'رێبەرایەتی بە پارێزنامەکانی خۆی رێگەی ئازادی نیشاندا'

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە خەبات ئاندۆک و ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەکانی گەنجانی ئۆزگور شەڕکەر، رایانگەیاند، کە عەبدوڵا ئۆجالان بە پارێزنامەکانی رێگەی ئازادی نیشان دەدات و وتیان، لەبەر ئەوە گەلانی بندەست هیوا لە پەکەکەدا دەبیننەوە.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە خەبات ئاندۆک و ئەندمی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەکانی گەنجان ئۆزگور شەرکەر، کە بەشدارییان لە بەرنامەی تایبەتی تێرک تیڤی کردبوو، لەبارەی خوێندنەوەی پارێزنامەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زۆر ناوچەکانی جیهان و کاریگەری ئەو لەسەر کۆمەڵگە هەڵسەنگاندنیان کرد.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە خەبات ئاندۆک باسی لەوەکرد، کە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا لە زۆر وڵاتی جیهان پارێزنامەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دەخوێندرێنەوە و وهەم جۆرە بەردەوام بوو: "رێبەرایەتی لە ئەنجامی پیلانگێریی نێونەتەوەییدا کە بە دەیان وڵات بەشداربوون تیایدا بەدیلگیرا و رادەستی دەوڵەتی تورک کرایەوە. رێبەرایەتی لە سیستمی ئیمراڵیدا کە لەلایەن هێزە سەرمایەدارییەکانەوە بونیادنرا، ٢٥ ساڵە لە ژێر گۆشەگیرییەکی دژواردایە. دوای دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار پارچە پلانی قڕکردن لە دژی گەلی کورد خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە. رێبەرایەتی هەوڵیدا گەلی کورد لە ژێر چنگاڵی قڕکردن رزگار بکات. ئەمرۆ لە جیهان لە گەورەوە بۆ بچوک و کەم تەمەن هەمووان باس لە کوردستان و بەرخودانی گەلی کورد دەکەن. ئەوەش بە تێکۆشان و رەنج و ماندووبونی رێبەرایەتی و شەهیدان هاتە ئاراوە.

گەلی کورد لەپێناو خۆی و ناسنامەکەی تێدەکۆشێت، ئەوەش ئەنجامی تێکۆشانی رێبەرایەتیە. ئەمرۆ رێبەرایەتی نوێنەرایەتی کوردستان و کوردی ئازاد دەکات. ئەگەر رێبەرایەتی نەبووایە، نە پەکەکە و نە کوردانی ئازادیش نەدەبوون. روون و بەرچاوە کە چۆن کورد بوونە هیوای هەموو مرۆڤایەتی. رێبەرایەتی لە دژی سیستمی دەسەڵاتداری پیاو و نەتەوە دەوڵەت، نوێنەرایەتی سیستمی دادپەروەرانە، دیموکراتیک، یەکسان و ئازاد دەکات. رێبەرایەتی لە دژی پیلانگێری خاوەن زانابوونێکی زۆر بەهێزە و لە ئیمراڵی پارێزنامەکانی لەسەر بنەمای مێژوو، فەلسەفە و ئەقڵیەتی قووڵ هەڵدەسەنگێنێت. لەو پارێزنامانەدا بەرگری لە کورد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرجەم مرۆڤایەتی کردووە. لە دژی سیستمی هیرارشیک و دەوڵەت پارێز ژنان، گروپە ئیتنیکیەکان و گەلانی بندەست و چەوساوەی پاراستووە.

بە شێوەی گشتی هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی پاراست کە لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە کۆیلەکراون. رێبەرایەتی پارێزنامەکانی خۆی وەک مانیفیستی مەدەنیەتی دیموکراتیک پێناسە کرد. هەربۆیە ئەمڕۆ لە زۆر ناوچەی جیهان گەل ئەو پارێزنامانە دەخوێننەوە، خاوەنداری لە رێبەرایەتی دەکەن، داوای ئازادی جەستەیی دەکەن و لەو پێناوەشدا تێدەکۆشن. مانیفیستۆی هیرارشی دیموکراتیک کە رێبەرایەتی لە دژی دەوڵەت و سیستمی دەسەڵاتداری پیاو بەرەوپێشی بردووە، نەک هەر بۆ کوردان، بە گشتی بۆ تەواوی مرۆڤایەتیە.  بۆ گەلانی بندەست مانیفیستۆی مرۆڤی ئازاد و ژیانی ئازادە. لە پاڕێزنامەکاندا باس دەکرێت کە ژیانێکی دیموکراتیک و پەیوەست بە بەها کۆمەڵایەتیەکان، چۆن دەخوڵقێندرێت".

