بومەلەرزە لە باکوری کوردستان؛ هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە –ڕوماڵی ڕاستەوخۆ-
بەهۆی ڕوودانی بومەلەرزەی ٧.٨ پلە بە پێوەری رێختەر لە مەرەشی باکوری کوردستان هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و خەڵکێکی زۆریش لە ژێر داروپەردوی بیناکان دا گیریانخواردووە.
بەهۆی ڕوودانی بومەلەرزەی ٧.٨ پلە بە پێوەری رێختەر لە مەرەشی باکوری کوردستان هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و خەڵکێکی زۆریش لە ژێر داروپەردوی بیناکان دا گیریانخواردووە.
٢٠:٤٥
مانگی سووری کورد: ئامادەین بە دەرفەتی خۆمان هاوکاری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بکەین
٢٠:٢٩
یونسکۆ: بۆ ئەو شوێنەوارە مێژووییانەی کە لە لیستی میراسی جیهانیدان پسپۆڕان ئەرکدار کراون
ئاندری ئازولای سەرۆکی گشتی رێکخستنی پەروەردەم زانست و کەلتوری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەو شوێنەوارانەی کە لە بومەلەرزەکەی مەرەش و دیلۆکدا زیانیان بەرکەوتووە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا باسی ئەوە دەکرێت کە شوینەوارەکانی شاری دێرینی حەلەب، قەڵاکانی ئامەد و باخچەی هەوسەل زیانیان بەرکەوتووە.
٢٠:٠٠
کۆردیناسیۆنی قەیرانی بومەلەرزەی هەدەپە بانگەوازی سەفەربەری لە گەل کرد
بەردان ئوزتورک بە ناوی کۆردیناسیۆنی قەیرانی بومەلەرزەی هەدەپە و سافیە ئاکداغ هاسەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی پشتگیری یاسایی و خانەوادەی زیندانیان و سزادراوانی مەد (مەد – توهاد – دەر) لەبارەی بومەلەرزەکە راگەیەندراویان بڵاوکردەوە و داوای بانگەوازی سەفەری لە گەل کرد.
١٩:٤٧
' دەسەلات کارەساتەکە زیاتر دەکات'
بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی لەسەر ناوی کۆردیناسیۆنی ناوەندی قەیرانی هەدەپە قسەی کرد و وتی، " دەسەڵات وادەکات کە کارەساتەکە گەورەتر ببیت. دوو رۆژە تاوەکو ئێستا هاوڵاتیان لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندایە. ئەمە نیشانەیەکی دیارە ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات. بە کۆردیناسیۆنی ناوەندی، شار و ناوچەکان لە سەرەتاوە هەدەپە دەستی بە هاوکاریکردن کردووە و سەفەربەری راگەیاندووە."
١٩:٤٠
خەڵکی رەققا بەهۆی کاریگەری بومەلەرزەکە لە چادرەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.
١٩:٣٧
پایلان: لەدژی کات و سەرما تێدەکۆشین
گارۆ پایلان پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد لەبارەی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی هاولاتیان زانیاری بڵاوکردەوە. پایلان رایگەیاند کە لە شارەکان کێشەی پەناگە هەیە و وتی، " ئێمە لەدژی کات و سەرما تێدەکۆشین و بانگەوازی دەکەین کە هاوکاریەکان زیاد بکرێن."
١٩:٢٨
پسپۆرێکی بومەلەرزە: ئەگەر روودانی بومەلەرزەی دیکە هەیە
دوای کارەساتی بومەلەرزەکە، فرانک هۆگربیتس پسپۆڕی بومەلەرزەزانی هۆڵەندی رایگەیاند، ئەگەری روودانی بومەلەرزەی دیکە هەیە و وتی، " لە ٨ی شوباتدا ئەگەری هەیە بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥ یان ٦ پلەی ریختەر رووبدات.
ئەو پسپۆڕە، پیشتر هوشداری دابوو کە لە ٦ی شوباتدا لە کوردستان بومەلەرزە روودەدات.
١٩:٢٠
مەلەکەپە: بودجەی دەسەڵات بۆ گەل نییە بۆ شەڕە
رێکخستنی مەلەکەپە / کوردستان وتی، " بودجەی دەوڵەتانی کاپیتالیست بۆ گەل نییە. دەوڵەتی تورک هەموو بودجەکەی بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خەرج دەکات. بەڵام تاوەکو ئێستاش نەیتوانیوە خۆی بگەیەنێتە ئەو ناوچانەی بومەلەرزە تێیدا روویداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا تەئکید لەسەر گرنگی پشتگیری بۆ لێقەوماوانکرا و بانگەوازی کرا کە حکومەتی دیمەشق کۆتایی بە گەمارۆی سەر حەلەب بهێنێت.
١٩:٠١
پۆلیس هەڕەشەی لە رۆژنامەنووسان کرد
رۆژنامەنووس کاڤیلا چاودێری کارکردنی دەکرد لە باڵەخانەیەکی ١٢ نهۆمی لە شەقامی ئەلازیغی ناوچەی یەنی شەهیری ئامەد کە رووخاوە. پۆلیسی تورک رۆژنامەنووسەکەی دوور خستەوە. پۆلیس بەتەنیا مۆڵەتی بە رۆژنامەنووسی نزیک لە دەسەڵاتدا کە ڕۆماڵ بکات. پۆلیس بە رۆژنامەنووسەکانی ئۆپۆزسیۆنی کرد، نابێت لێرە بن و رۆژنامەنووسانیان دوور خستەوە.
١٨:٤٠
١٨:٢٠
'سێ منداڵ و هاوسەرەکەم لەژێر باڵەخانەیەکی رووخاودان، هیچ کەسێک هاوکاری ناکات'
لە سەمسوری کەسێک کە ٣ منداڵ و هاوسەرەکەی لەژێر داروبەردووی باڵەخانەیەکدان وتی، لە ئەستەنبوڵەوە هاتم. کەس نییە هاوکاریمان بکات.
تکا دەکەن. سێ مندال و هاوسەرەکم لێرە لەژێر ئەم باڵەخانە رووخاوەدان. کەس هاوکاریمان ناکات. دەپرسم. هێشتا ئاوێکیش بۆ ئێرە نەهاتووە. هیچ کەسێک نەهاتووە بۆ ئێرە. هیچ دەنگێک لەژێر دورووپەردووی بیناکەدا نابیسترێت.
١٨:٠٠
هاوکاری پێشکەشی زیانلێکەوتووانی سەمسور ناکرێت، گەل بە دەرفەتی خۆی هەوڵ دەدات
١٧:١٤
لە ناوەندی هاتای و ناوچەکان کارەبا و ئاو بڕاوە. شەبەکەی تەلەفون نییە. لەسەر رێگەی نێوان ئەسکەندەرون و هاتای هاتوچۆ قەدەغەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە دیواری نەخۆشخناەکانی شاری مێرسین کە بریندارەکانی رەوانەکراون، درزیان بردووە.
١٧:٠٨
بریندارانی هاتای، عوسمانیە و ئیسلاحیە بۆ مێرسین رەوانەکران
برینداران لە شارەکانی هاتای، عوسمانیە و ناوچەی ئیسلاحیەی دیلۆک کە لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا رزگارکران، بۆ نەخۆشخانەی شاری مێرسین رەوانەکران.
١٧:٠٣
لە سەمسور گەل نارەزایەتی دەربڕێ و پارێزگای پێکەنی
لە سەمسور گەل بەرەو پارێزگاری رێپێوانی ئەنجامدا. جەماوەر لەبەردەم پارێگاری بە دروشمی ' سەمسور بێخاوەنی' نارەزایی دەربڕی. نارەزایەتی لە بەرامبەر پارێزگار لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرایەوە. پارێزگاریش بە هاوڵاتیان پێکەنی.
١٦:٥٣
١٦:٥١
دیمەنێک لە گوندی قردەکدەدەی ناوچەی پازارجکی مەرەش
١٦:٣٩
چەند وێنەیەک لە ئەسکەندەرونەوە
١٦:٣٠
ناوی بریندارانی ئامەد کە لەژێر باڵەخانەکاندا دەرهێنران ئاشکراکران. پلاتفۆرمی پشتگیری و پاراستنی شاری ئامەد و ئاژانسی میزۆپۆتامیا ناوی بەشێک لە بریندارەکانی بومەلەرزەکەیان بڵاوکردەوە کە لە ژێر باڵەخانە داڕماوەکاندا دەرهێنراون.
١٦:٠٢
نەخۆشخانەی دەوڵەت لە گونگوش
ناوی ٩ کەس کە لە نەخۆشخانەی گونگوش دەرهێنران بەم شێوەیەیە: عەبدوڵلا بال، محەمەد توفەنک، یوسف ئای، عەمەیر کاتار، هاتیجە تورگوت، ئەمینە دالگیچ، ئایسەل ئاباک، ئەرهان فیدان و ئەمرە ئاتار."
بەهۆی ڕوودانی بومەلەرزەی ٧.٨ پلە بە پێوەری رێختەر لە مەرەشی باکوری کوردستان هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و خەڵکێکی زۆریش لە ژێر داروپەردوی بیناکان دا گیریانخواردووە.
١٣:١٤
دەوڵەتی تورک دۆخی نائاسایی راگەیاند
سەرۆککۆماری تورک باری نائاسایی لە ناوچە بومەلەرزە لیدراوەکان راگەیاند
سەرۆککۆماری تورک راشیگەیاند، کە ٣ هەزار و ٥٤٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٢ هەزار و ١٦٨ کەس کەس برینداربوون. ئەمەش لە کاتێکدایە باس لەوەدەکرێت کە ژمارەی راستەقینەی زیانە گیانییەکان چەند هێندەی ئەو ژمارەیە کە کاربەدەستانی تورک رایدەگەینن.
١٣:٠٥
هەزار بنەماڵە گەیشتنە شەهبا
لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی حەڵەب و دەوروبەری حەڵەبەوە نزیکەی هەزار بنەماڵەی گەیشتنە کانتۆنی شەهبا و شێراوا. ئەو بنەماڵانە لە کەمپەکانی بەرخودان و سەردەم، گوندەکانی عاقیب، زیارەت، بێنێ، خربکێ، کشتەعار، مەیاسێی باشەمیر و برج قاد نیشتەجێ کراون.
١٣:٠٣
دیمەنەکانی بومەلەرزە لە ئیسڵاحیە
١٣:٠٢
دیمەنی سەردانی هەدەپەییەکان بۆ سەمسور
١٢:٤١
هەبەدەهە: دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە مردن دەسەپێنێت، گەل بە هێزی خۆی تێدەکۆسێت
هەبەدەهە سەبارەت بە بومەلەرزە لە کوردستان رایگەیاند، "دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە گەلی لەبەردەم مردن جێهێشتووە و گەل بە هێزی خۆی تێدەکۆشێت".
هەبەدەهە راشیگەیاند، دەسيڵاتی فاشیستی ئەردۆغان جارێکیتر ریسوا بووەو باسی لەوەکردووە: " گەلە هەژارەکەمان ئازارەکانی بومەلەرزە چارەسەر دەکات. بومەلەرزەی گەل دەسەڵاتداری و کۆسکی ئاکەپەی فاشیست بەسەریاندا دەڕوخێنێت".
