پاژک: تۆڵەى هاوڕێ سارا بە ئازادیی ژنان دەکرێتەوە!

پاژک کۆمەڵکوژیی پاریسی بە توندی ئیدانە کرد و رایگەیاند، "تۆڵەکردنەوەی هاوڕێ سارا ئامانجی بنەڕەتیی پاژکە. تۆڵەى هاوڕێ سارا تەنها بە ئازادیی هەموو ژنان بەدی دێت!".

دەستەى بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) بە بۆنەى ساڵیادی کۆمەڵکوژیی پاریسەوە راگەیاندراوێکی لەسەر ماڵپەڕەکەیان بڵاوکردەوە

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژ بەوەکراوە، کۆمەڵکوژیی پاریس چووە ٨هەمین ساڵەوە و بە توندی ئیدانەی دەکەن و رایانگەیاندووە، "بەڵێن دەدەین، کە تاوەکو بەرپرسیارانی ئەو کۆمەڵکوژییە سزا نەدرێن، نەک ساتێک راناوەستین، بەڵکو ئێمە لە بەرزترین ئاستدا تێکۆشانی خۆمان بەڕێوەدەبەین و ژیانی ئازاد دەئافرێنین. لە کەسایەتیی هاوڕێ سارادا یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش بە رێز و حورمەتەوە بەرز رادەگرین و بە بڕیاربوون و پێداگریی خۆمان دووبارە دەکەینەوە تاوەکو هێژای یادکردنەوەیان بین".

هێرش لە دژی هاوڕێ سارا، فەرمانی کۆمەڵکوژکردنی هەموو ژنانە

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست بۆ درێژەدان بە هەبوونی خۆی قەیران دروست دەکات و لە هەر قەیرانێکیشدا مرۆڤایەتی ئازار و ژانی گەورە دەکێشێت و راشیگەیاندووە، "هێرش لە دژی هاوڕێ سارا نیشانی دەدات، کە مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست لە کەسایەتیی دەوڵەتی تورکی فاشیستدا هەوڵیدا بە قەیرانێکی نوێ خۆی لە قەیرانەکەى ئێستای رزگار بکات و بۆ ئەوەش زۆرترین هێرش دەکاتە سەر ژنان".

دەستەى بەڕێوەبەریی پاژک ئەوەشی راگەیاند، هێرشی لە دژی ساکینە جانسز پیلانگێڕییەک بوو و راشیگەیاند، "بۆیە رێبەر ئاپۆ هێرش لە دژی هاوڕێ سارا بە هێرشکردنە سەر خۆی زانی. چۆن دوای پیلانگێڕی لە دژی رێبەر ئاپۆ، مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست بە فرسەت و هەلی زانی، کە دڕندەیی خۆی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبکاتەوە، لە رێگەى ئەو هێرشە و دەرەنجامەکانی هەوڵیان دا بواری باڵادەستیی خۆیان دروست بکەن، هێرش لە دژی هاوڕێ سارا بەو شێوەیە ئەنجامدرا. هێرش لە دژی هاوڕێ سارا، فەرمانی کۆمەڵکوژکردن بوو بەرامبەر بە هەموو ژنان. هەر خۆی دوای ئەو هێرشە دیدی هێرش لە دژی ژنان دەستبەکار بوو، لە دژی کولتور و رۆشنبیریی خوداوەندیی گەلان و کۆمەڵگە، لە دژی نەریتە دێرینەکەیان، هەروەها یەک بە یەک لە دژی ژنان پلانی هێرشکردن دانرا و خستیانە کار. کۆمەڵکوژییەکانی سەر ژنان، هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر خاکەکەمان، دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، کوشتن، سوتاندن و توندوتیژی لە دژیان، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ هێرشەکەى دژ بە هاوڕێ سارا نییە".

دەستەى بەڕێوەبەریی پاژک رایاگەیاند، کۆمەڵکوژیی سەر ژنان، هێرشی هاوبەشی سیستمی دڕندەی باڵادەستیی پیاو لە ماوەی ٧ ساڵی رابردوودا نیشانی دا، کە هێرش لە دژی ژنانی بەرخودێر و خۆڕاگری دژ بە فاشیزم و لە دژی هەموو ژنان ئەنجام دەدرێت و بە پاکتاوکردنی ژنان هەنگاوی یەکەم بۆ کۆیلەکردنی کۆمەڵگە هەڵدەگرن.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "بەڵام بەرخودانی ژنان لە دژی ئەو فاشیزمە و باڵادەستیی پیاو، مۆری خۆی لە سەردەمەکە دا، هەموو خەون و خەیاڵەکانی فاشیزمی تێکداوە. جیهان بە دەستی ژنانی بەرخودێر و خۆڕاگر دەگۆڕدرێت. لە پێش هەموانیشەوە ژنانی کورد، کە لەسەر هێڵی هاوڕێ سارا بوونەتە شۆڕشگێڕ، ژنانی جیهان بە ئەزموونەکانی خۆیان جارێکیتر ئەو راستییە دەسەلمێننەوە".

