کەمپەینی ١٠٠ هەزار ئیمزا بەردەوامە

کەمپەینی "١٠٠ هۆکار و ١٠٠ هەزار ئیمزا بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر" لەلایەن بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ئەوروپا لە ٢٥ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی ٢٠٢٠ەوە دەستیپێکردووە، لە سویسرا لە ئامانجەکەى نزیک بووەتەوە.

لاڤا عەرەبۆ هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە باسلی سویسرا رایگەیاند، سەدا ٨٠ی ئەو ئیمزایانەی کۆیانکردوونەتەوە، ئیمزای هاووڵاتییانی سویسران و کەمپەینی ئیمزا کۆکردنەوەکەیان لە باسل تاوەکو ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنان بەردەوام دەبێت.

لاڤا عەرەبۆ هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە باسلی سویسرا و چالاکوانی ئەنجوومەنی ژنانی رۆناهی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، لە ٢٥ی تشرینی دووەم (رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژی لە دژی ژنان) لەگەڵ رێکخراوەکانی ژنان لە سویسرا کاری هاوبەش و هەرەوەزی ئەنجام دەدەن و لە ئێستاوە بە ئامانجە گەیشتوون، کە پلانیان بۆ دانابوو.

عەرەبۆ رایگەیاند، چالاکوانیان بە هەڵوێستێکی فیداکارانە و سەبرەوە دادگایکردنی ئەردۆغان بۆ یەک بە یەکی هاووڵاتییان روون دەکەنەوە و بەو شێوەیەک یەک بە یەک ئیمزا لە هاووڵاتییان کۆدەکەنەوە و وتی، "دەتوانم بڵێم، ئێمە لە باسل بۆ ریسواکردنی ئەردۆغانی دیکتاتۆر لە ناو رای گشتیی نێونەتەوەیدا بە ئامانجەکەمان گەیشتووین. سەدا ٨٠ی ئیمزا کۆکراوەکان ئیمزای هاووڵاتییانی سویسرین".

لاڤا عەرەبۆ ئەوەشی راگەیاند، کەمپەینی ئیمزا کۆکردنەوەکەیان لە باسل تاوەکو ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنان بەردەوام دەبێت.

ژ.ت