ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەکی نوسراودا ڕایگەیاند "حکومەتی دیمەشق بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی تورکیا و هێزەکانی تر بە دروستکردنی ئاژاوە لە لەسەر بنەمای پشتیوانی گروپە تاوانکارەکانی دەیەوێت هەوڵەکان بۆ مسۆگەر کردنی ئاشتی هەرێمەکە تێکبدات.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئاماژەی بەوەدا کە ساڵێک لەمەوبەر بە مەبەستی تێکدانی ئیرادە و بەها کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی دێرەزوور هێرشیان ئەنجامداوە. بەڵام ئەم هێرشانە بە خواستی گەل پوچەڵکراونەتەوە.
هەموو جیهان درکی بەوە کرد کە هێزەکانی ڕژێم و چەتەکانی لە ناوچەکەدا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کۆمەڵکوژیی لە دژی هاوڵاتیان لە ناوچەی ئەلدەهلەی شارۆچکەی ڕۆژهەڵاتی دێرەزور ئەنجامدرا کە زیاتر لە ١١ کەس شەهید بوون کە زۆربەیان منداڵ بوون و زیاتر لە ٥کەسیش برینداربوون.
لە راگەیەندراوەکەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کراوە و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران خوازراوە و هەروەها راگەیەندراوە، "ئێمە جارێکی دیکە رایدەگەیەنین کە ئیرادەی گەلەکەمان لە دێرەزور لە پلانەکانی گەمارۆدانی ئیرادەیان و تێکدانی بەهاکانیان بەهێزترە. لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە ناسراوانەدا کە بە تەواوەتی لەسەر داواکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی گەلەکەمان جێبەجێ دەکرێت، ئێمە لەگەڵ ئیرادەی گەلانمانداین کە لە هەموو پێکهاتەکانن".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و لیژنەکانی بەدواداچوون کراوە کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبهێنن.