ژنانی رۆژهەڵات پشتیوانییان لە کەمپەینی "١٠٠ هۆکار" کرد

ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانییان لە کەمپەینی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر" کرد.

ژنانی چالاکوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان بەر ێکخستنی چالاکییەک پشتیوانیان لە کەمپەینی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر" کرد و گوشارەکانی رژێمەکانی ئێران و تورکیایان لە سەر ژنان ئیدانە کرد.

کەمپەینی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر" لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لەلایەن ژنانەوە بۆ داگایکردنی ئەردۆغان دەستیپێکردووە. ژنانی چالاکوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان بە رێکخستنی چالاکییەک پشتیوانییان لە کەمپەینەکە کرد. لە چالاکییەکەدا راگەیاندراویش خوێندرایەوە.

راگەیاندراوەکە لەلایەن فاتمە سەقزییەوە خوێندراوە و تیایدا هاتبوو، "ئێمە وەک بەشێک لە ژنانی چالاکوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ کەمپەینی"١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر". ئێە پشتیوانی لە چالاکیی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی باکووری کوردستان بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ دەکەین. هەروەها لە کەسایەتیی لەیلا گیوڤەن دا، کە لە باکووری کوردستان پێشەنگایەتیی تێکۆشانی ئازادیخوازی دەکات، سڵاو لە هەموو خەبات و تێکۆشانی ژنان دەکەین".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو، لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێرشەکانی سەر چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی نیگەرانیی قوڵی بۆ دروستکردون، کە لەم رۆژانەى دوایدا رژێمی ئێران دەستیکردووە بە دەستگیرکردن و رفاندنی چالاکوانان و ژینگەپارێزان و ئەوەش بە ئامانجی بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایی و ئازادیخوازیی لە ناوخۆی وڵاتدا ئەنجام دەدات.

لە راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەشکرابوو، داوا لە هەموو ژنانی کوردستان و هەرێم دەکەین، کە یەکگرتووانە بە بەرفراوانکردنی چالاکییەکان لە دژی سیاسەتی لەناوبردن و کۆیلەکردن بوەستنەوە و هێزی خۆیان بۆ ژیانێکی ئازاد بخەنە کار.

ژ.ت