دەوڵەتی تورک لە سنووری دێرکی رۆژئاوا دەستی بە جموجوڵ کرد

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر سنووری دێرکی هەرێمی بەرێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیکی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا دەستی بە جموجوڵ و کاروباری چاودێریکردن کرد.

کاروانێکی سوپای تورکی داگیرکەر و سیخوڕەکانی دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک (میت) لەسەر سنووری شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان لە بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیکی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریادا دەستیان بە گەڕان و چاودێری و جموجوڵ کردووە.

کاروانەکە لە ١٤ ئۆتۆمبێلی سوپای تورک و دەزگای سیخوڕیی تورک (میت) پێکدێت. ئەو کاروانە لە کاتژمێر ١٤:١٥ی رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە سنووری بەرئاڤێ لە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان گەڕاون.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ ئەنجامدانی هێرشێک لە سنوور دەستی بەکاری چاودێری و گەڕان کردووە.

ئاماژە بەوەشدەکرێت، کاتێک کاروانەکەی سوپای تورک و سیخوڕەکانی میت گەیشتووەنەتە سێگۆشەى سنووری تورکیا، سوریا و عێراق، لە بنکەى سەربازیی مەخارا لە ناوچەى سلۆپی، لەگەڵ گروپێکی سەربازیدا کۆبوونەتەوە، کە بە کۆپتەری سەربازی گەیشتبوونە ئەو شوێنە.

لە دوای هەڕەشەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک و چاوپێکەوتنی خولوسی ئاکارا وەزیری بەرگریی تورک لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، جموجوڵی سەربازیی و سیخوڕیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر زیادیکردووە.

ژ.ت