١٢:٣٥
شاندەکانی هەدەپە لەناوچەکانی بەهاناوەچوون گەل بەسەر دەکاتەوە
شاندی هەدەپە کە لە سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە مەرال دانش بەشتاش، پەرلەمانتاری ئیلیح نەژدەت ئیپەکیوز، پەرلەمانتارانی ئامەد رەمزیە توسۆن، گارۆ پایلان و دێرسیم داغ، هەروەها بەڕێوەبەرانی هەدەپەی شارەکە پێکهاتووە سەردانی گەلیان کرد و ناوەندەکانی رزگارکردنیان بەسەرکردەوە. شاندی هەدەپە بەمەبەستی پرسە و سەرەخۆشی سەردانی بنەماڵەی لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی کرد.
١٢:٣٣
تەندروستیی جیهانی: رەنگە بومەلەرزەکە کاریگەری بکاتە سەر ٢٣ ملیۆن کەس
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند کە دوور نییە بومەلەرزەکەی مەرەش کاریگەری بکاتە سەر ژیانی ٢٣ ملیۆن کەس و لەئێستادا نزیکەی پێنج ملیۆن کەس کەو ناوچانەی بومەلەرزە لێیداون بێ ماڵوحاڵ بوون.
١٢:٣٠
دانیشتوانی کۆبانێ: بەهەموو جۆرێک هاوکاری گەلەکەمان لە باکوری کوردستان دەکەین
دانیشتوانی کۆبانێ رایانگەیاند، ئامادەن کە بەهەموو جۆرێک هاوکاری بگەیەننە لێقەوماوانی بومەلەرزە بەهێزەکەی باکوری کوردستان.
١٢:٢٢
چەند وێنەی بازارجخ
١٢:٠٨
لە سلێانی دەست بە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزە کرا
١٢:٠٠
شاندی هەدەپە و بەدەپە لە سەردانی بازارجخ: پشتیوانییەکان بەهێز دەکەین
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتارانی هەدەپە سەزایی تەمەللی، فاتمە کورتولان، محەمەد روشتو تریاکی، دیلان دیرایەت تاشدەمیر، زەینەل ئۆزان، ماهکوت تۆغروڵ و مورات ساریساچ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پارتەکە سەردانی ناوچەی بازارجخی مەرەشیان کرد کە چەقی بومەلەرزەکەبوو.
ساڵیحە ئایدەنیز رایگەیاند، شاندەکانمان لە لەناوچە بومەلەرزە لێدراوەکانن و رێکخستنەکانیشمان لە شار و ناوچەکان هاوکاری کۆدەکەنەوە، ئێمە پشتیوانییەکانمان بەرفراوانتر دەکەین.
١١:٥٤
سوجو: جگە لە گەل کەس کاری رزگارکردن ئەنجام نادات
حەسەن بەسری سوجو ئەندامی مێزی قەیرانەکانی هەدەپە لە مەلەتی باسی لەوەکرد ئەو ئامارەی ئافاد لە بارەی ناوەندی شار، ناوچەکان و گوندەکان رایدەگەیەنێت هەڵەیە و باسی لەوەشکرد، ئافاد هیچ شتێکی نەکردووە و ئەوەی کاری بەهاناوەچوون و رزگار کردن دەکات گەلە.
١١:٥٢
لە ئیسکەندەرون پرۆسەی رزگارکردن دوای ٣٠ کاتژمێر دەستیپێکرد
لەناوچەی ئیسکەندەرونی هاتای کارەکانی گەران و رزگارکردن دوای ٣٠ کاتژمێر دەستیان پێکرا. لە گەڕەکی چای ناوچەکە رووخان و وێرانبوونێکی زۆر بەدی دەکرێت و تۆڕەکانی ئاو کارەبا پچڕاون. دانیشتوانی ناوچەکە بە هۆی نەگەیشتنی هاوکارییەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
١١:٥٠
خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی عەفرین و شەهبا: دەرگامان بەڕووی لێقەوماوانی بومەلەرزەدا ئاوەڵایە
خۆبەڕێوەبەری کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بومەلەرزەکە رایگەیاند، کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا دەرگایان بەڕووی لێقەوماوانی بومەلەرزەدا کراوەتە.
١١:٣٥
ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە داوای گەورەترکردنی پشتیوانیەکانی کرد
ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە دارای کرد کە پشتیوانی و هاوکارییەکان بۆ لێقەوماوانی بەمەلەرزەکە بەرفراوانتر بکرێن و رایگەیاند، خۆمان برینەکانی خۆمان ساڕێژ دەکەین، لەو بڕوایەداین کە بە هاوپشتی و پشتیوانی ئەم کارەساتە تێدەپەڕێنین.
١١:٣٣
دواین دۆخی کارەساتی بومەلەرزەکە
لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی مەرەشدا، کە کاریگەریی کردووەتە سەر ١٠ شار، تا ئێستا نزیکەی ٤ هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە و هەزاران کەسیش بریندار بوون. لە مەرەش، دیلۆک، مەلەتی، سەمسور، ڕحا، ئامەد، خارپێت، عوسمانییە، ئەدەنە و هاتای لە ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندا هەزاران کەس گیریانخواردووە. بەپێ سەرچاوە و زانیارییە جۆراجۆرەکان تیمەکانی فریاکەوتن و رزگارکردن بەس نین و لە زۆربەی ناوچەکان دا کاری گەڕان و ڕزگارکردن لەلایەن ئەو تیمانەوە ئەنجام نادرێن.
