لە سلێمانی سیمینارێک لەسەر توندوتیژیی دژ بە ژنان ئەنجامدرا

ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر  ٣ لە شاری سلێمانی  لە گەلەری ئورفە بە دەستپێشخەریی ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە چوارچێوەی هەڵمەتی “ئێمە دەڵێین نا” سیمینارێک لە سەر توندووتیژیی دژ بە ژنان بەڕێوە چوو.

دوای وەستانی خولەکێک رێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان، ئەفسانە مستەفا ئەندامی ژنانی گەنجی تێکۆشەر دەستی بە پێشکەشکردنی سیمینارەکە کرد و ڕایگەیاند: بە پشت بەستن بەو تاوانانەی لە بەرامبەر ژناندا لەم مانگەی رابردودا رویانداوە دەتوانین بلێین کۆمەڵگایەک کە ژن تێیدا بن دەست بێت، گۆمەڵگا خۆشی بن دەستە، توندووتیژی سەر ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا شێوازی جۆراوجۆری هەیە هەموو جۆرەکانی توندووتیژی نەبوونی گۆمەڵگایەکی هۆشیار و بێ پەروەردەیە، ئەم ناهۆشیارییەی لە ناو کۆمەڵگادا هەیە لەو سەردەمەوە سەریهەڵنەداوە، بەڵکو بە هەزاران ساڵە لە ناو کۆمەڵگادا بڵاو بۆتەوە، پێشتر کۆمەڵگا کۆمەلگایەکی دیموکرات و بێ جیاوازی بوو، بەڵام لە کاتی پێشکەوتنی سیستەمی سەرمایەداری چینایەتی و جیاوازی ژن و پیاو هاتە ئاراوە و کۆمەڵگا لە ڕاستینەی خۆی دەرچوو.

ئەفسانە لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: بە داخەوە ئێستا سیستەمی سەرمایەداری وای لە ژنان کردووە کە وەک ریکلام لە سەر جل و بەرگ و سەدان شتی جیاواز وێنەی ژنان بکار بهێندرێت بۆ ریکلام، واتا ژن وەک کالا مامەڵەی پێوە دەکرێت، یەکێکی دیکە لە شێوازی تێکدانی کۆمەڵگا درامای تورکییە، کە تەواو لە شێوازی کلتور و داب و نەرێتی کوردان دوورە و بەو شێوازە دەوڵەتانی داگیرکەر بە تایبەت تورکیا هەوڵی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگای کوردی دەدات بە جۆرێک لە رێگەی پەروەردەکردنی خێزانەوە ھەوڵدەدرێت درێژە بە کلتوری  توندوتیژی بەرامبەر بە ژن بدرێت و تا ئەو ئاستەی پرۆسەی ھاوسەر گیریش بە ئامانجی لە قالبدانی ژن ئەنجام دەدرێت.

ئەفسانە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە هەمو کەس بە تایبەت رێکخراوەکانی بواری ژنان خۆیان زیاتر ماندوو بکەن بۆ ئەوەی زیاتر سیمینار رێک بخەن، تاکەکان هۆشیار بکەنەوە، پەروەردەی خێزانی ساز بکەن دڵنیام بە هەموومان دەتوانین کۆمەڵگایەکی تەندروست بونیاد بنێین.

دوای ئەوەى ئامادەبووان سەرنج و بیروڕای خۆیان لە سەر چەند پرسێک و ئاڵۆگۆڕ کرد، سیمینارەکە کۆتایی پێهات.

ژ.ت