ئەمریکا لەسەر سنووری تورکیا ئۆپراسیۆنی ئەنجامدا و بەلانیکەمەوە ٩ کەس کوژران

هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە نزیک کامپی پەنابەرانی ئەتمە لە ئیدلب، کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای سوریا ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و لە ئۆپراسیۆنەکەدا بەلانیکەمەوە ٩ کەس کوژراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (ئەی ئێف پی / AFP)ی ڕاگەیاند "لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەلانیکەمەوە ٩ کەس کوژراون، کە ٢ منداڵ و ژنێکیان لە ناودایە".

راشیگەیاندووە، سەربازەکان بە کۆپتەر لە نزیک کامپی پەنابەرانی ئەتمە لە ناوچەی ئیدلب دابەزیون و ئۆپراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە. کامپی ئەتمە لە سنوری تورکیادایە.

رامی عەبدولڕەحمان ئەوەشی وتوە، ئەو ئۆپەراسیۆنە گرنگترین ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانیی نێونەتەوەییە لە دوای ئۆپەراسیۆنی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، کە ئەبو بەکر بەغدادیی سەرکردەی چەتەکانی داعشی  تیادا کوژرا.

ئیدلب لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکراوە. هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو کەس و کەسانەى، کە ئۆپەراسیۆنەکەیان لە دژ ئەنجامدراوە لە بەردەستدا نییە و تا ئێستا هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لەوبارەیەوە لێدوانی نەداوە.

بە وتەی شارەزایانی ناوچەکە، کەمپەکانی ناوچەی ئەتمە وەک بنکەکانی دروستکردنەوە و رێکخستنەوەی داعش و قاعیدە بەکار دەهێنرێن. هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی چەندین هێرشی لە دژی سەرکردەکانی قاعیدە لە ئیدلب ئەنجام داوە. لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا سوپای ئەمەریکا لە رێگەى بێفڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بەرپرسێکی باڵای قاعیدەی بە ناوی عەبدولحەمید مەتەر کردە و ئامانج و کوشتی.

ژ.ت