تەڤ-دەم: دەوڵەتی تورک پلانی جینۆساید بەڕێوە دەبات

تەڤ-دەم لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ دەوڵەتی تورک دەیەوێت گەلانی ناوچەکە کۆمەڵکوژ بکات. بۆ خاوەنداری لە کۆچبەران بانگەوازی کرا.

بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) سەبارەت بە هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکە و ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچەی شەهبا بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

ناوەڕۆکی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

"ئەو پێشهاتانەی لە ٢٧ی تشرینی دووەمەو لە سوریا، بەتایبەتی لە باکور و ڕۆژئاوای حەڵەب ڕوویانداوە، لە ئەنجامدا چەتەکانی تەحریر ئەلشام (بەرەی نوسرە) دەستی بەسەر حەڵەب و لادێکانیدا گرت. بەم هێرشانە سوریا گەڕایەوە بۆ خاڵی دەستپێکی شەڕ و ململانێەکانی ساڵانی ڕابردوو. بێ گومان ئەم پێشهاتانە لە خۆڕا ڕوویان نەداوە و ڕژێمی فاشیستی تورک لە پشتی هەموو ڕووداوەکانەوە هەیە. لە بەر ئەوە دەوڵەتی فاشیستی تورک لە پرۆژەی زلهێزە هەژموونخواز و دەسەڵاتدارەکان کە بۆ دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەهەوڵداندان بەشدارە و دەیەوێت میساقی میللی زیندوو بکاتەوە. بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، ڕاستەوخۆ پاڵپشتی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی، وەک داعش، بەرەی نوسرە، بەرەحەمزە، ئەمشات، سوڵتان موراد و دەیان گروپی تر دەکات.

بۆیە لە نێوان ئەو هێرشانەی کە ئێستا ڕوودەدەن بە ناو و نیشانی جیاوازەوە هیچ جیاوازییەک نییە. ئامانجی سەرەکی لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. دەوڵەتی فاشیستی تورک ڕاستی تیرۆری خۆی جارێکی دیکە نیشان دا و کارەساتێکی نوێی ئاوارەبوون و کۆچکردنی بەسەر گەلەکەماندا سەپاند.

ئێمە وەک تەڤ-دەم بە هەموو دیموکراسیخوازان و وڵاتپارێزان و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێین ئامانجەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک زیندوو کردنەوەی ئیمپراتۆری نوێی عوسمانیە بە دەستی تیرۆریستان، بە کۆمەڵکوژی گەلانی هەرێمەکە لە حەڵەبەوە هەتا کەرکوک و موسڵ.

پێویسە هەموو کەس بزانێت دەوڵەتی فاشیستی تورک گەورەترین مەترسییە بۆ سەر گەلان و تەواوی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەتە تیرۆریستەکان زیندوو ڕادەگرێ و دژی پارێزوانانی مرۆڤایەتی بەکاریان دەهێنێت.

لەم سەردەمە هەستیارەدا سڵاو لە ئیرادە و بەرخۆدانی گەلەکەمان دەکەین. داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین دەستبەجێ چاودێری دۆخی دیلەکانی دەستی چەتەکان بکەن، بەتایبەتی بۆ مسۆگەر کردنی ئازادی ژنە دیلەکان. هاوکات خاوەنداری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئاوارەکان سڵاو دەکەین. دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر خاوەنداری لە هێز، گەل و شەڕڤانانی خۆمان بکەین و بە ڕۆحی ئارین و بێریڤان و هەزاران شەهیدی پێشەنگی دیکەمانەوە گەل و خاکەکەمان بپارێزین، بە پشت بەستن بە خوشک برایەتی گەلان پلانەکان تێکبشکێنین."