'دەبێت قورسایی بخەینە سەر بەدیهێنان و دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتی'

خەبات ئاندۆک دەستنیشانی کرد کە پارێزنامەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، سەرچاوەی حەقیقەتن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەستیپێکراوە، لە هەموو ناوچەکانی جیهان پارێزنامەکان دەخوێندرێنەوە. ئەوانەی پارێزنامەکان دەخوێننەوە دەبێت سەرەتا لەوە تێبگەن. رێبەرایەتی رێبەرێکی چۆنە، بۆجی دوژمن بەو ڕادەیە لێی دەترسێت، بۆچی ئەوەندە دوژمنی هەیە؟ کاتێک بابەتەکە دەبێتە رێبەرایەتی، یاسا، سیاسەت، ئەخلاق، ویژدان و مرۆڤایەتی، بۆچی هەموو جیهان لە دژی ئەو یەکدەگرێت؟ بۆچی بۆ گرتنی رێبەرایەتی ئەو هەموو هێزە کەوتنە ئامادەباشیەوە؟ سەرباری نەبوونی بێدەرفەتی، رێبەرایەتی چۆن دەتوانێت لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بەو رادەیە کاریگەر بێت؟

ئەو کەسەی پارێزنامەکان دەخوێنێتەوە، دەبینێت کە رێبەرایەتی چەندە ئازادە، چەندە هیوا، هێز و بوێری بە گەل، ژنان و گەنجان دەبەخشێت و چەندە ترس دەخاتە دڵی دوژمنانەوە. هەربۆیە کاتێک پارێزنامەکانی دەخوێنینەوە، دەبێت بزانین کە ئێمە چ حەقیقەتێک دەخوێنینەوە. رێبەرایەتی بە پارێزنامەکانی خۆی، رێگەی ئازادی نیشان دەدات. مرۆڤێک چۆن بەهێز دەبێت، لە دژی دوژمن دەجەنگێت، چۆن دەبێتە هەڤاڵ و چۆن نوێنەرایەتی مرۆڤێکی ئازاد دەکات و کۆمەڵگەی ئازاد چۆن دەخوڵقێندرێت، وەڵامی ئەو پرسیارانە لە پارێزنامەدایە. هەربۆیە پارێزنامە شۆڕشی ئەقڵیەتە. خوێندنەوەی پارێزنامە تەنیا دەبێت لە چوارچێوەی هەڵمەتدا نەبێت، هەڵبەت ئەوەش زۆر گرنگە. من بەڕێزەوە سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەو چالاکییانەدا بەشداربوون. بەڵام دەبێت زیاتر بن.

هەڵبەت رێبەرایەتی لە ناو گۆشەگیرییەکی زۆر گەورە و سیستمی قڕکردندا، تێدەکۆشێت. بەڵام ئەندێشە و رۆح و هەستەکانی رێبەرایەتی ئازادن. سیستمی سەرمایەداری و نەتەوە دەوڵەت هەرگیز لەسەر رێبەرایەتی کاریگەری دانەناوە. بەڵام لە بەر ئەوەی هەموان و ئێمەش لەو نێوەدا لە ئاستی جیاجیادا کاریگەری سیستمی هیرارشیکی دەوڵەتپارێزمان لەسەر دەبێت، تائاستێک نوێنەرایەتی ئەوە دەکەین. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە پێویستیمان بە ئازادی دەبێت، بەڵام رێبەرایەتی پێویستی بەوە نابێت. بەڵام مرۆڤێکی وەک رێبەرایەتی نابێت لە زینداندا بمێنێتەوە. هەربۆیە دەبێت ئێمە دوژمن تێکبشکێنین. تێکشکاندنی دوژمن لە هەمان کاتدا بە واتای هەڵوەشاندنەوەی سیستمی قڕکردنیشە. هەر تەنیا دەوڵەتی تورک دوژمن نییە، بەڵکوو سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریش کە مەحکومی لەناوچوونە، دوژمنە. لەسەر ئەو بنەمایە رۆڵ و ئەرکێک کە دەکەوێتە سەر شانمان، هەیە. لەو بوارەدا دەبێت قورسایی بخەینە سەر بەدیهێنان و دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتی".

