لە ئیستەنبول ٢ ژنی تر کوژران

لە ناوچەى سوڵتان بەی ئیستەنبول کەسێک بە ناوی عەدنان سۆسیال، خەدیجە سۆسیالی هاوسەری بە چەقۆ کوشت. هەروەها لە ناوچەی ئەسەنلەر نەریمان کڤراک لەلایەن کەس، یان کەسانی نەناسراوەوە بە چەقۆ کوژرا.

لە شاری ئیستەنبولی تورکیا ٢ ژنی تر لەلایەن پیاوانەوە بە چەقۆ کوژران.

لە سوڵتان بەی ژنێک کوژرا

لە ناوچەی سوڵتان بەی ئیستەنبول پیاوێک بە ناوی عەدنان سۆسیاڵ هەوڵیدابوو هاوسەرەکەى بکوژێت و بۆ ئەوەش منداڵەکەى لە ماڵەوە زیندانیکردبوو، بەڵام منداڵەکەى توانیبوی لە ماڵەوە رابکات و سەرباری ئەوەى منداڵەکەى رایکردبوو، پیاوەکە دەستبەرداری کارە  تاوانکارییەکەى نەبوو و هاوسەرەکەی بە ناوی خەدیجە سۆسیال لە ماڵەکەی خۆیاندا بە چەقۆ کوشت.

 تەرمی خەدیجە سۆسیال بۆ توێکاری رەوانەى پزیشکیی داد کرا.

لە ئەسەنلەر ژنێک کوژرا

لە ناوچەى ئەسەنلەری ئیستەنبول ژنێکی تەمەن ٦٨ساڵ بە ناوی نەریمان کڤراک بە چەقۆ لەلایەن کەس، یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

لێکۆڵینەوە لە رووداوە تاوانکارییە دەستیپێکردووە.

کوشتنی ژنان لە تورکیا

لە تورکیای ژێر دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپەدا کوشتنی ژنان رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەکات و رۆژ نییە لە تورکیا ژنێک نەکوژرێت.

بەپێی ئامارەکانی پلاتفۆرمی "ئێمە رێگری لە کوشتنی ژنان دەکەین" لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە تورکیا ٣٠٠ ژن کوژراون و ١٧١ ژنی تریش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

هەروەها بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵی ژن نیوزیش لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە تورکیا ٣٣٢ ژن و ٣٣ منداڵ کوژراون. ١١٠ ژنی تریش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە و دەستدرێژیش کراوەتە سەر ٤٩ منداڵ.

ژ.ت