سەمسور
لە سەمسور کاری ڕزگارکردن دەستی پێنەکردووە، کە بوومەلەرزەکە بە قورسی زیانی پێگەیاندووە. لەشار و ناوچەکانی دا سەدان کەس لەژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندان. دانیشتوانی هەرێمەکە بە دەرفەتی خۆیان هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدەن. هێشتا هیچ تیمێکی رزگارکردن و فریاکەوتن نەچوونەتە ناوچەکانی سەرگۆلان، کۆلکە و بەهەشتی. لە گوندەکانی ئەو ناوچانەش هیچ زانیارییەک بەدەست نەگەیشتووە. خەڵکی شارەکەش بە سەرما و سۆڵەیەی زستان لە دەرەوەی ماڵەکانیان و لەسەر شەقامەکان ڕۆژیان کردەوە.
دیلۆک
تا ئێستا کاری گەڕان و ڕزگارکردن لە ناوچەی ئیسڵاحییەی دیلۆک دەستی پێنەکردووە، کە بومەلەرزەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەری هەبووە و سەدا ٨٠ی بیناکانی ئەو ناوچەیە ڕووخان، بەڵام هەرچەندە ڕۆژێک بەسەر بومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە هیچ تیمێکی فریاکەوتن نەچووەتە ناوچەکە.
مەرەش
لە ناوچەی بازاڕجخی مەرەش کە ناوەندی بوومەلەرزەکە بوو، دانیشتوانی هەرێمەکە شەوی سار و سۆڵەی زستانیان لە دەرەوەی ماڵەکانیان لەسەر شەقامەکان و لە ژێر باراندا بەسەربرد. تا ئێستا پشتگیری و هاوکاریی پێویست بۆ دانیشتوانی بازارجخ دابین نەکراوە. هێشتا چەندین تەرم لە ژێر داروپەردوی بیناکاندان. لە ناوچەی ئەلبیستان و گوندەکانی هیچ کارێکی ڕزگارکردن دەستی پێ نەکردوە. لەدوێنێوە بەفر لە ناوچەکە دەبارێت و لەچەندین گوندیشەوە هیچ زانیارییەک بەدەست نەگەیشتووە. گوندنشینان هەوڵ دەدەن بە دەرفەتەکانیان خەڵک لە ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاەوەکان ڕزگار بکەن.
مەلەتی
سەدان بینا لەناوەندی مەلەتی و ناحیەی شیرۆی ڕووخاون، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندان. دانیشتوانی شارەکە چاوەڕێی یارمەتین، بەڵام تا ئێستا هیچ کارێکی پێویست بۆ گەڕان و ڕزگارکردن دەستی پێنەکردووە. لە ناوچەی ئەرگان کاری گەڕان و ڕزگارکردن ئەنجام نەدراوە، کە سەرجەم بیناکانی ئەو ناوچەیە ڕووخاون. هیچ یارمەتییەکیش گەڕەکی ئۆرەن نەگەیشتووە. هیچ زانیاری و هەواڵێکیش لەسەر زۆرێک لە گوندەکان لە بەردەستدا نییە.
ئامەد
لەئامەد ٢٣ باڵەخانە ڕووخانن و کاری گەڕان و ڕزگارکردن بەردەوامە. بەپێی بەشێک لە سەرچاوەکان ژمارەی گیان لە دەستدان لە ئامەد ٥٠ کەسی تێپەڕاندووە و نزیکەی ٦٠٠ کەسیش برینداربوون. پلاتفۆرمی پشتیوانی و بەرگری شاری ئامەد ڕایگەیاند، لە ئامەد و دەورووبەری ٨٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٥٩ کەسیش برینداربوون، کە برینی ١٩ کەسیان قورسە و تا ئێستا زیانەکانی قەزا و گوندەکانی ئامەد نەزانراوە.
ڕحا
لە ڕحا و ناحیەکانی چەندین بینا ڕووخان. لەناوەندی شار و ناوچەکانی هەواگ، بێرەجوک، پرسوس نزیکەی ٦٠ بینا ڕووخاون. لەو کارەساتەدا ٤٣ کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون. دانیشتوانی شارەکە بە هەلی و توانای خۆیان هەوڵی لابردنی داروپەردوی بیناکان دەدەن، بەڵام لەگوندەکانەوە هیچ زانیارییەک بەدەست نەگەیشتووە.
هاتای
تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن هێشتا ڕەوانەی زۆر ناوچەی هاتای نەکراون. لەو شارەدا هەزاران کەس لە ژێر داروپەردوەکاندا گیریانخواردووە، دانیشتوانی ناوچەکە شەویان لە دەرەوە و لەسەر شەقامەکان بەسەربرد. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردوەکاندان نەزانراوە. لە زۆرێک لە گەڕەکەکانی ناوچەکە و دەوروبەریان هیچ زانیارییەک بەدەست نەگەیشتووە. تیمەکانی رزگارکردن نەگەیشتنە ناوچەکە.
ئەدەنە
لە ئەدەنە ١١ بینا زیانیان پێگەیشتووە. تا ئێستا ٥٠ کەس ژیانیان لەدەستداوە. دانیشتوانی ئەدەنە لە دەرەوە و لەسەر شەقامەکان شەویان بەسەر برد. کاریگەریی بومەلەرزەکە لەسەر گوندەکانی ئەدەنە نەزانراوە.
عوسمانییە
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک، سەدان بینا لە عوسمانییە ڕووخاون. پاش ٢٦ کاتژمێر کەسێک لە ژێر داروپەردوی بینایەکدا ڕزگارکرا. هیچ زانیارییەک لە ناوچەکانی عوسمان و ناوچە کەنارەکانی شارەکەوە و دەرەوەی شارەکە بەدەست نەگەیشتووە.
