لە بەلجیکا قەدەغەى هاتوچۆ تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئایار درێژکرایەوە

بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١٧ی ئادارەوە لە بەلجیکا چوونە دەرەوە لە ماڵەوە سنووردار کراوە و قۆناغ بە قۆناغ ئەو سنووردارکردنە درێژکراوەتەوە و ئەمڕۆش بڕیاردرا ئەو سنووردارکردنە تاوەکو ١٨ی ئایار درێژ دەکرێتەوە.  

سۆفی ویلمێس سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا لەوبارەیەوە رایگەیاند، بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوەى پەتای نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) تاوەکو ئێستا ٦ هەزار و ٧٠٠ کەس لە بەلجیکا گیانیان لە دەستداوە.

سەرباری ئەوەى بڵاوبوونەوەى پەتاکە کەمبووەتەوە، بەڵام سۆفی ویلمێس وتی، دۆخەکە هەستیارە، بۆیە سنووردارکردنی هاتوچۆ، کە لە  ١٧ی ئادارەوە دەستیپێکردووە تاوەکو ١١ی ئایار دەرێژ دەکرێتەوە و لە ١٨ی ئایارەوە هەنگاو بە هەنگاو سنووردارکردنی هاتوچۆ نامێنێت.

خوێندنگەکان بەش بەش دەکرێنەوە

بەپێی بڕیاری حکومەتى بەلجیکا، خوێندنگەکانى ئەو وڵاتە بە شێوەى بەش بەش دەکرێنەوە. خوێندنگە سەرەتاییەکان تاوەکو کۆتایی ئایار ناکرێنەوە، بەڵام خوێندنگەکانى تر بەپێی وانەکانیان و گرنگیی ئەزمونەکانیان هەنگاو بە هەنگاو دەکرێنەوە.

خوێندکارانی سەرەتایی و ناوەندی بەپێی وانەکانیان و بە گوێرەی دۆخی دایک و باوکیان وانەى پێدەوترێتەوە.

لە کاتی کردنەوەى هەر بەشێکى خوێندنگەکاندا هەم خوێندکاران و هەم مامۆستایان دەبێت بە ناچاری کەمامە ببەستن.

لە کۆی ١١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دانیشتوی وڵاتی بەلجیکا، تاوەکو ئێستا ٤٤ هەزار و ٣٠٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٦ هەزار و ٦٧٠ کەسیش گیانیان لە دەستداوە. بەپێی ژمارەى دانیشتوان بەلجیکا زۆرترین گیان لە دەستدانی بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە.
ژ.ت