'گەلی کورد شەڕی مان و نەمان دەکات'

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە خەبات ئاندۆک وتی، "ئامانجی رێبەرایەتی بونیادنانی ژیانێکی نوێ، کۆمەڵگەیەکی نوێ و ئازادە " بەم جۆرە قسەکانی بەم وتانە بەکۆتاهێنا: "هەڵبەت وەک بزوتنەوە و پارتیی رێبەرایەتی، ئێمەش رێبەرایەتی بە بنەما دەگرین. ئێمە هەوڵ دەدەین راستی رێبەرایەتی لە ژیان، پەیوەندی و خەباتەکانمان رەنگبداتەوە و بەکرداریی بکەین. تەنیا بەوەشەوە خۆمان قەتیس و سنووردار ناکەین. راستە؛ پەکەکە پارتیی کادرانە، رۆڵ و بەرپرسیارێتیمان هەیە کە ئێمە گەلی کورد لە چنگاڵ و پەنجەی قڕکردن رزگار بکەین. ئێمە هەوڵ دەدەین گەلی کورد لە نوێوە بخوڵقێنینەوە، لەو سیستمی قڕکردن، کولتوری فیۆدالی و سەرمایەداریە رزگاری بکەین. ئەوە ئەرک و بەرپرسیارێتیمانە. سیستمی کەجەکە ئەمەیە. وەک کادرەکانی پەکەکە ئێمەش وەک هەمووان رێبەرایەتی و حەقیقەتی ئەو دەخوێنینەوە. هێندەی لە رێبەرایەتی تێبگەیت، دەتوانیت نوێنەرایەتی ئەو بکەیت، کاتێک خۆمان بەرەوپێش ببەین و خۆمان بگۆرین، ئێمە روودەکەینە کۆمەڵگە. ئێمە دەمانەوێت لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموکراتیکدا، گۆڕانکاری و وەرچەرخان ساز بکەین.

رێبەرایەتی نەک هەر هی کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانە. بەڵام کێشەی گەلی کورد و گەلانی دیکە جیاوازە. بۆ نمونە کێشە کۆمەڵایەتیەکانی گەلانی دیکە جیاوازە، بەڵام گەلی کورد کێشەی هەبوونی هەیە. واتە ئەگەر گەلی کورد شەڕی مان و نەمان دەکات. رۆح، زمان و کولتوری گەلی کورد چەندین ساڵە لە ژێر هێرشدایە. بەڵام هێرشی قڕکردن لە بەرامبەر گەلی کورد نەک هەر لە رووی کولتوری، لە هەمان کاتدا هێرشی جەستەییشی هەیە. لە سەدەی ٢٠دا تەنیا لە باکور بەسەدان هەزار کورد کوژراون. لە هەر چوار بەشی کوردستان گەلی کورد لە رووی جەستەییەوە هەڕەشەی قڕکردنی لەسەرە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە هاوکاری هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریش، لەو کاتەوەی شەڕی سێهەمی جیهانی تێدا روودەدات، سودی لێوەردەگرێت و دەیەوێت ریشەی گەلی کورد هەڵتەکێنێت. گەلی کورد کێشەی جیاجیای زۆری هەیە. بەڵام گرنگترین پرس، پاراستنی هەبوونیەتی. دەبێت لە رووی جەستەیی خۆی و وڵاتەکەی بپارێزێت. گەلی کورد ئێستا ناچار بە کۆچبەری دەکرێت و بە سیاسەتی جیاجیا کوردستان لە خەڵکەکەی دادەماڵرێت. بۆ نمونە ئەوانە لە چوارچێوەی سیاسەتی قڕکردن و جینۆسایددا دەکرێن. گەلی کورد دەبێت لە دژی ئەوە لە هەموو گۆڕەپانێکدا خۆی بپارێزێت".

'هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی نێونەتەوەیی لەسەر ئاستی جیهان گفتوگۆ لەبارەی پارێزنامەکانەوە دەکرێت'

ئۆزگور شەڕکەر ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆمەڵەکانیی گەنجان، لە سەرەتای قسەکانیدا، سڵاوی لە بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد لە ئیمرالی و ئاماژەی بەوەدا کە بە هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری بۆ کێشەی کورد" کە لە ١٠ مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد، پارێزنامەکان لەسەر ئاستی جیهانی قسەو باسی لەسەر دەکرێت. ئۆزگور شەڕکەر ئاماژەی بەوەدا کە دوای پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ئۆجالان بەرخۆدانێکی کلاسیکی بەڕێوە نەبرد و وتی: "پارێزنامەکان دەرئەنجامی بەرخۆدانی گەورەی ڕێبەر ئاپۆیە لە ئیمرالی. لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆدا پرسەکانی دەوڵەت، دیموکراسی، سیاسەت، کۆمەڵناسی، ژنان و گەنجان بە وردی هەڵدەسەنگێندرێن. بێگومان ئەمانە هەمووی بابەتی گرنگی پارێزنامەکانن.

کاتێک دەسەڵاتداران و هێزەکانی سەرمایەداری سەیری کوردستان دەکەن نەوت دەبینن کەسانێک دەبینن کە دەیانهەوێت بیکەنە کۆیلەی خۆیان، بەڵام کاتێک سەرۆکایەتی سەیری کوردستان دەکات لانکەی خۆی دەبینێت دەوڵەمەندی بەها مرۆییەکان دەبینێت سەرچاوەی کولتوور و ڕەسەنایەتی دەبینێت، کاتێک دەسەڵاتداران وەک ڕۆبۆت سەیری مرۆڤ دەکەن، ئیتر ڕۆبۆت لە هەموو شوێنێکە چیتر پێویستیان بە مرۆڤ نییە. ئەوان مرۆڤ لە مرۆڤایەتی دووردەخەنەوە. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە پرۆسەیەک کە مرۆڤایەتی لەکەسایەتی گەلی کورددا مافەکانی پێشێلکرابوو دەرهێنانێکی گەورەی دەست پێکرد، گەورەترین بەڵگە بۆ ئەمە بە هەزارن لاپەڕەی پارێزنامەکانیە.

هەندێک جار دەڵێین تێگەیشتن لە پارێزنامەکان زۆر قورسە و هەندێک جاریش دەڵێین ئاسانە، نە ئاسانن و نە قورسن. ڕێبەر ئاپۆ بەهەزاران لاپەڕەی نووسیووە و دەیان هەزار لاپەڕەی خوێندووتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە بۆ ئەوەی ئەو هەزاران لاپەڕەیە بنووسێت. زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسایەتی شۆڕشگێڕ و مرۆڤی پەروەردە کردووە. واتە پارێزنامەکانی لە ئەنجامی ئەم سەنتێزانە بەرهەم هاتووە. بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی قووڵ لەم پارێزنامانە تێبگەین. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئێمە چەندە بە قووڵی لێکۆڵینەوە لە پارێزمەکان دەکەین. گرنگە تا چەند لەو بۆچوون و جیاوازییانە تێبگەین کە ڕێبەر ئاپۆ لە نووسینەکانیدا بەرجەستەی کردووە. چونکە تاچەندە باشتر تێبگەین، زووتر ڕاستییەکانمان بۆ دەردەکەوێت."

'پارێزنامەکانی سەرۆکایەتی دەبنە ڕووناکی بۆ مرۆڤایەتی'