١١:١٢
لە ئامەد ٣ تەرم لە ژێر داروپەردوی بیناکاندا دەرهێنران و بەخاک سپێردران
لە ئامەد تەرمی ٣ کەس، کە لە ژێر داروپەردوی بنیاکان ڕووخاوەکانی بومەرزەکەدا دەرهێنران، لە ناوچەی ڕێزانی ئامەد بەخاک سپێردران.
شەوی ڕابردوو تەرمی عوسمان باشاڵ، عەلی چەنگیز و موراد چەنگیز لە ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکان لە گەڕەکی مەولانا خالید لە ناوچەی ڕێزانی ئامەد دەرهێنران.
تەرمەکان لە گۆڕستانی یەنیکۆ نێژران. بەمەش ژمارەی ئەو تەرمانەی لە گۆڕستانی یەنیکۆ نێژراون، گەیشتە ٢٢ تەرم. لەسەر داوای چەند خێزانێک تەرمی هەندێک کەس لە شار، ناوچەکان و گوندەکانی دەوروبەری بەخاک دەسپێردرێن.
١٠:٤٦
هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە ٣ شاردا ڕاگیرا
دەوڵەتی تورک جگە لە ئۆتۆمبێلی گواستنەوە و ئۆتۆمبێلە ئەرکدارەکان، بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بۆ مەرەش، هاتای و سمسور ڕاگرت.
١٠:٤٥
دیمەنەکانی نەخۆشخانەی ئەلبیستان
١٠:٤٤
کۆمیتەی ئێکۆلۆژیی کەجەکە: داوای پشتگیری لە بەرزترین ئاستدا دەکەین
کۆمیتەی ئیکۆلۆژی و ژینگەی کەجەکە ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ ڕۆژ ئەو ڕۆژەیە، کە لە بەرزترین ئاستدا پشتگیری و هاوکاری پێشکەش بکرێت. بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی لە ڕژێمی فاشیست بکەین، ئێمە پشتیوانیی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکەین".
١٠:٢٩
لە ئامەد ئاماری زیانەکان بەرز بوویەوە؛ ٨٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٧٥٩ کەسیش برینداربوون
لەئامەد ٨٤ کەس لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە و بەلایەنی کەمەوە ٧٥٩ کەسیش برینداربوون، کە برینی ١٩ کەسیان قورسە.
ئاماری زیانەکانی بومەلەرزەکانی مەرەش و دیلۆک تا دێت زیاتر دەبن و هەموو کاتژمێرێک دۆخەکە خراپتر دەبێت و هیواکان بۆ ڕزگارکردن کەمتر دەبنەوە و هاوکات بومەلەرزەش بەردەوامە.
ئامەد یەکێکە لەو شارانەی کوردستان، کە بومەلەرزە تیایدا ڕوویدا و هەڵمەتی و کاری گەڕان و ڕزگارکردن لە ئامەد بەردەوامە.
لە ناوچەکانی پەیاس و ڕێزان و یەنیشەهیر چەندین کەس لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندا ڕزگارکران.
بەپێی دوایین ئاارەکانی مێزی قەیران، کە لەلایەن پلاتفۆرمی پشتیوانی و بەرگری شاری ئامەدەوە دامەزراوە، ٨٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و بەلایەنی کەمەوە ٧٥٩ کەسیش برینداربوون، کە باری تەندروستیی ١٩ کەسیان قورسە و ڕاشیانگەیاندووە، ٢٣ بینا لە شارەکەدا ڕووخاون.
١٠:٢١
داوا لە لێقەوماوانی بوومەلەرزە کرا بڕۆن بۆ شەهبا
مەلەک ئەل حوسێن هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا، داوای لە لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە کرد، کە بڕۆن بۆ شەهبا. حوسێن داواشی لەحکومەتی دیمەشق کرد، کۆتایی بە گەمارۆکانی سەر کانتۆنی شەهبا بهێنێت.
١٠:١٥
لە ئەلبیستان تەرمەکان خراونەتە حەوشەی نەخۆشخانە
نەخۆشخانەی حکومیی ئەلبیستان بەتایبەتی بەشی خزمەتگوزاری فریاکەوتن، بەهۆی بومەلەرزەکەوە ڕووخاوە، لەبەر ئەوەش تەرمەکان لە حەوشەی نەخۆشخانەدا دادەنرێن. هێشتا رێوشوێنێکی پێویست و بە هاناوچونێکی جدی ئەنجام نەدراوە.
لە ئەلبیستان خەڵک بە درێژایی شەو لە دەرەوە و لەسەر شەقامەکان مانەوە. سات بە ساتیش هیواکان بە ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندان گیریانخواردوە، کەمدەبێتەوە.
تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە ناوچەکە لە ئاستی نەبووندان و زۆر کەمن.
هیچ بەرپرسێکیش سەردانی گوندەکانی نەکردووە. چەند ڕێکخراوێکی گوندەکان لە ئەستەنبوڵ هاوکاری کۆدەکەنەوە و ڕەوانەی ناوچەکە دەکەن.
