لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی مۆسکۆ فیلمێکی کوردیش نمایش کرا
فیلمی کوردی " وەرزی نان" کە چیرۆکی بنەماڵەیەکی شاری ئامەد دەگێڕێتەوە، لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی مۆسکۆ نمایش کرا.
فیلمی کوردی " وەرزی نان" کە چیرۆکی بنەماڵەیەکی شاری ئامەد دەگێڕێتەوە، لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی مۆسکۆ نمایش کرا.
لە مۆسکۆ لە ١٧ی نیسان هەتا ٢٤ی نیسان ٤٧ـەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی مۆسکۆ بەڕێوە دەچێت، ئەم فێستیڤاڵە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٥بە بەڕێوەبەری سەرگێی ئێزنشتاین بەڕێوەچوو و لە ساڵی ١٩٥٩ هەتا ئێستا هەموو ساڵێک بە جۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لێدەکرێت، لە وڵاتانی جیاوازەوە فیلمەکان بۆ فێستیڤاڵەکە هەڵدەبژێردرێن.
هەروەها لە بەرنامەی فێستیڤاڵی ئەمساڵدا، فیلمێکی کوردی بە ناوی "وەرزی نان"، کە لەلایەن دەرهێنەرانی کورد ئەمیر حەسەنپوری و ئەنوەر حەسەنپوریەوە بەرهەم هێنراوە، یەکێک لەو بەرهەمانە کە لە بەشی کێبڕکێی پلاتفۆرمەکەدا نمایشکرا.
ئەنوەر حەسەنپوری سەبارەت بە فیلمەکە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات( ANF)قسەیکرد و وتی: "ئەم فیلمە لەسەر ڕەنجی لەدەستچووی ژنانی کوردی بەرهەم هاتووە، چونکە ژنانی کورد کەسانیکن کە هەموو هەوڵێک دەدەن هەتا ژیان لە ڕێڕەوی خۆیدا لەسەر پێ بمێنێ و بەردەوام بێت."
هەروەها ئەمیر حەسەنپووری وتی: "بەو هیوایەین کە بتوانین ئەم فیلمە لە ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات, باشوور و باکووریش نمایش بکەین. دەمانەوێت فیلمی "وەرزی نان" لە عەفرین و کۆبانی بە تایبەت پەخش بکرێت. لەبەر ئەوە فیلمەکە چیرۆکی گەلی کورد لە خۆدەگرێت."
جێی ئاماژەیە فیلمی "وەرزی نان" یەکێکە لەو ١٣ فیلمەی کە لە بەشی کێبڕکێدا بەشدارییان کردووە.