بە دیمەن

موسلێم: کۆبانی هەموو پلانەکانی دوژمنی ئاشکرا کرد

ساڵح موسلێم، هاوسەرۆکی پەیەدە وتی: "کۆبانی هەموو پلانەکانی دوژمنی ئاشکرا کرد. لە باکور "پلانی لەناوچوون" دەستی پێکرد. دیالۆگ وەستا، ڕژێم گۆڕا و هاوپەیمانییەکی نوێ دروست بوو."

ساڵح موسلێم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک، لە ساڵیادی هێرشی داگیرکەران بۆ سەر کۆبانی لە ٢٥ی جۆزەردان، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد. موسلێم بە ئاماژەدان بەوەی کە هێرشی سەر کۆبانی لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ بێ هۆ و بەبێ لەبەرچاوگرتنی زۆر شت بوو و وتی، پێش لەوە بەرخۆدانێکی مێژوویی لە کۆبانی کرا بوو. لە بەر چاوی دونیادا، شارۆچکەیەکی بچووک کە تەنانەت لەسەر نەخشەش نەدەبینرا، بەناوی مرۆڤایەتییەوە، بۆ چەند مانگێک بەرخۆدانێکی گەورەی نیشان دا و لە ئەنجامی ئەو بەرخۆدانەدا داعش شکستی هێنا. لەو کاتەدا کەسانێکی وەک ئەردۆغان هەبوون کە چاوەڕێی ڕووخانی کۆبانی بوون. لە ڕاستیدا هاتنی داعش پلانی دەوڵەتی تورک بوو.

کۆبانی بوو بە هێمای شانازی گەلی کورد. هێمای خۆڕاگری و شانازی، نەک تەنها بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤە چەوساوەکان. دیموکرات، سۆسیالیست و ئازادیخوازەکان بۆ گەیشتن بە کۆبانی لە پەرسێوس کۆبوونەوە. بۆ منداڵانی کۆبانی شت و مەکی منداڵانەیان هێنابوو، بەڵام ئەردۆغان ئەمەی پێ خۆش نەبوو. لەناو ئەو کەسانەدا بۆمبیان تەقاندەوە و ٣٣ کەسی چالاکوانیان کوشت. هەروەها ئەمە  نیشاندەری ئەوە بوو کە کۆبانی نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی جیهان و ستەملێکراوان، کەسانێک کە ئازادی و دیموکراسییان دەوێت، هێمایە. هەر بۆیە تا ئێستا هێرشەکان بۆ سەر کۆبانی بەردەوامن."

