مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو

ئەمرۆ هاوکات لەگەڵ دووەم ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

لەسەر بانگەوازی پەژاک، کەژار و ژمارەیەک حزب و لایەنی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکوانانی ناوخۆ، ئەمرۆ لە دووەم ساڵیادی دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان مانگرتن بەڕێوەچوو.

لە شارە جیاجیاکانی پارێزگاکانی سنە، ورمێ و کرماشان مانگرتنەکە دەستیپێکردووە و تادێت فراوانتر دەبێت.

هاوکات لە شاری سەقز، زێدی ژینا ئەمینی بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی یادکردنەوە لە سەر گڵکۆی ئەو کچە کوردە کە بووە هێمای سەرهەڵدانەکە، هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازی چواردەوری گۆڕستانی ئایچییان گرت و رێگرییان لە هاووڵاتیان کرد کە بچنە سەر گۆڕی ژینا.

دوو ساڵ بەر لەئێستا و بەهۆی ئەشکەنجەی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران لە تاران، ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز ژیانی لەدەستدا، ئەوەش بووە سەرەتای دەستپێکردنی سەرهەڵدانێک بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی.

ئەو سەرهەڵدانە کە بە گەورەترین و بەرینترین ناڕەزایەتی تەمەنی کۆماری ئیسلامی دادەنرێت، ماوەی چەندین مانگی خایاند وسەرباری سەرکوت و کوشتاریش نەتوانراوە بە تەواوەتی کپ بکرێت و لە بۆنە و کاتی جیاجیادا سەرهەڵدەداتەوە و هاووڵاتیان بە شێوەی جیاجیا ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی دەوڵەت دەردەبرن.