ترەمپ دەرگای شەڕە بۆ ئەردۆغان

ئەردۆغان ئەو ڕۆژەی پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد بە هۆی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردندا بە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، هەر ئەو ڕۆژە سەودا و بازرگانی لەسەر کوردان و یەپەگە کرد.

لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا ترەمپ ڕایگەیاندبوو شەڕ ڕادەگرم. ئەمەش لە ئەنجامی پلاندانانی هەڵبژاردنەکان بوو بۆ ئەوەی پشتگیری ڕای گشتی بەدەست بهێنێت و وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت. ئەم بانگەشەیە چەندە قووڵە و چەندە واقیعێکی پراکتیکییە، دەبێت لە داهاتوودا لێی بڕوانێن و دەبینرێت. بەڵام، جگە لە ترەمپ، کەسێکی دیکە هەیە کە پێی خۆش بوو ترەمپ هەڵبژێردرێت. ئەم کەسەش ئەردۆغان بوو. ئەردۆغان چاوەڕێی ئەوە ناکات ترەمپ کۆتایی بەم شەڕانەی بهێنێت کە دەستی پێکردووە. بەپێچەوانەوە ئەم داگیرکارییانە پێشتر و لە سەردەمی دەسەڵاتی ترەمپ و بە پشتیوانی ئەو ئەنجام دراون، هێشتا لەو هیوایەدابوو بۆ گۆڕەپانی داگیرکاری نوێ دەرگاکانی بۆ واڵا بکرێتەوە.

ئەردۆغان وا نیشانی دەدات کە کەسێکی ئاشتیخوازە. دەڵێت با جیهان لە ئارامیدا بژێت. دەیەوێت کۆتایی بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، ڕووسیا و ئۆکرانیا بهێندرێت. بەڵام، یەک شت هەیە، با کۆتایی بەم شەڕانە بهێندرێت بەڵام بۆ ئەوەی من کوردان تێکبشكێنم دەرگام بۆ واڵاکەن. کوردان گرێدراوی ئەم جیهانە نەبن و نەیانگرێتەوە. بۆئەوەی کوردان لە مێژوودا لەبیر بکرێن هەرگیز بیری لە پەیوەندییەکی مرۆڤانە و ئاشتیانەی بۆ کوردان نەکردووەتەوە.

جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گرنگییەکی ئەوتۆی بە ئەردۆغان نەدا. لە کاتی سەرۆکایەتییەکەیدا، ئەردۆغان بانگهێشتی ئەمریکا نەکرابوو. ئەوان لەگەڵ ناتۆ، پشتیوانی شەڕی وێرانکارییان لەدژی پەکەکە کرد. بەڵام بە تەواوی پشتیوانیان له داگیرکارییەکانی سەر ڕۆژئاوا نەکرد. شەرمەزاری بۆردوومانی گۆڕەپانە ژیانییەکانیان کرد کە لەلایەن ئەردۆغانەوە ئەنجام دەدران. لە لایەکەوە ئەوەیان هەڵبژارد کە کوردان پەیوەست بکەن بە خۆیانەوە و لە لایەکی دیکەشەوە هاوسەنگی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا هەڵبژارد.

کاتێک ئەردۆغان بە هۆی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد، دەربارەی کوردان و لەسەر یەپەگە سەودا و بارزگانی دەستپێکرد. دەڵێت با کۆتایی بە شەڕی جیهانی بێت، بەڵام با شەڕ لە دژی کوردان بەردەوام بێت بۆئەوەی هەرگیز چاوییان بە ڕووناکی نەکەوێت. پشتگیری بدەنە ئۆپراسیۆنە وێرانکارییەکانم لە دژی کوردان. ئەو کارەم بۆ ئاسان بکەن کە تانوانم بە تەنها بیگەیەنم بە ئەنجام. سیاسەتە کۆمەڵکوژییەکانم پەسەند بکەن.

دوای هەڵبژاردنی ترەمپ، ئەردۆغان بە دەنگی بەرز لە وتارەکەیدا لە 10ی تشرینی دووەمدا ڕایگەیاند، هەموو ئەو ناوچانەی لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ماوە، داگیری دەکەم و کۆتایی بە هەبوونی کوردان دەهێنم. جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە دەرەوە، بۆ پاراستنی سنوورەکانی و بەهێزکردنی ئاسایشی وڵاتەکەی. هەرگیز ڕێگە نادەن وڵاتێکی تر لە باشووری سنوورەکانیان دامەزرێت. "هەموو ئەو ناوچانەی داگیر نەکراون، داگیرییان دەکەین و ئاسایش لە هەرێمەکەدا دەچەسپێنین." پێشتر هێزێکی زۆریان لە باشووری کوردستان جێگیر کردووە کە لە سنووری ناوچەی ئەمنی عێراقدایە و هێرشەکانیان بەردەوامە.

