پیلانگێڕیى نوێى میتی تورک لە مێرگەسۆر لە دژی گەریلا شکستى هێنا

میتەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە دواى شکستەکانیان لە چەندین ناوچەى برادۆست و ناوچەکانی شیلادزێ و دێرەلوک ئەمجارە روویان کردووەتە ناوچەى مێرگەسۆر.

 

میتەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە دواى شکستەکانیان لە چەندین ناوچەى برادۆست و ناوچەکانی شیلادزێ و دێرەلوک ئەمجارە روویان کردووەتە ناوچەى مێرگەسۆر تاوەکو هاووڵاتییان لە دژی پەکەکە هان بدەن و لە رێگەى جی پی ئێس-ەوە کاری تیرۆریستى لە دژی هێزی گەریلا ئەنجام بدەن.

دەوڵەتى داگیرکەری تورک دەیەوێت هەر چۆنێک بووە میتەکانى لە باشووری کوردستان زیاتر بڵاوە پێ بکات تاوەکو کاری تیرۆریستى لە دژی گەریلاکانى ئازادیى کوردستان ئەنجام بدەن. بۆ ئەوەش دەیانەوێت لە رێگەى دانانى جی پی ئێس-ەوە کاری تیرۆریستى ئەنجام بدەن.

میتەكانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ئەمجارە چوونەتە سنووری گوندی بەرمیزەی سەر بە ھەرێمی برادۆستی داگیركراو و بە نیازبوون ھەندێك كۆبوونەوە لەگەڵ خەڵکی ئەو گوندە ئەنجام بدەن، بەڵام ھەوڵەكانیان سەركەوتوونەبووە و خەڵكەكە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بە کرێگیراوەکانى دەزگاى سیخوڕیى دەوڵەتى تورک (میت) رەتكردووەتەوە.

ئەو هەوڵەی میتەکانى تورک لە گوندی بەرمیزە لە کاتێکدایە، کونسوڵخانەى دەوڵەتى تورک لە هەولێر ژمارەیەک میتى لە ماوەى ئەم مانگەدا رەوانەی سۆران و سیدەکان کردبوو و بە خەڵكەكەیان راگەیاندبوو، دەبێت دژی ھێزی گەریلاكانی كوردستان بوەستنەوە و گرووپی چەكداریان لە دژ دروست بكەن، بەڵام ئەو هەوڵانەیان شکستى هێناوە و ئەمجارە بۆ قەرەبووی شکستەکەیان چوون بۆ مێرگەسۆر و گوندی بەرمیزە و دەورووبەری تاوەکو پلانێكی نوێی تیرۆریستى و داگیرکەرانە دابڕێژن، بەڵام ئەمجارەش بەهۆی هەڵوێستى بەرزی  هاووڵاتییانەوە ئەو هەوڵەشیان شکستى هێنا.

سەرباری ئەوەى ژێمى فاشیستى ئاکەپە بە سەرۆکایەتیى ئەردۆغان هەموو رێگاکانی سیخوڕی، هەواڵگری، چاودێریى ئاسمانى، ئۆپەراسیۆن و بۆردومان لە دژی هێزەکانى ئازادیى کوردستان بەکار دەهێنێت و هەموو رۆژێک بڕیارێکى فاشیانەى نوێ لە دژی گەلی کورد دەردەکات و پارەیەکى زۆر بۆ پلانەکانى خەرج دەکات، بەڵام بەھۆی ئەوەی دەوڵەتە یەک لە دواى یەکەکانى تورکیا زوڵم و ستەمیان لە گەلی کورد كردووە، هەموو پیلانگێڕی و هەوڵەکانیان شكست دەھێنێت.

بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ھەواڵی فورات (ANF) میتەكانی توركیا لە باشووری كوردستان دوو مانگ جارێك، یان مانگێك جارێك پلانی نوێ لە دژی گەل کورد دادەڕێژین و لە رێگەى بەکرێگیراوەکانیانەوە کار بۆ ھاندانی خەڵکی باشوور لە دژی پەكەكە دەکەن.

پیلانگێڕییەکانى میتی تورک لە ژێر ناوى جۆراجۆردا بەڕێوەدەچن. بۆ نمونە لە ماوەکانى رابردوودا بە پاساوی رووماڵ و کاری رۆژنامەنووسی لەبارەى شوێنى بۆردومانەکانى سوپاى تورکەوە چەندین میتی رەوانەى ناوچەکە کردبوو. بە ناوی سەرژمێرییەوە خواستبووی زۆرترین زانیاری لەبارەى هاووڵاتییان و دانیشتوان و وردەکاریى ناوچەى برادۆستەوە کۆبکاتەوە. هەندێکجاریش لە رێگەى پێدانى راستەوخۆی پارە و چەک بە کەسانێک و هاندانیان بۆ دروستکردنى گروپى چەکدار لە دژی گەریلاکانى ئازادیى کوردستان دەیەوێت داگیرکەرییەکەى و کارە تیرۆریستییەکان لە باشووری کوردستان بەرفراوانتر بکات. یەکێکى تر لە کارەکانیان ئەوەیە هاووڵاتییان لە دژی هێزەکانى ئازادیى کوردستان هانبدەن و بۆ ئەوەش لە شیلادزێ، دێرەلوک و ناوچەکانى برادۆست چەندین کۆبوونەوەیان بە خەڵک و ئەنجوومەنەکان و کەسایەتییەکان ئەنجام دابوو. ئەمجارەش دەیانەوێت لە رێگەى جی پی ئێس و کاری سیخوڕییەوە کردەوەى تیرۆریستى لە دژی هێزەکانى ئازادیى کوردستان ئەنجام بدەن.

سەرباری ئەو هەوڵە چڕوپڕانەى دەوڵەتى داگیرکەری تورک و میتەکانی، بەڵام  بەڵام ھەموو جارێک تووشی شكستێکى قورسی ئابڕوبەرانە دەبن و لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە ناوچە جیاجیاکان دەردەکرێن و هاوکارى ناکرێن. لەبەر ئەوەش میتەکان سەریان لێشێواوە نازان چی بکەن، چونکە بە ئەنجامدانى ئەو ژمارە زۆرە ئۆپەراسیۆن و بۆردومانى بەردەوام و چاودێریى ئاسمانى لەلایەن فڕۆکە سیخوڕییەکانیانەوە و دروستکردنى چەندین بنکەى سەربازی نەیانتوانیوە هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنن.

سوپاى تورکی داگیرکەر بەهۆی هێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانییەوە زیانێکى زۆری بە هاووڵاتییانى ناوچە جیاجیاکانى باشووری کوردستان گەیاندووە و چەندین هاووڵاتى بەهۆی بۆردومانەکانەوە کۆمەڵکوژکراون و شەهیدبوون. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە بە بەردەوامى لەلایەن هاووڵاتییان، نیشتمانپەروەران، ئازادیخوازان، دیموکراسیخوازان و خاوەن ویژدانەکانەوە بەرەنگاریى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و سوپاکەى و میتەکانى و هاوکارەکانى بکرێت.

***

***

***

***

***

 

ر.م