موسلێم بە ئاماژەدان بەوەی کە سەرکەوتنی کۆبانی لە ٢٥ تا ٢٦ی ١ی ٢٠١٥ دوژمنایەتیەکانی حکومەتی تورکی خستە ڕوو، هێرشە داگیرکەرییەکان جارێکی دیکە دەستیان پێکردەوە و وتی: "لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ بۆ جاری دووەم خۆیان بۆ هێرشکردن ئامادە کرد. ڕۆڵەکانی کۆبانی، کۆبانییان بەجێهێشتبوو و بە دوای داعشدا دەگەڕان. هەندێکیان خۆیان بۆ ئازادکردنی منبج ئامادە دەکرد. بەشێک لە (هەرێمی) سێرین بەشداریی شەڕ بوون. لە لای ڕۆژهەڵاتەوە گەیشتبوونە گرێسپی. شەڕ لە کۆبانی دوور کەوتبووەوە. شاری کۆبانی بە تەنیا مابویەوە. هەر بۆیە پلانێکی بەرفراوانیان داڕشتبوو. بەو پێیەش دەیانویست چەتەکان لە ڕۆژئاوای فورات و جەرابلوسەوە لە ڕێگەی کەشتییەوە بگوازنەوە بۆ ئەودیوی فورات و هێرشێکی نوێ بکەنە سەر کۆبانی. هەروەها لە باشوورەوە سەدان چەتەیان لە ڕەقەوە هێنا و شەوانە هەوڵی هێرشکردنە سەر کۆبانی-یان دەدا. سەرەتا بە ١٠٠ کەسەوە خۆیان ئامادەی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا کردبوو. هەروەها لە بەرەی باکوورەوە ئامادەکارییان کردبوو. لە ڕاستیدا لە هەموو سنوورەکانەوە ئامادەکارییان کردبوو. بەشێکی زۆری هێرشبەرەکان جلوبەرگی شەڕڤانانی یەپەگەیان لەبەر کردبوو. ئاڵاکانی یەپەگەیان بەرزکردبووەوە. لە ڕاستیدا ئەمە ئەو شێوازە بوو کە تورکەکان لە مێژوودا بەکاریان هێناوە. بەم شێوەیە چوونە ناو کۆبانی و دەستیان کرد بە کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل. نزیکەی ١٠٠ کەس چوونە ناو کۆبانی. بەهۆی بەرپرسیارێتی شەڕڤانانی کۆبانی و شەڕڤانانی یەپەگە، بە خێرایی دەستوەردانیان لە دۆخەکەدا کرد. هەروەها ئەو هێرشبەرانەی کە لە ئاراستەی ڕەقە و ڕۆژئاوای کۆبانیەوە دەیانویست خۆیان بگەیەنە کۆبانی، بەرپەرچ درانەوە و نەیانتوانی بپەڕنەوە. دوایی ئەوانەی چوونە ناو کۆبانی و ئەوانەی لە سنووری تورکیاوە هاتبوون و لە دژیان شەڕ دەستی پێکرد. بۆیە جارێکی تر شکستیان پێهێنرا. بێگومان تێچووی هێرشەکان زۆر بوو. لەم هێرشەدا ٢٥٢ کەس لە گەلەکەمان شەهید بوون و ژیانیان لەدەستدا. زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون کە لە ماڵەکانیاندا کوژراون. بە دڵنیاییەوە برینێکی گەورە بوو لە دڵی خەڵکی کۆبانیدا مایەوە، ئەوان دوای ئازادکردنی کۆبانی دەیانەویست ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەو خەڵکە بکەن کە لە کۆبانییەوە کۆچیان کردبوو."

ساڵح موسلێم ئەوەشی خستەڕوو کە تائێستا ئەردۆغان کۆبانێی لەبیر نەکردووە، هەرجارە هەڕەشەیەک دەکات دەڵێت لە کۆبانێوە دەست پێدەکەم و ئاماژەی بەوەدا کە بە وشە وەسفی بەرخۆدانی کۆبانی ناکرێت.

هەروەها موسلێم بە بیری هێنایەوە کە لە هەشتەمین ساڵیادی سەرکەوتنی کۆبانێدا، دەوڵەتی تورک لەژێر ناوی 'کەیسی کۆبانێ'دا سەدان ساڵ زیندانی بەسەر لایەنگرانی کۆبانێدا سەپاند و ڕایگەیاند کە هۆکاری ئەم کارە خۆڕانەگرتن بوو لە سەرکەوتنی کۆبانێ.

