دەوڵەتى تورک لە لیبیا ٥ هاووڵاتیی مەدەنیی کوشت

فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر شاری میزدایان لە ررۆژئاواى لیبیا بۆردومانکرد و بەو هۆیەوە ٥ هاووڵاتیی لیبییان لەو شارەدا کوشت.

ئەحمەد مسماری وتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکانی دەوڵەتى تورک بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ئۆتۆمبێلێکیان لە شاری میزدا بۆردومانکردووە، کە خواردەمەنیی تیادا بووە.

مسماری راشیگەیاند "رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لە دژی لیبیا و گەلی عەرەب کۆمەڵکوژییەکى ئەنجامدا. هێرشیانکردە سەر ئۆتۆمبیلێک، کە خۆراکی تیادا بووە و لەو هێرشەدا بەلانیکەمەوە ٥ هاووڵاتیمان کوژراون".

مسماری ئەوەشی وت "فڕۆکە جەنگییەکانیان هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و سەرباری بۆردومانکردنی لۆرییەکى هەڵگری خواردەمەنی، شوێنێکى بەخێوکردنی هەنگیشیان لە نیمسای رۆژهەڵاتی میزدا بۆردومانکردووە".

ئەو هێرشە لە کاتێکدا ئەنجامدراوە، کە خەلیفە حەفتەر رایگەیاند، ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵاتی لیبیای لە ئەستۆ گرتووە.

پەرلەمانی لیبیا لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە پشتیوانى لە حەفتەر دەکات و حکومەتى هاوپەیمانیی نیشتمانی، کە ئەنقەرە پشتیوانیی لێدەکات رەد دەکاتەوە. حەفتەر رایگەیاند، هەموو هەلومەرجەکانی دروستکردنی دەوڵەتێکى مەدەنی ئامادە دەکات و ئۆپراسیۆنەکانیش لە دژی ترابلوس بەردەوامییان دەبێت.  

رژێمی تورک بڵابونەوەى پەتای کۆرۆنای بۆ خۆی کردووە بە هەل و پشتیوانییەکانی بۆ ئیخوان موسلیمین لە ترابلوس زیاتر کردووە.  رژێمی تورک گەمارۆی چەکی ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سەر لیبیا بە ئاشکرا پێشێل دەکات و بە بەردەوامی چەک و چەتە رەوانەى لیبیا دەکات. دەوڵەتى تورک ئەو چەکدار و سەربازانەى لە بەرامبەر پارەدا ئامادەن شەڕ لە دژی هەموو کەسێک بکەن رەوانەى لیبیا کردووە و هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى جۆری درۆن، ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و چەکی جۆراجۆری رەوانى ترابلوس کردووە. هەزاران چەتەى رژێمی تورک لە سوریا نێردراون بۆ ترابلوس و راهێنانیش بە هەزاران چەتەى تر دەکرێت، کە رەوانەى ترابلوس بکرێن.

ژ.ت