لە بەرلین بۆ دادگایکردنی ئەردۆغانی دیکتاتۆر ئیمزا کۆکرایەوە

بزووتنەوەى ژنانی کورد لە چوارچێوەى کەمپەینی دادگایکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان دیکتاتۆری تورک لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ئیمزایان کۆکردەوە.

ژنانی ئینتەرناسیۆنالیستی فرانکفۆرت لەگەڵ ژنانی کورد و ژنانی ئینتەرناسیۆنالیستی بەرلین، لە بەرلین کۆبوونەوە و رایانگەیاند، لە هەموو گۆڕەپانەکاندا کەمپەینی ئیمزاکۆکردنەوە بە بەرفراوانی بە ڕێوەدەبەن.

ژنان لە چوارچێوەی کەمپەینی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر" لە شەقامەکانی شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا چالاکییەکیان رێکخست و لە چالاکییەکەدا راگەیاندراویان خوێندەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، "لە ماوەی دەسەڵاتی ١٨ ساڵەى ئەردۆغان و ئاکەپەدا کوشتار و تاوانی بە ئەنقەست بووەتە کرداری سەرەکیی سیستمی دەستدرێژیکار لە دژی ژنان.

هەندێک لەو تاوانانەى کە ئەردۆغان ئەنجامیداوە بەمشێوەیەن:

لە کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا لە پاریس ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزی کۆمەڵکوژ کرد.

کوشتنی دایە تایبەت، کە تەرمەکەى ٧ رۆژ لە بەر دەرگای ماڵەکەیدا لەسەر عەرز مایەوە و رێگایان بە بنەماڵەکەى نەدا تەرمەکە هەڵبگرنەوە.

 کۆمەڵکوژکردنی سێڤی دەمیر، پاکیزە نایر و فاتمە ئویار.

  کوشتنی هەڤرین خەڵەف.

 کوشتنی جەیلان ئۆنکۆلی تەمەن ١٣ ساڵ بە پێوەنانی هاوەنێک لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک گوندەکەیانەوە.

 کوشتنی دیلەک دۆغان لە ماڵەکەى خۆیدا.

کوشتنی کادەر ئۆرتاکایا لە کاتی خۆپیشاندانەکان بۆ کۆبانێ.

 کۆمەڵکوژکردنی ٣ ژنی کوردی ئەندامی کۆنگرەى ستار لە گوندی هەلنجی کۆبانێ بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو، "لەبەر ئەو هۆکارانە ئێمە وەک ئینتەرناسیۆناڵیستەکان لە هەموو شوێن و گۆڕەپانێکدا بەردەوام دەبین لەسەر خەبات و تێکۆشانی خۆمان بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر".

ژ.ت