١٠:٠٦
کەمال بولبول پەرلەمانتاری هەدەپە راستەوخۆ دەستی بە کاری رزگارکردنی هاوڵاتیان کرد
کەمال بولبول پەرلەمانتاری هەدەپە سەردانی ناوەندی شاری سەمسوری کرد و وتی، خەڵکێکی زۆر لە ژێر داروپەردوی بیناکاندان و وتیشی، بینایەکی ٤ نهۆمی بەتەواوی ڕووخاوە و هێشتا هیچ کەسێک لە ژێر داروپەردوی بیناکە دەرنەهێنراوە. بولبول ئەوەشی وت، تیمەکانی ئافاد هێشتا نەگەیشتوون و کاری گەڕان و رزگارکردن دەستی پێنەکردووە. بولبول ئاماژەی بەوەشکرد: "لە سەمسور گەڕەک هەیە بەتەواوی خاپوور بووە. ئەو بینایانەشی لەسەر پێی ماونەتەوە هێدی هێدی دادەڕووخێن. لێرە شارەوانی و قائیمقامیەت و ئاسایش هیچ کارێکیان بۆ خەڵک نەکردووە".
٠٩:٥١
دەستپێشخەریی گەلی کوردستان بانگەوازی هاوکاریی بڵاوکردەوە
دەستپێشخەریی گەلی کوردستان ڕاگەیاند: "گەلەکەمان بێ پشت و پەنا ناهێڵینەوە و نایخەینە بەر بەزەیی دوژمن" و داوای بەهێزکردنی پشتیوانی بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە کرد.
دەستپێشخەریی گەلی کوردستان بە هۆی بومەلەرزەکەی مەرەشەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: لە بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریا بەلایەنی کەمەوە ٢ هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە ١٣ هەزار و ٢٩٣ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەو دەستپێشخەرییە ئاماژەی بەوەدا، هێشتا هەزاران کەس لە ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندان و ملیۆنان خەڵکی کوردستانیش بەناچاری دەبێت شەوانە لە دەرەوە و لەسەر شەقامەکاندا رۆژ بکەنەوە، چونکە خانووەکانیان ڕووخاوە و مەترسی بوومەلەرزەی تریش هەیە. بۆیە ڕۆژ ڕۆژی هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنە.
٠٩:٤٥
لە هاتای هەزاران کەس لەژێر داروپەردوی بیناکاندا گیریانخواردووە
هێشتا تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی هاتای نەنێردراون و هەزاران کەس لەم شارەدا لەژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندان و ڕزگار نەکراون و دەیان هەزار کەسیش لەسەر شەقامەکان رۆژیان کردووەتەوە.
٠٩:٤٤
خەڵک لە ئیسڵاحییە خۆی هەوڵی ڕزگارکردنی هاوڵاتیە گیرخواردوەکانی ژێر داروپەردوی بیناکان دەدات
تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن هێشتا لە ناوچەی ئیسڵاحییەی دیلۆک دەستبەکار نەبوون، کە سەدا ٨٠ی ی ناوچەکە بەهۆی بومەلەرزەکەوە ڕووخاوە و خاپوور بووە، یان زیانیان پێگەیشتووە. لە ناوچەکەش هاوڵاتیان هەوڵ دەدەن بەپێی دەرفەتە و تواکانی خۆیان ئەو خەڵکە ڕزگار بکەن کە لە ژێر داروپەردوی بیناکاندا گیریانخواردووە.
٠٩:٤٠
ئامار و زیانەکانی بومەلەرزەکە لە سوریا بەرزبوونەوە
بوومەلەرزەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شارەکانی ئیدلب، حەلەب، حەما، لازقیە و تەرتووس لە سوریا هەبوو. بەپێی ڕاپۆرتەکان هەزار و ٥٠٨ کەس لە سوریا گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (AFP) بڵاویکردەوە، لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا بەلایەنی کەمەوە هەزار و ٤٤٤ کەس گیانیان لە دەستداوە و بەلایەنی کەمەوە ٣ هەزار و ٤١٩ کەسی دیکەش برینداربوون.
٠٩:٣٨
جەدەکە – ف و تەژەکە – ف بانگەوازی بەپەلەیان بڵاوکردەوە
کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە فەرەنسا (جەدەکە- ف) و بزووتنەوەی ژنانى کورد لە فەرەنسا (تەژەکە- ف) بەهۆی بومەلەرزەکەی کوردستانەوە بانگەوازیان بۆ کوردانی فەرەنسا و دۆستانیان بڵاوکردەوە و داوایان لێکردن: "چاوەڕوانیکردن و هیوا هەڵچنین بە هاوکاریەکانی دەوڵەتی تورک چاوەڕوانییەکی بێهودەیە. جگە لە پشتیوانی و هاوکاریکردنی کۆمەڵگاکەی خۆمان، کۆمەڵگاکەمان هیچ بژاردەیەکی تری بۆ هاوکاریکردن و ساڕێژکردنی برینەکانی خۆی نییە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە کەمپەینی هاوکاریی مانگی سووری کوردستان کراوە و داوایان لە گەلی کورد لە فەرەنسا کردووە، بە هەموو توانایانەوە بەشداری لەو کەمپەینەدا بکەن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "ڕۆژ ڕۆژی پشتیوانیکردن و خاوەنداریکردنە لە کوردستان، ڕۆژ ڕۆژی پشتیوانی و یەکگرتن و هاوکارییە".
٠٩:٣٦
بۆتاش گاز بە ٣ شار نادات
کۆمپانیای گواستنەوە و دابەشکردن و فرۆشتنی نەوت و گازی تورکیا (بۆتاش / BOTAŞ) بە پاساوی بومەلەرزە گاز بە مەرەش و دیلۆک و هاتای نادات.
لە راگەیەندراوی بۆتاش دا هاتووە:"بەهۆی زیانەکانی هێڵی گواستنەوەی گازی مەرەش- دیلۆک ناتوانرێت گاز بۆ ناوچەکانی مەرەش، دیلۆک، هاتای، بازاڕجخ، نارلی، بەسنی، گوڵباشی، نورداگی و کرکخان دابین بکرێت".