ئۆزگور شەڕکەر ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆمەڵەکانی گەنجان ئاماژەی بەوەدا کە نەک تەنها گەنجانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ٢٤ وڵاتەوە گەنجان بەشدارییان لە کۆنفرانسی گەنجاندا کرد و وتی: "لە گفتوگۆکانی کۆنفرانسەکەدا ئەوەندەی بەدواداچوونمان کردووە هەوڵێکی بەرفراوان بۆ تێگەیشتن لە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ دراوە، لەزۆربەی وڵاتاندا گەنجان و ژنان باس لەسەر ڕێبەر ئاپۆ و بیروڕا و پارادایمەکانی دەکەن. هەر لە باکووری ئەفریقاوە تا ئەمریکای لاتین، ئەم بیرۆکەیە کاریگەری لەسەر هەموو گەلان هەیە. ئێمە خۆمان بەوەو سنووردار ناکەین و ناڵێن بەسە، بێگومان دوژمن هەرچییەک بکات ناتوانێت گوشار بخاتە سەر هێز و توانایەکان سەرۆکایەتی. ڕاستە ئەمڕۆ سەرۆکایەتی لە چوار دیواردا بەند کراوە. دەبێت گەنجانی کورد ئەوەیان لە بیر بێت ئەو ژوورەی ڕێبەراتەتی تێدایە ٣بۆ ٦ مەتر دەبێت و شوێنی پشوودانی نییە، ڕۆژانە لە ئیمرالی هێرشی دەروونی دەکرێت، شەڕێکی تایبەت لەئارادایە، هێزە نێودەوڵەتییەکان دەستیان لە هەموو ئەو بارودۆخەی ئیمرالی هەیە و ڕۆژانە گوشار و دڕندەیی لە دژی سەرۆکایەتیمان بەڕێوە دەبەن.

دوژمن دۆخێکی وای خوڵقاندووە. بەڵێ هێزی ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجێکی وەها سەختدا سەرهەڵدەدات. لای ڕێبەر ئاپۆ دیوارەکانی ئیمرالی نەبوونەتە بەربەست لەوەی درێژە بە تێکۆشان  و بەرخۆدانی بدات، ئەمڕۆ هێز و تواناییەکانی ڕێبەر ئاپۆ بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. ئایدۆلۆژی ڕێبەر ئاپۆ لە ئەنجامی هەوڵ و تێکۆشانێکی گەورەدا سەریهەڵدا. دوژمن هەمیشە دەڵێت پەکەکە لە هەموو شوێنێکە، لە ژاپۆن، لە باشووری ئەفریقا. دەڵێت، لە هەر شوێنێک بن، پێویستە قەدەغەیان بکەین. لە ڕاستیدا لە سایەی تێکۆشان و بەرخۆدانی بێ وێنەی ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە لە هەموو شوێنێک بڵاودەبێتەوە. دوژمن دەبینێت کە هێزێکی گەورەی ئایدیۆلۆژی بوونی هەیە. سەرۆک ئاپۆ دەڵێت: "لە کۆمەڵگای جیهاندا گەمژەییەکی فیکری هەیە". سیستەم کەسانێک دەخوڵقێنێ کە مێشک و دڵیان بەکار ناهێنن. لە بەرامبەر ئەمەدا پارێزنامەکانی ڕێبەرایەتی دەبنە هۆی ڕووناکی و ئازادی بۆ مرۆڤایەتی.

ئەمەش سەرنجی مرۆڤەکان ڕادەکێشێت. بۆیە گەلی ئەفریقای باشوور دەڵێن دەبێت کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لە وڵاتەکەماندا دابمەزرێنین. کاتێک گەلی کەتەلۆنیا پارێزنامەکانی سەرۆک ئاپۆ دەخوێنێتەوە، دەڵێن ئەمانە بیروڕای ئێمەشە و لێرەدا بەهای مرۆیی هەیە. بەم هۆیەشەوە دەوڵەتی تورک گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ زیاتر دەکات بەڵام هەرچییەک بکەن ناتوانن ڕێگری لە بیرۆکە و ئایدیۆلۆژی سەرۆکایەتی بکەن کە لە سەرانسەری جیهاندا لە بڵاوبوونەوەدایە. کەواتە هەرچەندە دوژمن لە سەرۆکایەتی دەترسێت، بەڵام  گەل بە خۆشەویستی، سۆز و متمانەی زۆرەوە سەرۆکایەتی لە ئامێز دەگرن. بۆیە ئێمە دڵنیاین کە ئایدیۆلۆژی سەرۆک ئاپۆ ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردن دایە و بڵاو دەبێتەوە. هەروەها بێگومان ئەرکی سەرەکی لێرەدا دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە."