'تۆڵەکردنەوە ئامانجی بنەڕەتیمانە'

لە بەردەوامیی راگەیاندراوەکەدا بە بەرفراوانی باسی کەسایەتیی تێکۆشەری ساکینە جانسز (سارا)، فیدان دۆغان (رۆژبین) و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) کراوە و تیایدا هاتووە، "ئەو هێرشە، هێرشێکی گەورە بوو، کە لە دژی ئیرادەی ئازادیی ژنانی سەر هێڵی رێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا. تێکۆشانێک، کە لە دژی ئەو هێرشە ئەنجام بدرێت، دەبێت تێکۆشانێکی گەورە بێت. تۆڵەی هاوڕێ سارا تەنها دەکرێت بە ئازادیی هەموو ژنان بەدی بێت. ژیانێک، کە هیچ ژنێک تیایدا لەبەر هیچ هۆکارێک نەکوژرێت، بێسەروشوێن نەکرێت، لە ناونەبرێت، خەونەکانیان نەکرێن بە ژێر کۆنکرێت و گڵەوە، ناچار نەکرێن لە راستیی خۆیان دوور بکەونەوە، رێگریی لێ نەکرێت تاوەکو ژیانی ئازاد نوێنەرایەتی بکات، رێگریی لێ ناکرێت تاوەکو ببێتە پێشەنگی ژیان، ئەو ژیانەش ژیانی ئازادە. کاتێک ئەوە بەدیهێنرا ئەو کاتە تۆڵەی هاوڕێ سارا دەکرێتەوە، بۆیە تۆڵەکردنەوەى هاوڕێ سارا بۆ پاژک ئامانجی بنەڕەتییە. بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، مسۆگەرکردنی ژیانی ئازاد و دەستکەوتەکانی ژنان بە هەوڵی گەورە، بەرخودان و پێداگری لە تێکۆشاندا بەبێ راوەستان تاوەکو سەرکەوتن دەبێت.

لە ٨هەمین ساڵی شەهادەتی هاوڕێ سارا، رۆژبین و رۆناهی دا ئێمە یادی شەهیدانی مانگی کانوونی دووەم، پێشەنگەکانمان لە بەرخودانی خۆبەڕێوەبەریی باکووری کوردستان سێڤێ، فاتمە و پاکیزە و هەموو شەهیدەکانمان دەکەینەوە و لە بەرامبەر یادیاندا سەرمان بە خۆشەویستی و منەتەوە دادەنەوێنین. شۆڕشی باکوور بە پێشەنگایەتیی ژنان شۆڕشی هەبوونە. شۆڕشی ئازادی لە باکووری کوردستان، کە بە پێشەنگایەتیی بزووتنەوەى ئازادیی ژن پێکدێت، بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت. فاشیزم لە هەموو هەنگاوێکیدا سەلماندویەتی، کە لە ژن دەترسێت. لەبەر ئەوەش ژنان دەبنە ئامانجی هێرشە فاشیستییەکان، دەستگیر و زیندانی دەکرێن و هەوڵ دەدرێت لە کۆمەڵگە دایانببڕن و گۆشەگیریان بکەن، لە زیندانەکاندا بە هەموو شێوەیەک دەکرێنە ئامانجی کردارە دژ بە مرۆڤایەتییەکان و هەوڵ دەدرێت، کە بکوژرێن. جگە لە گەورەکردنی بەرخودان و بەهێزکردنی بڕیار و پێداگری بۆ سەرکەوتن، ئەو هێرشانە هیچ سوودێکی تریان نابێت. هەر خۆی لەگەڵ ئەو هێرشانەدا ژنان تێکۆشانی کۆمەڵگە گەورە دەکەن، فاشیزم دەترسێنن و دەبنە گەورەترین ترسی باڵادەستیی پیاو".

لە کۆتایی راگەیاندراوکەدا ئەو ژنانە، کە لە باکوور، باشوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان کراونەتە ئامانجی فاشیزم و کوژراون، یادیان بەرز راگیراوە و راشیانگەیاندووە، "ئەو بەڵێن و پەیمانەى بە شەهیدەکانمان داوە دووبارەی دەکەینەوە. ئێمە فاشیزم هەڵدەوەشێنین، ژیانی ئازاد بونیات دەنێنین و بە خۆڵقاندنی ژیانی ئازادی رێبەر ئاپۆ تۆڵەی خۆمان لە هەموو سەردەستەکان دەکەینەوە. بەو تێگەیشتنەوە داوا لە ژنانی گەلەکەمان، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەڕاست و مرۆڤایەتی دەکەین، کە داوای ژیانی ئازاد دەکەن، بە پێشەنگایەتیی حیزبەکەمان پەکەکە و پاژک، بە رۆحی ساڵی نوێی بەرخودان بەشداری هەڵمەتەکەمان بۆ ئازادی ببن، لە هەر شوێنێکدا و لە هەر هەلومەرجێکدا چالاکییەکان گەورە بکەن و فاشیزم و هەموو دامودەزگاکانی هەڵوەشێنن و ژیانی ئازاد بونیات بنێن".

ژ.ت