٠٩:٠٦
لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا لە سوریا ٧٦٩ کەس گیانیان لەدەستدا
بومەلەرزەکەی دوێنێی شاری مەرەشی باکوری کوردستان کاریگەرییەکی توندی لەسەر سوریا و لوبنان هەبوو.
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی دیمەشق ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لە دەرووبەر و گوندەکانی حەلەب، حەما، لازقیە، تەرتوس و ئیدلب ٧٦٩ کەس گیاناین لە دەستداوە و هەزار و ٤٤٨ کەسیش برینداربوون.
دەستەی تەندروستیی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش بڵاویکردەوە، لە بومەلەرزەکەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا ٦ کەس گیانیان لە دەستداوە و ٥٧ کەسیش برینداربوون.
٠٩:٠١
٤ کەس بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت لەسەر بوومەلەرزەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکران
دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە لە جیاتی ڕزگارکردنی خەڵکی ژێر دراوپەردوی بیناکان بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت، کە لە میدیای دیجیتاڵ دا بابەت و پۆستیان لەسەر بومەلەرزەکە بڵاوکردووەتەوە. ئەوە دەسەڵاتە دژە مرۆییە لەو چوارچێوەیەدا ٤ کەس بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی بابەت لە میدیای دیجیتاڵ لەسەر بومەلەرزەکە دەستگیرکرد.
٠٨:٥٠
لە سەمسور خەڵک لە هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو کەسانەدان، کە تا ئێستا لە ژێر داروپەردوی بیناکاندا ڕزگار نەکراون
٠٨:٤٤
لە ناوچەی شیرۆی مەلەتی بومەلەرزەیەکی تر بە گوڕی ٥.٥ پلە ڕوویدا
بەگوێرەی ناوەندی بومەلەرزە ناسیی قەندیلی لە تورکیا، کاتژمێر ١٠:١١ی پێش نیوەڕۆ لە ناوچەی شیرۆی مەلەتی، بومەلەرزەیەک بە گوڕێ ٥.٥ پلە ڕوویداوە. بومەلەرزەکە لە ٥ کیلۆمەتریی قوڵایی زەویدا ڕوویداوە و لە شارەکانی دەوروبەریشدا هەستی پێکراوە.
08:35
پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد: لە ئامەد ٨٠ کەس گیانیان لەدەستداوە
دێرسیم داغ پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد دەربارەی دۆخی ئەم دواییەی ئامەد ڕایگەیاند، بەپێی دوایین زانیاریەکانی بەردەستیان ٢٥ بینا ڕووخاون و نزیکەی ٨٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
٠٨:٢٧
لە بازارجخ هێشتا تەرمەکان لەژێر داروپەردوی بیناکاندا دەرنەهێنراون
لەبازارجخ، کە ناوەندی بوومەلەرزەکە بوو، شەوی ڕابردوو بارانێکی زۆر باری و لەبەر ئەوە کاری گەڕان و ڕزگارکردن ڕاگیرا. هەر چەندە دووبارە کاری رزگارکردن دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام کارەکان بە سستی و لاوازی ئەنجام دەدرێن و هێشتا لە ناوچەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە تەرمەکان لەژێر داروپەردوی بیناکاندان.
٠٨:١٠
کەجەئێ - ئە داوای یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە کرد
ڕاگەیاندراوێک لەلایەن دەستەى بەڕێوەبەریی رێکخراوەکان و کۆمەڵگەى ئێزدییەکان لە ئەوروپا (کەجەئێ – ئە / KCÊ-E) و داوای بە دەمەوە چوون و هاوکاریکردنی قوربانیانی بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان و شارەکانی تورکیا کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "بە ناوی ناوی ڕێکخراوەکان و پێکهاتەکانی ئێزدی داوا لە هەموو کوردستانیان و دۆستانمان و بەتایبەتی لە کۆمەڵگەکەمان دەکەین، کە لە ڕێگەی ڕێکخراوی مانگی سووری کوردستانەوە هاوکارییەکانیان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بنێرن".
Heyva Sor a Kurdistanê e.V.
Heyva Sor a Kurdistanê e.V.
Amanc: ERDHEJ ALÎKARÎ
Heyva Sor a Kurdistanê e. V.
Wilhelmstr. 12
53840 Troisdorf
Kreissparkasse Köln
IBAN: DE49 3705 0299 0004 0104 81
BIC/SWIFT: COKSDE33XXX
www.paypal.me/heyvasorakurdistane
٠٧:٥١
ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لە دەستداوە بەرز بوویەوە بۆ ٣ هەزار و ٣٨١ کەس
ئافاد بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لە دەستداوە بۆ ٣ هەزار و ٣٨١ کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش بەرزبووەوە بۆ ٢٠ هەزار و ٤٢٦ کەس.
ئەوە لە کاتێکدایە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ژمارەی راستەقینەی ئەو کەسانەی ژیانیان لەدەستداوە زۆر زیاترە.
٠٧:٤٧
لە شەنگالەوە بانگەوازیی پشتیوانی بۆ بومەلەرزەکە دەکرێت
کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی شەنگال و ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری داوای لە خەڵکی ئێزدی کرد پشتگیری لە گەلی کورد بکەن، کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو.
٠٧:٤٢
هەدەپە: ئێستا کات کاتی پشتیوانییە
بۆردی دەستەی بەڕێوبەرایەتیی ناوچەیی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) دەربارەی بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە هەموو دەرفەت و تواناکانمان بۆ هاوکاریکردنی گەلەکەمان خستووەتە کار و شارەوانیەکانمان ڕۆژانە ٢٤ کاتژمێر کار و خزمەت بە هاوڵاتیانی زیان بەرکەوتو و ئەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە کۆچبەربوون پێشکەش دەکەن، ئێمە جارێکی تر داوای پشتگیری لە گەلەکەمان دەکەین و ئێستا کات کاتی پشتگیریە!".
