سارا ڕەزا: ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد رزگاری ژنان دەچەسپێنێت

سارا ڕەزا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، باسی لە ئەزموونی ناسینی بزوتنەوەی ئازادایی کوردستان و فکرەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: "ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد رزگاری ژنان دەچەسپێنێت."

سارا ڕەزا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، باسی لە ئەزموونی خۆی کرد لەگەڵ ناسینی پارتی کرێکارانی کوردستان و رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەوەی خستەڕوو، ئەو ناسینە سەرتاپای ژیانی گۆڕیوە و دوای ئەو ناسینە لەوە تێگەیشتووە کە پیاوسالاری چییە و چۆن لە کۆمەڵگەدا ڕۆچووە و جەختیشی کردەوە کە ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد رزگاری ژنان دەچەسپێنێت.

 سەبارەت بە ئەزموونی ناسینی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان، سارا رەزا وتی وتی: "لە دوای ساڵی 1993 کاتێک پارتی کرێکارانی کوردستانم ناسی، بەبۆنەی ئەوەی لە چاپخانەیەک کارمدەکرد و نامیلکەیەکی هەڤاڵ زیلانمان چاپکرد، لەو کاتەدا پرسیار بوو لای من کە بۆچی ژنێک دەبێت کردەی گیانبازی بکا، بەڵام دواتر و پاش خوێندنەوەی سەداها جاری ئەو نامیلکەیە، بۆم دەرکەوت کە ئەوە چ کردەیەکی شۆڕشگێڕانەیە، من دەستم بە لێگەڕینی خۆم کرد سەبارەت بە پارتی کرێکاران، بەدوای ئەو وەڵامەوە بووم کە بۆچی سەرەڕای جوڵانەوەکانی تر، گەنجەکان بەشداری لە پارتی کرێکاران ئەکەن، بەڵام لەدوای ناسینی هەڤاڵانی ڕۆژهەڵات و وەرگرتنی پەروەردە، تێگەیشتم کە ئەم بیرۆکە و ئایدیایە جیاوازی چییە لەگەڵ ئەوانی تر و تێگەیشتم ئازادی ژنان و خەباتکردن مانای چییە و تا ئەو ڕۆژەی دەمێنم من سۆز بۆ ئەم خەباتە و شەهیدان دەدەم."

هەروەها ئەو باسی لەوەشکرد کە وەک هەر تاکێکی تر، لەلایەن خێزانەکەیەوە بەربەستی بۆ دروستکراوە و چەندین جار داوای لێکراوە کە وازبهێنێت و وتیشی: "من هەموو ئەو داواکارییانەم ڕەتکردۆتەوە و ئامادەنیم وازبهێنم، ئێمە هەمیشە لەڕێی خەبات و ئازادی گەلی کورد و ژنی ئازاددا تێدەکۆشین و بەردەوام دەبین بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێو ژناندا." 

ئاماژەشی بەوەدا کە "دەوڵەتانی سەرمایەدار لەوە تێگەیشتوون کە ئەندێشە و سیستمەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەر و ئەڵتەرناتیڤە بۆ هەموو ئاریشەکان و ژن و ژینگە ڕزگاردەکات و دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی، بۆیە دژین و بە هەموو ڕێگەیەک هەوڵدەدەن کە ڕێگری لە چەسپاندنی ئەم بیرۆکەیە بکەن."

هەروەها باسی لەوە کرد کە بەشداریکردنی ژنان وەک گەریلای ئازادی کوردستان لە پێشەنگایەتیکردنی شۆڕشی ئازادیدان و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "ژنان هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە و وەک پیاوان بەشداری شۆڕشن، ئەمە لەسایەی ئەندێشە و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆوەیە کە گەریلاکانی ئازادی توانیان نمونەی ژنی شۆڕشگێر لە خەباتدا پیشان بدەن."

لە کۆتایی قسەکانیدا سارا ڕەزا باسی لە گرنگی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و ئاماژەی بەوەدا پارادایمەکانی ڕێبەری گەلی کورد بووەتە هیوایەک بۆ مرۆڤایەتی و وتی: "لە ئێستادا وەرگێڕانی پەرتوکەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆسەر زمانە جیهانییەکان، وایکردووە کە چەندین فەیلەسوف و بیرمەندی ئەو وڵاتانە سەرسامی فکرە و سیستەمە داڕێژراوەکەی ببن."

هـ . ب