هاوسەرۆکی پەیەدە بە وتنی ئەوەی کە بەرخۆدانی کۆبانی هەندێک شتی ئاشکرا کرد، وتی: "دوای سەرکەوتنی کۆبانێ، پلانەکانی حکومەتی تورک لە ناوچەکەدا ڕوون بوونەوە، ئەم پلانە لەسەر بنەمای لەناوبردنی گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادی گەلی کورد دانراوە. ئەم پلانە لە ساڵی ٢٠١٤ بە شەڕی کۆبانی دەستی پێکرد و جێبەجێ کرا. بنەمای ئەم پلانە، لەناوبردنی گەلی کوردە لە ڕۆژئاوا، باکوور و باشووری کوردستان. ئەم پلانە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لە ڕاستیدا کۆبانێ پلانەکانی دوژمنی ئاشکرا کرد. سەرنج بدەن، دوای سەرکەوتنی کۆبانێ، دوژمن 'پلانی لەناوچوون'ی لە باکوری کوردستان جێبەجێ کرد. دەوڵەتی تورک گۆڕا. قۆناغی دیالۆگیان ڕاگیرا. هاوپەیمانی گولەن-ئەردۆغان تێکچوون ، لەبری ئەوەدا ئەردۆغان هاوپەیمانییەکی نوێی لەگەڵ ئەرگەنەکۆن و مەهەپە دروستکرد. هەرچی مافیا هەبوو، لە دەوری خۆی کۆ کردەوە. تەنها بە ئامانجی شەڕ لەگەڵ کورد. بەهۆی تەقینەوەکەی ئەنقەرەوە ١٠٣ کەس گیانیان لەدەستدا. دەوڵەتی تورک لە هەموو شوێنێک داعشی بەکار دەهێنا. کۆبانێ هەموو ئەو پلانانەی ئاشکرا کرد. هەر بۆیە تا ئێستاش هەڕەشە لە کۆبانێ و ڕۆژئاوا دەکات. لە هەڵبژاردنە هەرێمیەکان تووڕە و لا قەبووڵکراو نییە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە حکومەتی تورک چ دوژمنایەتییەکی قووڵی لەگەڵ کورد هەیە. بۆیە نە کۆبانی لەبیر دەکەن و نە برایەتی گەلانیان قبوڵە. لە هەر شوێنێک سەرکەوتنێکی بچووکی کورد هەبێت، دەوڵەتی تورک پێ قبووڵکراو نییە.

ساڵح موسلێم ڕایگەیاند کە دوژمن پێوەرە ئەخلاقی و مرۆیییەکانی لە بەرچاو ناگرێت و وتی: "دەوڵەتی تورک لە بەردەم دامەزراندنی ئاشتی هەمیشەیی لە سوریادا ڕێگرە. ئەگەر لە سوریا ئارامی و ئاسایش هەبێت، کورد دەبێت خاوەن مافی خۆی و لەوە ترسی هەیە. هەوڵ دەدات لەگەڵ حکومەتی دیمەشق کۆببێتەوە. پێویستە گەلی کورد زۆر باش لەمە تێبگات. دەوڵەتی تورک تەنها دوژمنی کۆبانێ نییە، دژی هەموو گەلی کوردە. بە ڕوونی خۆیان ئەمە دەڵێن. ئەمڕۆ باشوریشی داگیر کردووە. لە ساڵی ٢٠١٢ەوە تا ئێستا هێزەکانی لە بەعشیقە نەکێشاوەتەوە. ئایا بەعشیقە کوردستانە؟ نەخێر. دەیەوێت لەوێشەوە هێرش بکاتە سەر کوردستان. ئەم دوژمنە بۆ ئەوەی گەلی کورد مافی خۆی وەرنەگرێت پەنا بۆ هەموو جۆرە ڕێگایەک دەبات. هیچ ستاندارد و یاسایەکی نێودەوڵەتی بەرچاو ناگرێت."

لە کۆتایی قسەکانیدا ساڵح موسلێم ئاماژەی بەوە دا کە تێکۆشان و بەرخۆدانی چوار پارچەی کوردستان دەبێتە هۆی تێکشکاندنی عەقڵیەتی دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک و وتی: "ئێمە لە کۆبانی بەرگریمان لە کەرامەتی خۆمان و مرۆڤایەتی کرد. تێکۆشانی کۆبانی بوو بە نموونەی بەرخۆدان و شکۆمەندی بۆ هەموو جیهان. هەتا دواییش بۆ کۆتایی هێنان بە دڕندەیی و ستەمکاریی دژ بە مرۆڤایەتی هەرچی پێویست بێت دەیکات. ئێمە لەو باوەڕەداین گەلی کورد سەردەکەوێت."