وتەبێژی یەپەگە: هێرشەکەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر قامیشلۆ بێ وەڵام نابێت

نوری مەحمود وتەبێژی یەپەگە هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری بۆ سەر قامیشلۆ ئیدانە کرد و وتی، ئامانجی دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژکردنی کوردە، بەڵام هێرشەکە بێ وەڵام نابێت.

نوری مەحمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گەڕەکی هلێلیی شاری قامیشلو ئەنجامیدا، کە بەهۆیەوە کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری یوسف گولۆ و دوو منداڵی شەهید بوون، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە:

"جارێکیتر دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە بەر چاوی جیهانەوە نیشانیدایەوە، کە لە هەموو شوێنێک گەلی کورد دەکاتە ئامانج و پاکتاوی دەکات.

هێرشی دڕندانەی دوێنێ (09.11.2021) بۆ سەر قامیشلۆ ئەوە نیشان دەدات، کە مەبەستی دەوڵەتی تورکی تۆرانی پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژکردنی کوردان و هاووڵاتییانە بە بێ جیاوازی، تەنها لەبەر ئەوەی کوردن، کۆمەڵکوژیان دەکات.

لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەیەدا کەسایەتیی کۆمەڵایەتی یوسف گولۆ و نەوەکانی مەزڵوم گولۆ و محەمەد گولۆ، کە لەگەڵیدا بوون شەهید بوون.

ئێمە تیرۆری تورکیا شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشی لە گەل و بنەماڵەی گولۆ دەکەین. هەروەها بە جیهانیشی رادەگەیەنین،  کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک ناتوانێت کارمان تێ بکات و ناتوانێت ئێمە لەسەر ڕێگای شەهیدان و تێکۆشانی ڕزگاری و ڕزگاری لە نیری تیرۆری دڕندانە دووربخاتەوە.

شەهید یوسف گولۆ کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و ریشسپییەکی کۆمەڵگەی کورد بوو، کە بە مەعریفە و هەڵوێستە نیشتمانپەروەرییەکانی  ناوبانگی هەبوو. لە تەمەنی گەنجییەوە بەشداریی خەبات و تێکۆشانی ئاشتییانە و دیموکراتیانە بوو تاوەکو خزمەت بە دۆزی گەلەکەی  بکات. پشتیوانی لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد دەکرد. کاتێک بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد، یوسف گولۆ بە هەموو توانایەوە پشتگیریی لێکرد و دەرگای بەڕووی شۆڕشگێڕانی کوردستاندا کردەوە و لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە پشتیوانییان بوو. نامەردیی بەرامبەر شۆڕشی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان نەکرد و بە دڵ پشتگیریی لێکرد. هەروەها هانی منداڵەکانی دا، کە بەشداری لە ڕیزی شۆڕشگێڕاندا بکەن و بە درێژایی شۆڕشی کوردستان، منداڵەکان و نەوەکانی چوونە ناو ریزەکانی شۆڕشی کوردستان و لەو پێناوەدا شەهید بوون.

لە ڕۆژئاوا و لە سەرەتای شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە شەهید یوسف گولۆ لەگەڵ هەموو خێزان و منداڵ و نەوەکانی پشتیوانییان لەم  شۆڕشە کرد، منداڵەکان و نەوەکانی هان دا بۆ ئەوەی بچنە ڕیزی شۆڕش و ئەوانیش چالاکانە بەشدارییان لە ڕیزی هێزەکانماندا کرد و  چەندین کەسیان چوونە کاروانی شەهیدانەوە و ئێستاش دەیان منداڵ و نەوە و برا و خزمی لەناو ریزەکانماندان.

شەهید گولۆ تێکۆشەرێکی ڕاستەقینەی ئازادیی گەل و وڵاتەکەی بوو و ڕۆڵی گەورەی لە بنیاتنانی خۆشەویستی و بناغەی ژیانی هاوبەش لە نێوان پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەبوو.

ئێمە دووبارە ئەو هێرشە ترسنۆکانەیە ئیدانە دەکەین و دڵنیاین، کە هێزەکانمان پابەند و وفادار دەبن بە ئامانجەکانی شەهیدان و بەردەوام دەبن لە تێکۆشانیان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن و تێکشکاندنی داگیرکاریی تورک. هەروەها بە دڵنیاییەوە جەخت لەوە دەکەینەوە، کە ئەو هێرشە ترسنۆکانەیە بێ وەڵام نابێت".

ژ.ت