی هەرێمەکە و جیهان لە ڕێگەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکەوە سەر لە نوێ زیندوو کردەوە.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە ڕۆڵی ژنانی کرێکار لە رووبەڕوو بوونەوەی داگیرکاری، سیاسەتی چەوساندنەوە و تیرۆر کراوە.
لە بەیاننامەکەدا بانگەوازێک ئاراستەی دامەزراوە، سەندیکا و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان کراوە کە بە جۆشەوە بەشداری لە پیرۆزباییەکانی ١ی ئایاردا بکەن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە؛ "بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەوا، دادپەروەریەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و ئازاد پشتیوانی لە هەموو کرێکاران و تێکۆشەران دەکەین."