بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان لە کامیارانەوە، لە دوای بڵاوبوونەوەى هەواڵی شەهادەتی ئاکۆ فەتحی (شەوگەڕ چیا) گەریلای پەژاک لە پیلانگێڕییەکدا لەلایەن بە کرێگیراوانی رژێمی ئێران، کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی وڵاتپارێزان بە کۆبوونەوەیان لە شارۆچکەى توبرەریز لە کامیاران بەشدارییان لە پرسەى شەهید شەوگەڕ دا کرد و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەى ئەو شەهیدەی رێگای ئازادیی کوردستاندا دەربڕی.
هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرباری دۆخی تۆقاندن و کەشی ئەمنی، کۆمەڵ کۆمەڵ و بە رەچاوکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، دەڕۆن بۆ ماڵی باوکی شەهید شەوگەر چیا و یادی ئەو رۆڵە قارەمانەى کوردستان بەرز رادەگرن و هاوخەمیی خۆیان بۆ بنەماڵەکەی دەردەبڕن. ئامادەبوونی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە پرسەی شەهید شەوگەر لە دوێنێوە تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە.
شارۆچکەى توبرەریز لە ٣ کیلۆمەتریی باکووری رۆژئاوای شاری کامیاراندایە.
شەوگەر چیا و زاگرۆس مانی دوو گەریلای پەژاک لە ٤ی شوباتی ٢٠٢١ (١٦ی رێبەراندن) لە نزیک شارۆچکەى پێنجوێن لە باشووری کوردستان، لە پیلانگێڕییەکی بە کرێگیراوانی رژێمی ئێران دا شەهید بوون.
ژ.ت