شەڕی نێوان حەماس – ئیسرائیل و ئیسرائیل – لوبنان کاریگەریەکی بەرفراوانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی داناوە. لە هەمان کاتدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لەسەر خاکی سوریا بەردەوامە. دیمەشق پایتەختی سوریا زۆرجاران لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج. هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بەبێ پچڕان دژی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە.
ئەندامی دیوانی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، فۆزا یوسف، هەڕەشەکانی سەر ناوچەکە و ڕووداوە سیاسی و چالاکییە سیاسی، دیپلۆماسی و پاراستنەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای هەڵسەنگاند.
فۆزا یوسف ڕوونیکردەوە، دەوڵەتە هەژموون و دەسەڵاتدارەکان، کە ناوەندی شەڕی جیهانیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەبەن، بە پێی بەرژەوەندییەکانیان کار دەکەن و بەم شێوەیە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ شەڕێکی گەورە لە هەموو ناوچەکانی جیهان لەئارادایە. ئەم ئاڵۆزی و پێکدادانانە زۆرترین کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. ٢٠٠ ساڵە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەندی شەڕی دەسەڵات و بەرژەوەندیە. لە هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک هەر چوار پارچەی کوردستان شەڕێکی گەورە لە ئارادایە. نزیکەی ١٤ساڵە شەڕێکی گەورە لە سوریا بە گشتی و بەتایبەتی لە دژی ڕۆژئاوا بەردەوامە. شەڕی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە زانابوون هەڵبژێردراوە. هەتا چارەسەرێکی سیاسی بەگوێرەی بەرژوەندی گەلانی هەرێمەکە ڕوونەدات، ناتوانین باس لە چارەسەری هەمیشەیی بکەین. کێشەئ ئەمنیەت و ئاسایشی هەرێمەکە زیادیان کردووە. ئەم شەڕە کە لە لوبنان بەردەوامە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەردەکەوێت کە کاریگەری لەسەر خاکی سوریاش داناوە. دەکرێ بڵێین هێزە هەژموون و بەرژوەندخوازەکان سوریایان کردووە بە هێڵێکی ئاگر. ڕۆژئاوای کوردستانیش لە ناوەندی ئەو ئاگردایە، سوریاش هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێ لە سنوورەکانی تورکیا و عێراقەوە نزیکە. هەر دوو وڵاتیش بەردەوام لەلایەن سەربازییەوە و دەسەڵاتدارییەوە بە دوورن له هەر جۆرە چاره سەرییەک و سیاسەتەکانیان بەرامبەر بەگەلی کورد دوژمنکارانەیە. بە تایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوام سیاسەتی شەڕ و ململانێ بەکار دێنێ. هەڕەشەکانی تورکیا، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدوای خۆیدا دێنێ. هەندێک لە دەوڵەتانی هەژموونخواز و پیلانگێڕ لە ڕاگەیاندنەکانیاندا باس لە ئامادەکارییەکانی هێزی پاراستنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن. ئەو کەسانە هێرش بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نابینن و بە جۆرێک ڕێگە بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک دەدەن. ئەگەر بمانەوێت ئاشتییەکی هەمیشەیی بەقەرار بێت، پێویستە خۆمان بۆ شەڕیش ئامادە بکەین. بۆیە پێویستە هێزی خۆپاراستنمان بە هێز بکەین."
'هێزەکانی خۆپاراستنمان بۆ پاراستنی گەلەکەمان لە ئامادە باشیدایە'
فۆزا یوسف جەختی لەسەر ڕێبازەکانی خۆپاراستن کردەوە و وتی: "هەروەک چۆن هێزەکانی ئاسایش و پاراستنمان قەسەدە، یەپەگە، یەپەژە و هەپەجە بەرامبەر هەر ئەگەرێکی هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانمان لە ئامادەباشیدان. پێویستە ئامادەکارییەکان بەهێزتر بکرێت هەروەها پێویستە گەلەکەمان شانبەشانی هێزەکانی خۆپاراستن بەشداربن و پێکەوە وڵاتەکەتان بپارێزن، پێویستە هەموو گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆیان وەک ئازادیخواز ببینن و لەسەر ئەو بنەمایە ئەرکی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، چونکە پاراستنی ڕەوا مافێکی سروشتیە. وەک دەبینین هەموو وڵاتێک هێزی بەرگری و ئەمنی خۆی هەیە ئێمەش وەک گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەزموونمان لە شەڕی هەرێمەکانماندا بەدەستهێناوە و دەتوانین بەرگری لە خۆمان و گەلەکەمان بکەین. لە بەرامبەر هەر هێرش و توندوتیژییەک کە دژی ئێمە ئەنجام بدرێت بە سایەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ یەکێتی خۆمان دەپارێزین، ئەم ئیرادەیەی گەلانی ڕۆژئاوا چەتەکانی داعش و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی تێکشکاند. بزووتنەوە و هێزەکانمان بە شێوەیەکی لێهاتوانە لەسەر بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆیان پەروەردە دەکەن. هەروەها پێویستە کۆمەڵگاکەمان بە ڕۆحی بنیاتنانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی خۆیاندا تێکۆشانی خۆپاراستنیان بەڕێوە ببەن."
'شەڕی هەرێمەکە لە بەرژەوەندی دەوڵەتانی داگیرکەر و تاوانکارە'
فۆزا یوسف لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەم شەڕەی کە دەکرێت شەڕی دەسەڵات و هێزە هەژموونخوازەکانە، ئیسرائیل هەوڵ دەدات شەڕی خۆی لە دژی حیزبۆڵا بەرەو سوریا ڕابکێشێت، لە لایەکی دیکەشەوە ئێران هەوڵ دەدات بە ناردنی هێزی زیاتر بۆ سوریا پەرە بە شەڕ بدات، ئێران لەم ماوەیەدا هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە حەسەکە، ئێمەش وەک گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتیوانی کەس ناکەین، چونکە ئەم شەڕە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە ئەم شەڕە کە ئێستا دەگوزەرێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دەوڵەتانی داگیرکەرە بەڵام کاتێک شەڕ لە ناوچەکە کەوتەوە، پێویستە پێش هەموو شتێک خۆمان و بەرژەوەندی گەلەکەمان بپارێزین وەک خەباتکاران و ئەندامانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەڵوێستێکی ڕوونمان هەیە.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵ دەدات شەڕ و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکار بێنێت و هەوڵ دەدات باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە گشتی داگیر بکات و دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت، هەروەک چۆن سەرێکانی، گرێسپی و عەفرینی داگیرکرد. ئەگەر ئەم شەڕ و گرژییانە بە هەر ئاراستەیەکدا زیاد بکەن، کاریگەری لەسەر هەرێمە ئازادکراوەکانیش دەبێت. هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی لە شارەکانی سوریا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدا دەژین، ڕوودەکەنە هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بۆئەوەی کاریگەری نەکەوێتە سەر هەرێمەکانمان، پێویستە چارەسەرێکی سیاسی لەبەر چاو بگیردرێت. روانگەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەو بارەوە زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە یەکڕیزی گەلانی سوریادا. بەڵام حکومەتی دیمەشق خۆی لەو گفتوگۆانە بەدوور دەگرێت. ئێمە لێرەدا دووبارە ئەم پەیامە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دووبارە دەکەینەوە و ئێمە وەک گەلانی هەرێمەکە پێویستە یەکڕێزی خۆمان بەهێزتر بکەین و لەبەرامبەر هەر جۆرە ئەگەر و شەڕ لەداهاتودا دەبێت یەکێتی خۆمان بەهێزتر بکەین."