لە ساڵی رابردوو لە دونیادا ٥٠ ملیۆن کەس ناچاری کۆچبەری بوون

ماڵی چاودێریی دۆخی کۆچی ناوخۆیی (IDMC) رایگەیاند، بەهۆی شەڕ و کارەساتەکانى ساڵی ٢٠١٩ەوە ٥٠ ملیۆن کەس کۆچیان کردووە.

ماڵی چاودێریی دۆخی کۆچی ناوخۆیی (IDMC) و ئەنجومەنى پەنابەرانى نەرویج (NRC) راپۆرتی ساڵانەیان بڵاوکردەوە و لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٩دا ٣٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە ناو وڵاتەکانیاندا لە شوێنێکەوە کۆچیان بۆ شوێنێکى تر کردووە. بەوەش ژمارەی ئاوارەکان لە ناوخۆی وڵاتەکاندا گەیشتووەتە ٥٠ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس.

ئاماژە بەوەشکراوە، ژمارەى پەنابەرانیش گەیشتوەتە ٢٦ ملیۆن کەس.

بەپێی ئەو راپۆرتە، ٢٤ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە لە ناوخۆی وڵاتەکانیادا ناچار بوون لە شوێنێکی وڵاتەکەیانەوە کۆچ بکەن بۆ شوێنێکى تر.

ساڵی رابردووش بە هۆی شەڕی چەکداریەوە لە ٦١ وڵاتدا ٨ ملیۆن ٥٠٠ هەزار کەس ناچار بوون لە شوێنێکى وڵاتەکەیانەوە کۆچ بۆ شوێنێکى تری وڵاتەکەیان بکەن.

ژ.ت