یەژەجەرە: هەر ژنێک بیەوێت ئازاد بێت دەبێت لە دژی گۆشەگیری راپەڕێت

یەکێتیی ژنانی گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەژەجەرە - YJCR) رایگەیاند، بیر و فەلسەفەی ژیانی ئازاد لە ئیمراڵی گۆشەگیرکراوە. داوای لە هەموو ئەو ژنانە کرد، کە دەیانەوێت ئازاد بژین، لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد راپەڕن.

دەستەى بەڕێوەبەریی یەکێتیی ژنانی گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەژەجەرە - YJCR) لەبارەى هەڵمەتی 'ئێمە دەڵێین نا'ی کۆمەڵەکانی ژنانی گەنج راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەیاندا هاتووە، زۆر شت هەیە کە پێی بڵێن نا. ئەمڕۆ ژنان ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانن، لە شەڕدا ژن، بە تایبەت ژنانی گەنج دەکرێنە ئامانج و قوربانی دەکرێن، داگیرکەری و فاشیزم ژنان پاکتاو دەکات، نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لە هەموو جیهاندا ژنان دەکوژرێن، دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و پەلامار دەدرێن.

یەژەجەرە رایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر ژنان ئەنجامی عەقڵییەتی دەسەڵاتی پیاوسالارییە و ئەو هێرشانەش لەو پێناو ئەوەدایە دەسەڵات و سیستمی داگیرکەری بەردەوامی بە خۆی بدات.

لە راگەیاندراوەکەدا، باس لە کوشتنی ژنان، دەستدرێژی و پەلاماردانی ژنان لە ئێران کراوە و راگەیاندراوە، ئەوەش بە شێوەیەکى روون و ئاشکرا سەلمێنەری نایەکسانی و نادادییە بەرامبەر بە ژنان.

'رژێمی ئێران دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک ژنان لە ناو ببات'

یەژەجەرەکە راشیگەیاند "سەرباری ئەوەى رووداوەکانی وەک کوشتن، دەستدرێژی و پەلاماردان لەلایەن پیاوانەوە لە دژی ژنان ئەنجام دەدرێن، دەوڵەتیش ئەو تاوانانە نابیت و چاویان لێدەپۆشێت. ئەگەر ژن لە دژی ئەو کردارە دڕندانانە راپەڕیت، ئەوە ژن بە تاوانبار دەزانرێت و سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئێمە لێرەدا زۆر بە روونی و ئاشکرا ئەوە دەبینین، کە سیستمی دەسەڵاتدار و داگیرکەری ئێران تەنها بۆ ئەویە، کە بەرژەوەندی و دەسەڵاتی پیاو بپارێزێت. بەپێی رژێمی ئێران ژن تەنها بۆ خزمەتکردن و تێرکردنی پیاوە. دەسەڵاتی رژێمی ئێران بە سیاسەتە چەوسێنەرانەکەى دەیەوێت ژنان بە هەموو شێوەیەک لە ناو ببات. لەبەر ئەوەش پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی هەموو شێوازێک، کە دەسەڵاتی خۆی باڵادەست بکات".

'نا بۆ توندوتیژی، بەڵێ بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان'