ئەو ناوچەیەی ئەردۆغان بە ڕێڕەوی تیرۆر و ناوچەی تیرۆر ناوی دەبات، ئەو ناوچەیەیە کە کورد تێیدا دەژی، بەگشتی لەو جوگرافیادان کە سنوری تورکیای تێدا جێگر کراوە. ئامانجی تورکیا ئەوەیە بە دەرکردنی کوردان لە ناوچەکە کۆتایی بە هەبوونی ڕۆژئاوای کوردستان بهێنێت. بە واتایەکی تر دەیانەوێت لە ڕێگەی قڕکردن و ستەمەوە ئەو ناوچانە بە کوردان چۆڵکات. دەیەوێت لەو ناوچانە هەمان ئەو کارانە بکات کە لە عەفرین و سەرێکانی کردوویەتی. عەفرین نموونەیەکی بەرچاوە لەم ڕووەوە، گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافی بە گواستنەوەی ژمارەیەک لە عەرەب و خەڵکی دیکە بۆ ئەو ناوچانە کە زۆرینەی دانیشتووانی کورد بوون، پێکهاتەی دیمۆگرافی گۆڕا. لە سەرێکانی کوردی نەهێشت. لە شوێنەکانی تریش کورد کە ژمارەکەی کەمە وەک دیل تەماشا دەکرێت.

زمانی ئەردۆغان زمانی بڵاوکردنەوەی ژەهرە لەسەر کوردان. زمان و عەقڵێتێکە لەسەر توندوتیژی و وێرانکاری بنیات نراوە. دەڵێت، پێویستە لە ڕێگەی دانوستانی دیپلۆماسی و میتۆدی سیاسی ڕێگەچارە بۆ کێشە و شەڕەکانی جوگرافیای دوور بدۆزرێتەوە. بەڵام کاتێک باسەکە دێت سەر بابەتی کورد جگە لە تیرۆر هیچی تر ناڵێت. کێشەی مێژوویی ٢٠٠ ساڵ لە چەمکی تیرۆردا پێناسە دەکات. ئەوان دەیانەوێت ئەمە بەسەر جیهاندا بسەپێنن وەک چۆن بەسەر تورکیادا سەپاندوویانە. لە جیهاندا لەگەڵ هیچ کەسێکدا باسی پرسی کورد ناکەن. نایانەوێت ببێتە ڕۆژڤ. سەرەڕای ئەوەی دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، هەزاران گوند سووتێنراون و ملیۆنان کەس لە زەوی و زارەکانیان ئاوارە بوون، نکۆڵی لەم حەقیقەتە دەکەن. دەڵێن ئێمە تەنها دژی تیرۆر دەجەنگین.

دیارە ئەردۆغان گۆڕانکاری لە ئیدارەی ئەمەریکا دەقۆزێتەوە و هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا زیاد دەکات. ماوەیەکی زۆرە خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن. لە هەرێمەکەدا ڕاهێنان بە دەیان هەزار چەکدار دەکەن و بە گوێرەی بڕیار و ئامادەکاری شەڕ جێگیر کراون. بەم دوایانە سەرۆکی ئەو چەتانە براونە هەولێر و لەگەڵ بارزانییەکاندا کۆبوونەوە. چونکە بارزانییەکان پایەیەکی نەهێشتن و تەسفییەکردنی ڕۆژئاوان. بۆ گەمارۆدانی ڕۆژئاوا، لێدانی خەندەق، بۆ ئەوەی  لە چەندین لاوە ئەم هێرشە ئەنجام بدرێت، پێویستە دیوی باشوور چالاک بکرێت.

ئێستا جگە لە شەڕی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە. دەوڵەتی تورکیا دەستی کردووە بە پڕوپاگەندە بۆ شەڕەکە و ڕای گشتی بۆ ئامادە دەکات. پێویستە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە پێی ئەم ڕاستیانە خۆیان ئامادە بکەن. پێویستە بەردەوام لە ناوەوە و دەرەوە ڕای گشتی ئاگادار بکرێتەوە. پێویستە چالاکیی دیپلۆماسی لە ئاستی سەفەربەرییدا ئەنجام بدرێت. دەبێت ئیدارەی خۆسەر بە پێی واقیعی شەڕ خۆی ئامادە بکات و بە شێوەیەکی خێرا کارەکانی دەستپێکات بۆ ئەو قۆناغەی لە پێشیدایە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی ڕوناهی