'لە تێکۆشانی ئازادیدا سەرەکیترین ئەرک دەکەوێتە سەر گەنجان و ژنان'

ئۆزگور شەرکەر ئاماژەی بەوەشدا کە گرنگترین بەرپرسیارێتی لە تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا دەکەوێتە سەر شانی ژنان و گەنجان و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "تەنها بڵێین من ئاپۆییم، من گەنجم بەس نییە. ئەمە چەندە بۆ ئێمە ڕەوایە، ئەوەندەش بۆ هەموو گەنجانی کوردستان ڕەوایە. چونکە نمونەی گەنجانی ناو پەکەکە لە هیچ شوێنێکی دونیادا نییە. لە مێژووەوە تا ئەمرۆ ژن و گەنجی پێشەنگ لە هیچ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا ‌هێندەی ڕیزەکانی پەکەکە نەبینراون. ئەمەش لە سایەی ئایدۆلۆژی ڕێبەر ئاپۆەو سەریهەڵداوە. ئەمڕۆ لە تورکیا پارتە سیاسییەکان زۆرن، لە سایەی ڕێبەر ئاپۆدا گەشەیان کردووە. مافی ژنان و گەنجان دیاری کراوە. ئەوەندەی کە سەرۆکایەتی بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگای کوردیدا، بەهەمان شیوەش بووەتە هۆی گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگەی تورکیشدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە ئێمەی کورد و گەنجانی کورد باشتر لەوە تێبگەین و بەها و بایەخی بزانین.

ڕۆزا لوکسەمبورگ بە لینین دەڵێت دەبێت گەنجان بە شێوەیەکی جیاواز بە ڕێکخستن بکرێن، بەڵام لینین دەڵێت ئەگەر شۆڕش ئەنجام بدەین کێشەی ژنان و گەنجان چارەسەر دەبێت. بەڵام سەرۆک ئاپۆ بەهۆشیارییەکی بەرزەوە بەسەر ئەو پێوانەیەدا تێپەڕی و سەرو ژێری کرد. مرۆڤ تا زیاتر تێکۆشان بکات زیاتر دەبێتە تێکۆشەر و شایانی ڕێبەر ئاپۆ، ڕێبەر ئاپۆ تەنیا بە بیروبۆچوون و هەزاران لاپەڕەی پاراێزنامەی نییە کە کارێگەرییەکی وەها گەورەی دروستکردووە بەڵکوو پێگە، تێکۆشان و بەرخۆدانەکانیشی سەرچاوەی هێز و گۆڕانکارین. هەندێک کەس دەڵێن فاشیزم هەیە، ئێمە ناتوانین هیچ بکەین، دەبێت پاسیڤ بین و خۆمان بێدەنگ بکەین. بەڵام ئاپویی بوون جیاوازە و لەدژی زوڵم وچەوسانەوە بەرخۆدان و تێکۆشان دەکات.

لە تورکیا ڕۆژەڤێکی وەها هەیە کە مرۆڤ شەرم دەکات سەیریان بکات. هیچ کەسێک نییە بڵێت منداڵێکی ٨ساڵان چی بەسەر هاتووە. ئەمە چۆن ڕوویدا لە ئەنجامی چ عەقڵییەتێک گەیشتووتە ئەم دۆخە، بێگومان دەرئەنجامی عەقڵیەتی ئاکەپە و مەهەپە، سیستەم و دەوڵەتی ٥٠٠٠ ساڵەیە، ڕێبەر ئاپۆ لەبەرامبەردا  ئەڵتەرناتیڤێکی داڕشتووە ئەگەر ئەمڕۆ گۆشەگیرییەکی وا توند لە دژی سەرۆکایەتی هەیە ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانە. ئەگەر ڕێگرییەکان نەبوایە و سەرۆکایەتی بەئاسانی بیتوانیبا ڕەوڵی بگێڕابا، دەیتوانی بەکاریگەرییەکانی کێشەکان چارەسەر بکات و کەس نەیدەتوانی کۆمەڵگا لە پێناو خواستە گڵاوەکانی بەکار بهێنێ، خۆی بفرۆشێت یان بازرگانی بە مرۆڤەکانەوە بکات. بۆیە وەک گەنجان پێویستە بیرۆکەکانی سەرۆکایەتی لە ژیانماندا جێبەجێ بکەین. لەم پرۆسەیەدا ئەرکی سەرشانی ئێمەی گەنجان بەشداریەکی کارایە لەو هەنگاوەی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە ئەگەر بە باشی ئەرکەکانمان بە جێ بگەیەنین دەتوانین بڵێێن ئێمە فیدایی ڕێبەر ئاپۆین."