٠٧:٢٦
خەڵک لە ئامەد شەو لەسەر شەقامەکان بوون
لە ئامەد دوای بومەلەرزەکە پێداویستیی و هاوکاریی پێویست بە گەل نەگەیشت. گەل ناچار بوو شەو لەسەر شەقامەکان، یان لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیان دا بمێننەوە و ڕۆژ بکەنەوە. کاری ڕزگارکردن لە ژێر داروپەردوی ٧ باڵەخانەی ڕووخاودا بەردەوامە. هیچ هاوکاریەک بە گەل نەگەیشتوە. ٣٧ خاڵ و شوێنی شارەکە وەک شوێنی پاراستن دیاریکراون و خەڵک لەو شوێنانە دەمێننەوە، بەڵام نە پێداویستی پاراستن و نە پێداویستیی خۆراک و گەرمەکەرەوە و پۆشاک بە هاووڵاتییانی ئەو شوێنانە نەگەیشتووە.
٠٧:٢٢
شوراکانی ئامەد ڕووخاون
شوراکانی قەڵای ئامەد، کە لە لیستی کەلەپوری جیهانیی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و زمان و پەروەردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)دایە بەهۆی بومەلەرزەکەوە ڕووخاون.
٠٧:١٩
ئەسەپەی کوردستان داوای پشتیوانی و هاوکاریی کرد
ئەسەپەی کوردستان (حیزبی سۆسیالیستى بندەستان) ڕایگەیاند: "هەزاران بینا لە بوومەلەرزەکەدا ڕووخاون، کە زۆربەی هەرە زۆریان لە شارەکانی کوردستاندان. هاوڵاتیان لە شوێنی بومەلەرزەکە دا دەژین هاوکاری نەکراون و پشتیان تێکراوە، بۆیە پێویستە هەر ئێستا گەل خۆی بە تەواوی تەیار بکات و ئێمە ئەم ئازارانە بە پاڵپشتی خۆیان و هەمومان ساڕێژ بکەین. ئێمە داوا لە گەلەکەمان دەکەین، با پێکەوە برینەکانمان ساڕێژ بکەین.
٠٧:٠٨
تیمەکانی فریاکەوتن لە ژاپۆن و ئیسرائیلەوە گەیشتنە تورکیا
حکومەتی ژاپۆن تیمێکی فریاکەوتنی پێکهاتو لە ١٨ کەس رەوانەی شوێنی بومەلەرزەکە کرد. هەروەها تیمێکی ١٥٠ کەسیش لە ئیسرائیلەوە گەیشتنە تورکیا.
٠٦:٤٤
ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکە لە سوریا ڕوو لە زیادبوون دەکات
بەپێی سەرچاوەکانی دەوڵەتی سوریا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لە دەستداوە گەیشتووەتە هەزار و ٣٠٠ (١٣٠٠)کەس. هەروەها سوریا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد، لە کاری گەڕان و ڕزگارکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەناگە و خۆراک دا هاوکاریی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بکەن.
٠٦:٤٢
لە سەرگۆڵان بومەلەرزەیەکی تر بە گوڕی ٥.٦ پلە ڕوویدا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی سەرگۆڵانی سەر بە سەمسور بوومەلەرزەیەک ڕوویدا. بەپێی دەزگای قەندیلی بومەلەرزەناسی بومەلەرزەیەک لە کاتژمێر ٠٦:١٣دا بە گوڕی ٥.٦ پلە بە پیوەری ڕێختەر ناوچەکەی هەژاندووە. بومەلەرزەکە لە ٢.٣ کیلۆمەتر لە قوڵایی زەویدا ڕوویداوە و کاریگەریی لە شارەکانی دەوروبەریشی کردووە.
٠٦:٤١
سەرۆکی ژووری پزیشکانی سەمسور گیانی لەدەستدا
یەکێتی پزیشکی تورکیا (تەتەبە) ڕایگەیاند، دکتۆر شەریف ئەیاز سەرۆکی پێشووی ژووری پزیشکانی سەمسور لە ژێر داروپەردوی بوومەلەرزەکەدا گیریخواردبوو و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە. بەیاننامەکەی تەتەبە لەسەر هەژماری میدیای دیجیتاڵ بڵاوبووەتەوە و تیایدا هاتووە: "سەرۆکی پێشووی ژووری پزیشکانی سەمسور دکتۆر شەریف ئایاز، بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانی لەدەستدا. سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و کەسوکارەکەی و کۆمەڵگەی تەندروستی دەکەین".
بوومەلەرزەکەی کاتژمێر ٠٤:١٧ خولەکەی بەرەبەیانی دوێنێ بەکاتی ناوخۆیی باکووری کوردستان و تورکیا، کە چەقەکەى ناوچەی بازارجخی مەرەش بوو و گوڕەکەى ٧.٨ پلە بە پێوەری ڕێختەر بوو، کاریگەرییەکی توندی لەسەر دیلۆک، مەلەتی، عوسمانییە، ئامەد، ڕحا، ئەدەنە، سەمسور، هاتای، کیلیس، باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و چەند شارێکی سوریا هەبوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیى دۆخی لەناکاو و فریاکەوتن (ئافاد)، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لە دەستداوە گەیشتووەتە ٢ هەزار و ٩٢١ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ ١٥ هەزار و ٨٣٤ کەس بەرزبووەتەوە.
ژ.ت