یەژەجەرە لە بەردەوامیی راگەیاندراوەکەیدا سەرنجی خستووەتە سەر سیاسەتەکانی رژێمی ئێران، کە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر بە ژنان بەڕێوەی دەبات و راشیگەیاندووە "رژێمی ئێران بە شێوەیەکى سەرەکی ئەوە بە گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، ئەگەر ئێوە نەیەنە سەر رێگاکەى من، تاکە رێگای بەردەمتان مردنە. رژێم گەلی بە ئاستێک گەیاندووە، کە ناتوانێت سەر بەرز بکاتەوە. لەلایەکەوە گوشار لە کۆمەڵگە دەکات و لەلایەکی ترەوە گوشاری کۆمەڵگە بۆ سەر ژنان ئاراستە دەکات. بە ژنان دەڵێت، لە یەکێک لە مردنەکان، مردنێک هەڵبژێرە. ژنان لە ئێران هەموو ساتێک لەسەر سندوقی هەڵبژاردنی مردندا راوەستاون. ئەو مافەى کە دەوڵەتی دەسەڵاتدار بۆ ژن دیاریی کردووە، مردن و خۆکوشتنە. ئەگەر ژنێک بەرەنگاری بکات و راپەڕێت و لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی ئێران تێبکۆشێت، داوای مافە ئینسانی و مرۆییەکانی بکات، چ فارس، چ کورد، چ ئازەری و بەلوچ بێت، بەبێ هیچ جیاوازییەک شمشێرە خوێناوییەکەى خۆی بە روویاندا هەڵدەکێشت و بۆ سەردانانەواندنیان بەکاری دەهێنێت.  لەبەر ئەو هۆکارانە و زۆر هۆکاری تر، کە ئامانجیان بێدەنگکردن، کۆیلەکردن، پاکتاوکردن و لە ناوبردنی ژنانە، ئێمە لە یەژەجەرەکە رایدەگەیەنین 'نا بۆ توندوتیژی، نا بۆ زیندان و ئەشکەنجە، نا بۆ برسیکردن و هەژاری، نا بۆ زایەندپارێزی، نا بۆ مەزهەب پەرەستی، نا بۆ یەک رەنگی، نا بۆ سێدارە، نا بۆ کوشتن و پاکتاوکردن، بەڵێ بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان و دیموکراتیک".

'لە دژی گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بێنە ناو ریزەکانی گەریلا'

یەژەجەرە لە کۆتایی راگەیاندراوەکەیدا سەرنجی خستووەتە سەر گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و داوای لە ژنان کرد، کە لە دژی داگیرکەری، فاشیزم، گۆشەگیری و پاکتاوکردن روو بکەنە ناو ریزەکانی گەریلا و لەوبارەیەوە رایگەیاند:

"ئێمە لە بەرامبەر سیستمی پاکتاوکەر و لەناوبەری ژنان بێچارە و دەستەوەستان نابین، وەک ئەوەى رێبەری گەلان رێبەر ئاپۆ بۆ ئێمەى دیاریکردووە، گەلێک ئەڵتەرناتیڤی زۆر و ناکۆتای بۆ ژنان دەستنیشانکردووە تاوەکو ژنان جارێکیتر ژیان بە دەست بهێننەوە. بژاردە و هەڵبژاردنی ئێمە مردن نییە، بەڵکو ژیانە. سیستمی دەسەڵاتدار بۆ ئەوەى فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ، کە فەلسەفەى ژیان و ئازادییە لاواز بکات، گۆشەگیرییەکى رەها دەسەپێنێت. تاوەکو گۆشەگیریی لەسەر رێبەر ئاپۆ بەردەوام بێت، ئەوا سیستمی دەسەڵاتداری داگیرکەر بەردەوامی بە خۆی دەدات و ژنان و گەنجانیش بۆ خۆی دەکاتە قوربانی. دەبێت هەموو ئەو ژنانەى کە دەیانەوێت ئازاد بژین، بە گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ بڵێن نا، لەبەر ئەوەى فیکر و فەلسەفەی ژیانی ئازاد لە ئیمراڵی گۆشەگیر کراوە. ئەو ژنانەى کە روویان لە ئازادییە و دەیانەوێت ژیانێکی سەربەرز و شکۆمەندانەیان هەبێت، پێویستە بەپێی فیکر و رامانەکانی رێبەر ئاپۆ خۆ بە رێکخستن بکەن و تێبکۆشن. لەو چوارچێوەیەدا، بانگەوازمان بۆ هەموو ژنان ئەوەیە، کە بۆ کۆتایهێنان بە داگیرکەری، فاشیزم، گۆشەگیری و پاکتاوکردن بە ورە و رۆحی گەنجێتیەوە راپەڕین و رێگای ژیانی ئازاد و شکۆمەندانە هەڵبژێرن، لەبەر ئەوەش ئێمە دەڵێن، کات کاتی ژیانی ئازاد و گەریلاییە".

ژ.ت